مەیلی سووریا و توركیای تووڕەكرد



سەردانە كتوپڕەكەی مەیلی بۆ ڕۆژئاوای كوردستان پەیامێك بوو بۆ نەیارانی ئەمریكا

سەردانی سەرۆكی ئەركانی هێزەكانی سووپای ئەمریكا بۆ ڕۆژئاوای كوردستان تووڕەیی هەر یەكە لە دەوڵەتانی توركیا و سووریای لێكەوتووەتەوە، بەوپێیەی وەك پەیامێك لێی تێدەگەن، كە ئەمریكا وەك ناوچەیەكی گرینگ لە ڕۆژئاوای كوردستان دەڕوانێت.

ڕۆژی شەممەی ڕابردوو سەرۆكی ئەركانی هێزەكانی سووپای ئەمریكا مارك مەیلی بەسەردانێكی ڕانەگەیەندراو و كتوپڕ گەیشتە ڕۆژئاوای كوردستان.

ئاژانسی دەنگوباسی فەڕمی سانای سووریا لە زاری سەرچاوەیەكی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەیەوە ڕایگەیاند، سەردانەكەی مەیلی بۆ باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا نایاسایی و پێشێلكرانی یاسا نێودەوڵەتییەكانە، داوای لە ئەمریكا كرد بە زوویی ئەو پێشێلكارییانە ڕابگرێت.

سەرچاوەكە، بەتووندی سەركۆنەی سەردانەكەی مەیلی كرد و دەڵێت: سەرۆكی ئەركانی گشتی سووپای ئەمریكا سەردانێكی نایاسایی بۆ بنكەیەكی سەربازی نایاسایی لە باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا كردووە، ئەوە پێشێلكرانی ئاشكرای سەروەری خاكی سووریایە.

ئاماژەی بەوەشكرد هێزەكانی ئەمریكا سامانی سووریاییەكان لە نەوت و گەنم بەبەردەوامی دەدزن، لە ماوەی نۆ ڕۆژی ڕابردوودا 150 تانكەر نەوتی سووریایان بردووە.

سەرچاوەكە داواشی لە ئەمریكا كردووە كۆتایی بە پشتیوانی گرووپە سەربەخۆخوازەكان بهێنێت و هاوكات پێشێلكاری یاسا نێودەوڵەتییەكان ڕابگرێت.

لەلایەكی دیكەوە بەپێی سەرچاوە ڕۆژنامەوانییەكان، حكومەتی توركیاش لە سەردانەكەی مەیلی بۆ ڕۆژئاوای كوردستان نیگەرانە، بەڵام تا ئێستا بە فەڕمی هیچ لێدوانێكی نەداوە، بەهۆی ئەوەی لە كاتی بوومەلەرزەكانەوە پەیوەندییەكانی ئەنقەرە و واشنتن جۆرێك لەباشبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، جارێ ئەنقەرە خوازیار نییە گرژیی دروستبكاتەوە.

سەرۆكی ئەركانی سووپای ئەمریكا مارك مەیلی ڕۆژی شەممە بنكە سەربازییەكانی وڵاتەكەی لە ڕۆژئاوای كوردستان بەسەركردەوە و لە چۆنێتی ئامادەیی ئەو هێزانەی بۆ پێشگرتن بە هێرشە دووژمنكارییەكان كۆڵییەوە.

مەیلی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند “هێزەكانی ئەمریكا و هێزە هاوبەشەكانیان لەهێزەكانی سووریای دیموكرات كە زۆرینە كورد پێكیدەهێنن، لە شكستهێنانی هەمیشەیی داعشدا سەركەوتوو بوون”.

ناوبراو سەردانە كتوپڕەكەی بەستەوە بە گرینگی ئاسایشی ئەمریكا و هاوپەیمانەكان لە ناوچەكەدا.

ڕۆژی هەینی ڕابردوو ئەو فەرماندە باڵایەی ئەمریكا سەردانی ئیسرائیلی كردبوو، لەوێ لەگەڵ وەزیری بەرگری ئیسرائیلدا كۆببووەوە، لەو كۆبوونەوەیەدا تاووتوێی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران و چۆنێتی ڕێگریكردنیان كردبوو.

 

هێرشی غازی سەر خوێندنگەكان فراوانتر دەبێت
پێشت هێرشی غازی سەر خوێندنگەكان فراوانتر دەبێت
پێشمەرگە دەستی بەسەر كۆگایەكی تەقەمەنیدا گرت
دواتر پێشمەرگە دەستی بەسەر كۆگایەكی تەقەمەنیدا گرت
ەیوەندیدار