ئێران ئامانجی كۆكردنەوەی هێزە زۆرەكەی لە سنوورەكانی هەرێم ئاشكراكرد



خەڵك-

فەرماندەیەكی باڵای سوپای پاسداران، ئامانجی كۆكردنەوەی هێزێكی زۆری لەسەر سنوورەكانی هەرێمی كوردستان ئاشكراكرد.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران لە زاری محەممەد پاكپوور فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسدارانەوە بڵاویكردەوە، “گواستنەوەی ئەو هێزە بۆ سەر سنوورەكانی هەرێمی كوردستان، بە مەبەستی بەهێزكردنی سنوورەكانمانە و نامانهەوێت مۆڵەت بدەین كە گرووپە ئۆپۆزیسیۆنە دژبەرەكانی ئێران لەو سنوورانەوە دەربازی خاكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ببن”.

لەگەڵ تووندبوونەوەی ناڕەزایەتییە ناوخۆییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و بۆردوومانی بنكەكانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان لەناو خاكی هەرێمی كوردستان و هەڕەشەكانی تاران، سوپای پاسداران هێزێكی زۆری لە سنوورەكانی هەرێم كۆكردووەتەوە.

سەرچاوەكانی هەواڵ باس لە ئەوە دەكەن، كۆكردنەوەی ئەو هێزە بە ئامانجی هێرشكردنەسەر هەرێمی كوردستانە، بەڵام ئەو فەرماندەی سوپای پاسداران دەڵێت “كۆكردنەوەی هێز بە ئامانجی پارێزگاری لە سنورەكانە”.

لای خۆیەوە كاوە بەهرامی بەرپرسی ناوەندی هێزی پێشمەرگەی كوردستان- حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بۆ دەنگی ئەمریكا ڕایگەیاند “ئێران بە چەكی جۆراوجۆرەوە هێزی هێناوە بۆ سنوورەكانی كوردستان و دەیەوێت هەم خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان سەركوت بكات و هەمیش ببێتە هەڕەشەیەك بۆ هەرێمی كوردستان.”

دەشڵێت “بە درێژایی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان و ڕۆژهەڵاتی كوردستان هەر لە ناوچەی مەریوان و بانە تا دەگاتە سەقز، سەردەشت، پیرانشار و شنۆ و تەواوی سنوورەكان ئێران هێزی زۆری بۆ هێناوە”.

كۆبوونەوەی ساڵانەی كۆنگرەی نەتەوەیی بەڕێوەدەچێت
پێشت كۆبوونەوەی ساڵانەی كۆنگرەی نەتەوەیی بەڕێوەدەچێت
“عەشقی ئۆنلاین”… خانمێک دەکاتە قوربانی و ئەندامەکانی جەستەی دەدزرێت
دواتر “عەشقی ئۆنلاین”… خانمێک دەکاتە قوربانی و ئەندامەکانی جەستەی دەدزرێت