هەرێمی كوردستان چانسی لەبوودجە نییە





هەرێمی كوردستان خۆی 10 ساڵە بوودجەی نییە و بەغداش بەگۆترە بڕێكی بۆ داناوە و ئەویش جێبەجێناكرێت

هەرێمی كوردستان خۆی ماوەی 10 ساڵە هیچ پڕۆژەیەكی بوودجەی بە پاساوی جۆراوجۆر ئامادەنەكردووە، پارە بێ حساب خەرجكراوە و وەك شارەزایانی ئابووریش دەڵێن نەبوونی بوودجەیە دەرگەیەكی بۆ گەندەڵی كردووەتەوە، هەرچی بەغداشە بەهۆی نەبوونی سەرژمێرییەوە تەنها 12.67%ی بۆ كورد داناوە، ئەوەش بەهۆی ڕێكنەكەوتنی هەرێم و بەغداوە جێبەجێناكرێت یان بڕە پارەیەكی بە چەند مانگ جارێك بۆ دێت.

پشكی هەرێمی كوردستان لە بوودجەی عێراقدا دیاریكراو بڕەكەی %12.67 ی كۆی بودجەی گشتی عێراقە، ئەوەش بە وتەی شارەزایانی دارایی و ئابووری بەپێی پێشبینیكردن و خەمڵاندنی خەیاڵی نەك بەپێی ژمارەی ڕاستی دانیشتووان دانراوە.

تا ئەنجامدانی سەرژمێری لە عێراقدا، لەسەدا 12.67 لە كۆی گشتی بودجەی فیدراڵی بۆ هەرێمی كوردستان تەرخاندەكرێت و بڕیارە دوای ئەنجامدانی سەرژمێریش، ئەو بڕە بەگوێرەی ڕێژەی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان گۆڕانكاری بەسەردابێت، بەڵام دیار نییە كەی ئەو سەرژمێرییە ئەنجامدەدرێت.

لەو بارەیەوە، د. نەبەرد كەریم، شارەزای دارایی و ژمێریاری و مامۆستای زانكۆ بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لە ساڵی 2014 هەتا 2021، حكومەتی عێراق پڕۆژە یاسای بوودجەی هەبووە و ئەوەی ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو پشكی هەرێم لە بودجەكەدا دیاریكراوە، نابێت بكرێت بە هەڵای ڕاگەیاندن و وا باس بكرێت تەنها ئەمساڵ پشكی هەرێم دیاریكراوە.

دەشڵێت، گرنگ ئەوەیە ئایا هەتا چەند هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی عێراقی پابەندە بەیاسا، بۆ ئەوەی پشكی هەرێمیش لە پڕۆژە یاسای بوودجە مانگانە یان چەند مانگ جارێك بنێردرێت.

بە بڕوای ئەو شارەزایەی دارایی و ژمێریاری، پڕۆژە یاسای بوودجە و سەرجەم خزمەتگوزارییەكانی دیكە لە سەر ڕێژەی دانیشتوان دەكرێت، بەڵام لە حكومەتی هەرێم و عێراقیش ئەوە ناكرێت، چەندین ساڵە سەرژمێری دانیشتووان نەكراوە، ئەوەش هۆكارە بۆ ئەوەی پشكی هەرێم لە پڕۆژە یاسای بوودجەدا لەسەر پێشبینیكردن دابنرێت، نەك لەسەر بنەمای ڕێژەی دانیشتووان.

هاوكات حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پشكی هەرێمی كوردستان له بودجەی عێراق بەپێی پێوەری زانستی دانەنراوه.

جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، پێویسته له زووترین كاتدا لە عێراق سەرژمێری بكرێت، پشكی هەرێمی كوردستانیش له بوودجەی گشتی عێراق بەپێی پێوەری زانستی دانەنراوە.

ئەوە لەكاتێكدایە دە ساڵە هەرێمی كوردستان بوودجەی نییە و ئەوەش بە بڕوای شارەزایانی ئابووری كاریگەری لەسەر لایەنی ئابووری و سیاسی و دەروونی هاووڵاتییان دروستكردووە و دەرگایەكیش بۆ گەندەڵی دەكاتەوە، چونكە پارە بێ حساب خەرجدەكرێت، نە كەس دەزانێت داهات چەندە؟ نە كەس دەزانێت خەرجی چەندە؟.

شارەزایانی ئابووری دەڵێن، نەبوونی بوودجە لە وڵاتدا دەرگای جۆرەها گەندەڵی لە بواری ئابووری دەكاتەوە.

پەڕلەمانی كوردستان وەك لایەنێكی تایبەتمەند لە نەبوونی یاسای بوودجە بێدەنگی هەڵبژاردووە و هیچ چاودێرییەكی خەرجی و داهاتەكانیشی نەكردووە، چونكە یاسای بوودجە نەبووە.

كاروان گەزنەیی، ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لە ساڵی 2013 ەوە بوودجە نەهاتووەتە پەڕلەمان، پێشتریش وتوومانە ناكرێت بودجە نەیەتە پەڕلەمان، ئەو گەمارۆدانەی سلێمانی و بەشێكی شارەكان دەرئەنجامی نەبوونی بوودجەیە و ئەوەش كارەساتە و كێشەی زۆر گەورەی بۆ دروستكردووین.

دەشڵێت، “هەتا ئێستاش بوودجە هیچ دەنگێكی نییە كە بهێنرێتە پەڕلەمانی كورستان”.

بە بڕوای ئەو پەڕلەمانتارە، ئەگەر بوودجە هەبێت ئەو كاتە هەموو داهاتانەكانی هەرێمی كوردستان لە سندوقێكدا كۆدەكرێنەوە و بە دادپەروەری بەسەر شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستاندا دابەشدەكرێت.

لە لایەكی دیكەوە د. كاروان حەمە ساڵح، پسپۆڕی ئابووری بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لە هەرێمی كوردستان، زیانمەندی یەكەمی نەبوونی بودجە هاووڵاتییانن، نەبوونی بودجە هاوكارێكی زۆر باشی زیادبوونی گەندەڵییە، ئەوانەی سەرقاڵی گەندەڵین باڵادەستدەبن، نائومێدبوونی خەڵكیشی لەگەڵە، چونكە نازانن دارایی وڵات چۆن خەرج دەكرێت؟ ئایندەیان چۆنە و بەكوێ‌ دەگات؟.

ئاماژە بە ئەوەش دەكات، گرنگی بودجە لەوەدایە، ئامانجی وڵاتەكە لە ماوەی ساڵێكی نوێدا ڕووندەكاتەوە بۆ ئەو كارانەی دەیكات، وەزارەتەكان بەرچاویان ڕووندەبێت بۆ ئەوەی بتوانن هەماهەنگی بكەن و سوود لە ئەزموونی یەكدی وەربگرن و لەگەڵیشیدا پڕۆژەیاسای بودجە جێبەجێ‌ بكەن و دواتریش پێداچوونەوەی كۆتایی دەكرێت بۆ زانینی گرفتەكان و چۆنێتی جێبەجێكردنی پڕۆژە یاسای بودجە.

ئێستا هەرێمی كوردستان خۆی بوودجەی نییە و لە عێراقیش بە پێی پێشبینی و بە گۆترە دانراوە نەك لەسەر بنەمای دانیشتووان ئەوەش بەهۆی نەبوونی ئاماری دروستی دانیشتووانە، هاووڵاتییانی هەرێم لە دوو بوودجە ئێستا بێ‌ بوودجە ماونەتەوە و داهاتەكانی حكومەتی هەرێمیش كەس ئاگاداری نییە و بە ناڕوونی ماونەتەوە.

 

هەڵوەشاندنەوەی بلۆككردنی هەژماری بانكی هەدەپە تاووتوێدەكرێت
پێشت هەڵوەشاندنەوەی بلۆككردنی هەژماری بانكی هەدەپە تاووتوێدەكرێت
گۆتیرێس گەیشتە ھەولێر
دواتر گۆتیرێس گەیشتە ھەولێر
ەیوەندیدار