هەڵوەشاندنەوەی بلۆككردنی هەژماری بانكی هەدەپە تاووتوێدەكرێت


دادگای باڵای دەستووریی داواكاری لابردنی بڕیاری بلۆككردنی هەژماری هاوكاری هەدەپە تاووتوێ دەكات

دادگای باڵای دەستووریی توركیا لە نۆی ئاداردا، داواكاری هەڵگرتنی بڕیاری بلۆككردنی هەژماری هاوكاری دەوڵەت بۆ پارتی دیموكراتی گەلان (HDP) تاووتوێ دەكات.

لە دادگای باڵای دەستوورییدا، ئەو قۆناغە یاساییەی سەرۆكایەتی داواكاری گشتیی دادگای باڵای تێهەڵچوونەوە، بۆ داواكردنی داخستنی هەدەپە دەستیپێكردبوو، بەردەوامە.

هەر لە چوارچێوەی ئەم قۆناغەدا، رۆژی پێنجی كانوونی دووەم بڕیار درا، هەژماری تایبەت بە هاوكاری دەوڵەت بۆ هەدەپە، بلۆك بكرێت.

رۆژی نۆی ئەم مانگەش دادگای باڵای دەستووریی توركیا گفتوگۆ لەسەر داواكاری لابردنی بڕیاری بلۆككردنەكە دەكات.

دەستەی دادگای باڵای دەستووریی دەتوانێت بڕیار بدات لەسەر لابردنی بلۆككردنەكە یان بەردەوامیدان پێی.

لە قۆناغی دۆسیەی داواكردنی داخستنی هەدەپەدا، سەرۆكایەتی داواكاری گشتیی سەربە دادگای باڵای تێهەڵچوونەوە، بەكر شاهین لە ١٠ی كانوونی دووەمدا، لێدوانی خۆی دەربارەی دۆسیەكە پێشكەش كرد.

بڕیاریشە راپۆرتنووسی تایبەتی دادگای دەستووریی، دوای داكۆكی زارەكی بەرپرسانی هەدەپە لەو رۆژەدا كە بۆیان دیاریی كراوە، زانیاری و بەڵگەكانی تایبەت بە دۆسیەكە كۆبكاتەوە و راپۆرتێكیان لێ ئامادە بكات.

دوای دابەشكردنی راپۆرتەكەش بەسەر ئەندامانی دادگای باڵادا، سەرۆكی دادگا رۆژێك بۆ كۆبوونەوە دیاریی دەكات، لەو رۆژەدا ئەندامانی دادگای باڵا كۆدەبنەوە و دەست دەكەن بە ئەنجامدانی دانیشتنی بنچینەیی لەسەر دۆسیەی داواكاری داخستنی هەدەپە.

بانكی ناوەندی 82 ملیۆن دۆلاری خستەبازاڕەوە
پێشت بانكی ناوەندی 82 ملیۆن دۆلاری خستەبازاڕەوە
دواتر هەرێمی كوردستان چانسی لەبوودجە نییە
پەیوەندیدار