هەڵەبجەییەكان بایكۆتی یادی كیمیاباران دەكەن



هاووڵاتییانی هەڵەبجە بایكۆتی یادی ۳٥ ساڵەی تاوانی كیمیابارانی شارەكەیان دەكەن و لە ڕۆژی 14ی ئەم مانگە خۆپیشاندان دەكەن.

وەكو خۆیان ئاماژەی پێدەكەن، گرفتی چارەسەرنەكردن و پشتگوێ‌ خستنی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی و دواخستنی ڕێكارەكانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە و كەمی و نەبوونی خزمەتگوزارییەكانی دیكە لە شارەكەدا، هۆكاری بایكۆت و خۆپیشاندانیانە.

ئێوارەی ئەمڕۆ كەسوكاری شەهیدان و مامۆستایانی ئاینی و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی بایكۆتی یادی كیمیابارانی شارەكەیان دەكەن.

سەرۆكی كومەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە ڕایگەیاندووە، ئێوارەی ئەمڕۆ زۆرینەی كەسوكاری شەهیدان و مامۆستایانی ئاینی و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی بڕیارماندا كە بایكۆتی یادی 16/3 ی كیمیابارانی هەڵەبجە بكەین.

لوقمان عەبدولقادر،سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، دوای ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی ڕاوێژكاری لە نێوان چین و توێژە جیاوازەكانی هەڵەبجە لە كەسوكاری شەهیدان و مامۆستایانی ئایینی و چالاكوانان و تۆڕی ڕێكخراوەكانی هەڵەبجە و كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە بڕیارماندا كە بایكۆتی یادی ۳٥ ساڵەی تاوانی كیمیابارانی هەڵەبجە بكەین.
دەشڵێت، هەر لەوكۆبوونەوەیدا بڕیارماندا كە ڕۆژی 14ی ئەم مانگە خۆپیشاندانێكی جەماوەری لە شاری هەڵەبجە ئەنجام بدەین ئەوەش بەمەبەستی چەند داواكارییەكی تایبەت بە هەڵەبجەو كەسوكاری شەهیدان.

ئاماژەی بە ئەوەشكرد، “بڕیارمانداوە كە وەك كەسوكاری شەهیدان بەشداری ئەو یادە نەكەین كە لەلایەن حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەڵەبجە بۆ یادی كیمیاباران ئەنجام دەدرێت، بەڵام وەك كۆمەڵەی قوربانیان پێدەچێت چالاكی تایبەت بەخۆمان هەبێت لەو ڕۆژەدا.

سەبارەت بە دۆخی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی لوقمان عەبدولقادر وتی، دۆخیان زۆر خراپە لەبەر ئەوەی كەتەرخەمی هەیە لە چارەسەركردنیاندا لەلایەن ئیدارەی خۆجێی پارێزگای هەڵەبجەوە و كارەكان كرچوكاڵن، بریندارەكان پێویستیان بە چاودێری بەردەوام هەیە.

دەشڵێت، چوار بەركەوتووی چەكی كیمیایی لە وڵاتی ئێران نەشتەرگەریی چاندنی گلێنەی چاویان لە وڵاتی ئێران بۆ كراوە، بەڵام سیانیان بیناییان لەدەستداوە، چونكە تەنها بڕە بودجەیەك دابین كراوە و ئاماچ نەكراوە بەوەی كە ئەو نەخۆشە پێویستی بە چاودێریكردن و سەردانكردنەوەی دكتۆر هەیە.

شاندێكی هەرێم دەچنەوە بەغدا
پێشت شاندێكی هەرێم دەچنەوە بەغدا
هاتووچۆی سلێمانی ئامادەكاری جەژنی نەورۆزی راگەیاند
دواتر هاتووچۆی سلێمانی ئامادەكاری جەژنی نەورۆزی راگەیاند
ەیوەندیدار