شاندێكی هەرێم دەچنەوە بەغدا


“بابەتی ناردنی ٤٠٠ ملیارەكە گرفتێكی گەورەی لەبەردەمدا نەماوە”

لە درێژەی گفتوگۆكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی، وا بڕیارە ئەمڕۆ یەكشەممە، ١٢ی ئاداری ٢٠٢٣، شاندێكی فەرمیی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات. وتەبێژی حكومەتی هەرێمیش ڕایدەگەیەنێت “پڕۆژەیاسای نەوت و گازی فیدراڵی كۆمەڵێك كێشە لە نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق چارەسەر دەكات”.

د. جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە پێگەی فەرمیی حكومەتی ڕاگەیاند: “ئەمڕۆ شاندی هەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پڕۆژەیاسای نەوت و گازی فیدراڵی، سەردانی بەغدا دەكات. شاندەكە لە وەزیری داد و سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و ستافی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و كەسانی شارەزا لە وەزارەتی داد پێكدێن. ڕۆژی دووشەممە ١٣ی ئاداری ٢٠٢٣، دەست بە كۆبوونەوەكان لەسەر ڕەشنووسی یاسای نەوت و گاز دەكەن كە یەكێكە لە بابەتە گرنگەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و پێویستە لە ماوەیەكی دیاریكراودا تەواو بكرێت”.

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەشڵێت: “ئەم پڕۆژەیاسایە كۆمەڵێك گرفتی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا لەو بواری وزەدا چارەسەر دەكات. بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان وەكوو هاوبەشێكی ڕاستەقینە لە دروستكردنی ئەو بڕیارانەی پەیوەستە بە پیشەسازیی نەوت لە عێراق، بەشێوەیەكی كارا بەشدار بێت، هەروەها بۆ ڕێكخستنەوەی ئەو كەرتە چ لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی هەردوو لا گرنگی هەیە. بێگومان لە كۆتاییدا دەبێت ئەم پڕۆژەیە ڕەنگدانەوەی ڕێككەوتنی هەردوو لا بێت. ئەوە نەك هەر بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵكوو بۆ هەموو خەڵكی عێراق دەستكەوتێكی گرنگە”.

لەبارەی ڕێوشوێنی جێبەجێكردنی پڕۆژەیاساكە، د.جوتیار عادل دەڵێت: “ڕێككەوتن كراوە كە هەردوو لا پێكەوە ڕەشنووسەكە بنووسن، تا ڕاددەیەك لەسەر پرەنسیپە گشتییەكان ڕێككەوتن كراوە، بەڵام وردەكارییەكان زۆرن، هەر لەم چوارچێوەیەدا گفتوگۆكان بەردەوام دەبن. ئێمە چاوەڕێ دەكەین لە ئایندەیەكی نزیكدا، ئەنجامی هەبێت؛ ئومێدەوارین بڕوابوون بە هاوبەشی و پشتبەستن بە دەستوور و ئەو ڕێككەوتنەی لە كارنامەی كابینەی محەمەد شیاع سوودانی هەیە، لەو پڕۆژەیاسایەدا ڕەنگ بداتەوە”.

لەبارەی پڕۆژە یاسای بودجەی حكومەتی فیدراڵی د.جوتیار عادل دەڵێت: “پڕۆژەی یاسای بودجە دوای گفتوگۆیەكی دوور و درێژ لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی، ئەوەی كە پێویست بوو، وەكوو شایستە و مافی هەرێمی كوردستان‌ گفتوگۆی لەسەر كراوە؛ ئەو پڕۆژەیەش كۆمەڵێك كێشە لەنێوان هەردوو لادا چارەسەر دەكات؛ حكومەتی فیدراڵی ماوەیەك‌‌ بودجەی نەبووه،‌ ئەوەش كاریگەری لەسەر ئاستی پەیو‌ە‌ندییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە كە پێویستە بۆ دەستنیشانكردنی پشكی هەرێمی كوردستان پشت بە سەرژمێری ببەستێت. هەندێك ئەنجام دەستكەوتی باش بوون بۆ هەرێمی كوردستان، وەكوو هەژماركردنی مووچەی پێشمەرگە و پشتیوانیی هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەە‌ی خەرجی سیادی و دیاریكردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە خەرجی حاكمە. بابەتی ناردنی ٤٠٠ ملیارەكەش گرفتێكی گەورەی لەبەردەمدا نەماوە و بەمنزیكانە ئەو پارەیە بۆ هەرێمی كوردستان دەنێردرێت”.

 

مەسرور بارزانی: ئه‌گه‌ر هاووڵاتیان پارەی كارەبا بدەن، كاره‌با 24 كاتژمێر دابین ده‌كه‌ین
پێشت مەسرور بارزانی: ئه‌گه‌ر هاووڵاتیان پارەی كارەبا بدەن، كاره‌با 24 كاتژمێر دابین ده‌كه‌ین
هەڵەبجەییەكان بایكۆتی یادی كیمیاباران دەكەن
دواتر هەڵەبجەییەكان بایكۆتی یادی كیمیاباران دەكەن
پەیوەندیدار