بوومەلەرزەی ڕووسیا لە حەڵەبی داوە؟



چیرۆكی نهێنییەكانی بوومەلەرزە لە حەڵەب و ڕۆڵی ڕووسیا سەرسامت دەكات؟

شاری حەڵەب پایتەختی ئابووری و بازرگانی سووریا هەڵكەوتوو لە باكووری ئەو وڵاتە لەنزیك سنوورەكانی توركیا، شارێك وێرانەی جەنگی ڕژێمەكەی ئەسەد و گرووپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆن و پاشان دەستوەردانی سەربازی ڕووسیایە، بوومەلەرزە وێرانتری كردووە، مەترسی داڕووخانی سەدان باڵەخانە هەیە، ژیانی چەندین كەس لەنێویاندا لە مەترسیدایە.

لە حەڵەب هیچ پرۆسەیەكی ئاوەدانكردنەوەی شارەكە نییە، ئێستا وێرانكاری بوومەلەرزەشی هاتەسەر، وێرانكارییەك دەوڵەتی سووریا بۆ چنینەوەی زۆرترین هاوكاری نێودەوڵەتی بەكاریدەهێنێت، وێرانكاریی هێرشەكانی ڕووسیاش بە دیمەنی وێرانكاری بوومەلەرزەكانی شەشی شووبات نیشان دەدات.

بوومەلەرزەكانی شەشی شووبات دەرگەیەكی خێریان بۆ ڕژێمی ئەسەد كردەوە، دەرگەیەك بووەهۆی سووككردنی سزاكانی ئەمریكا و خۆرئاوا و ئەوروپا لەسەری بۆ كارئاسانی گەیاندنی هاوكاری بۆ بومەلەرزەلێدراوان، لەلایەكی دیكەشەوە وڵاتانی عەرەبی ڕوویان لەو وڵاتە كردەوە دوای پەراوێزخستنێكی دوازدە ساڵانە.

زوو زوو فڕۆكە بارهەڵگرە پڕ لەهاوكارییەكان لە وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپاییەوە لە فڕۆكەخانەی لازقیە و دیمەشق دەنیشنەوە و هاوكاری دەگەیەننە سووریا، ئەوەش بۆ ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەكانی باكووری سووریا بە تایبەت حەڵەبە.

ئەو وێرانكارییەی لە گەڕەكەكانی ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەب بەدیدەكرێت، لە شوێنەواری بوومەلەرزەیەكی وێرانكەر دەچێت، كە پلەكانی لە مێژووی بوومەلەرزەدا نەبێت، بەڵام ڕاستییەكەی ئەوە وێرانكاری بوومەلەرزە نییە.

ئەو وێرانكارییەی لە بەشێكی گەڕەكەكانی حەڵەب دیارن، هی بوومەلەرزەكانی شەشی شووبات نییە، بەڵكو شوێنەواری هێرشی فڕۆكە جەنگییەكانی ڕووسیایە، كە ساڵانێك ئاگر و بەرمیلە بارووتیان بەسەر بەشێكی شارەكانی سووریادا دەباراند كە لە ژێر دەستی ئۆپۆزسیۆندا بوون.

نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت، حەڵەب گەورەترین شاری زیانلێكەوتووی بۆردومانەكانی ڕووسیایە، بەو پێیەی ژمارەی باڵەخانە وێرانبووەكان گەیشتووەتە نزیكەی ٣٦ هەزار باڵەخانە، لە دوای ئەویش غۆتەی ڕۆژهەڵات دێت كە ٣٥ هەزار باڵەخانە وێران بوون.

بەپێی ڕاپۆرتێكی نەتەوەیەكگرتووەكان، ئەو باڵەخانانەی بەپێوە ماونەتەوە، هەڕەشەی داڕووخانیان لەسەرە بەهۆی بوومەلەرزەكانی شەشی شووباتەوە، چونكە بەهۆی بۆردوومانەكانەوە زیانی زۆریان بەركەوتووە، ئەوانەشی خەڵكیان تێدا نیشتەجێیە، مەترسی زیانی مرۆییان لێدەكرێت.

بەپێی شرۆڤەی وێنەی مانگە دەستكردەكان، جگە لە گەڕەكێك لە ناو حەڵەب، هەموو گەڕەكەكانی دیكە زیانیان بەركەوتووە، بەتایبەتی گەڕەكەكانی ناوەڕاستی شارەكە، بەشێوەیەكی گشتی ڕۆژئاوای شارەكە زیانی كەمتری لە ڕۆژهەڵاتی شارەكە بەركەوتووە.

سەرۆكی كۆمیسیۆنی لێكۆڵینەوەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ سووریا، سێرجیۆ پینیرۆ، لەڕاپۆرتی نیمچەساڵانەی خۆیدا لەمانگی ئاداری 2017 دا بڵاویكردەوە، ئەو وێرانكارییەی لە گەڕەكەكانی ڕۆژهەڵاتی شارەكە هەیە، ئەوەندە سەخت بووە كە وا دیاربوو بوومەلەرزەیەكی بەهێز ڕوویدابێت.

ئێستا دەوڵەتی سووریا لە هەوڵی فریودانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدایە، بەجۆرێك وێرانكارییەكانی هێرشەكانی ڕووسیا بە بوومەلەرزەكانی شەشی شووبات بچوێنێت، تا هاوكاریی زیاتری پێ بگات.

میدیاكانی ڕۆژئاوا دوای بوومەلەرزەكانی شەشی شووبات سەردانی شاری حەڵەبیان كرد، بەتایبەتی گەڕەكەكانی ڕۆژهەڵات، لەوێ ناسینەوەی شوێنەواری بوومەلەرزەكان و شوێنەواری بۆردوومانەكانی ڕووسیا مەحاڵ بوو.

هێزەكانی ڕژێمی سووریا لە كۆتایی ساڵی ٢٠١٦دا كۆنتڕۆڵی شاری حەڵەبیان كردەوە دوای ئەوەی گەڕەكەكانی ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەب، وەك شەعر، حەیدەرییە، قەترجی، مەساكەن حەنانۆ، شێخ سەعید، عامریە، سوكاری، بوستان قەسر، كەلەسا و ئەوانی دیكە، لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی ڕووسیاوە بۆردومانی دژوار كران، گرووپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆن دوای بەرگرییەكی بێوێنە ناچاری كشانەوە بوون.

دوای حەوت ساڵ لە گرتنەوەی شارەكە لەلایەن دەوڵەتی سووریاوە، هێشتا هیچ پرۆسەیەكی ئاوەدانكردنەوەی بینا ڕووخاوەكان نەكراوە، كەچی بوومەلەرزەكانی شەشی شووبات هێندەی دیكە شارەكەیان وێرانكرد

یەكێتی و پارتی كۆدەبنەوە
پێشت یەكێتی و پارتی كۆدەبنەوە
كۆبوونەوەی پەڕلەمانی كوردستان دەستیپێكرد
دواتر كۆبوونەوەی پەڕلەمانی كوردستان دەستیپێكرد
ەیوەندیدار