یەكێتی و پارتی كۆدەبنەوە


پرسی هەڵبژاردن جارێكی دیكە یەكێتی و پارتی كۆدەكاتەوە

بڕیارە ڕۆژی شەممەی داهاتوو مەكتەبی هەڵبژاردنی یەكێتی و دەزگای هەڵبژاردنی پارتی جارێكی تر كۆببنەوە، جێگری سەرۆكی فڕاكسیۆنی یەكێتی لەپەڕلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پرسی كورسی پێكهاتەكان هێشتا ماوە و خاڵی ناكۆكە لەنێوان ئێمە و پارتی، ئێمەش مەرجی حزبیمان نییە، بەڵكو دەمانەوێت پێكهاتەكان نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی خۆیان بكەن.

لوقمان وەردی، جێگری سەرۆكی فڕاكسیۆنی یەكێتی لەپەڕلەمانی كوردستان بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، دوای كۆبوونەوەكەی دوێنێ لەگەڵ دەزگای هەڵبژاردنی پارتی، لەسەر هەموو بڕگە و ماددەكانی هەمواری یاسای هەڵبژاردن گفتووگۆمان كرد، تێڕوانینی هاوبەش دروست بوو لەسەر زۆربەیان، بەڵام لەسەر هەندێكیشیان تێڕوانینی جیاواز هەبوو.

دەشڵێت، لەسەر پرسی كورسی پێكهاتەكان تێڕوانینی جیاوازمان هەیە، پێمان وایە پێكهاتەكان دەبێت نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی خۆیان بكەن و بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردن دابەش بكرێن و خۆیان دەنگ بەخۆیان بدەن، تۆماری دەنگدەران و سندوقی تایبەت بە دەنگدانی خۆیان هەبێت.

ئەوەشی خستەڕوو، پرسی كورسی پێكهاتەكان هێشتا ماوە و خاڵی ناكۆكە لەنێوانمان، ئێمەش مەرجی حزبیمان نیيە، بەڵكو دەمانەوێت پێكهاتەكان نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی خۆیان بكەن، بڕیارە لە كۆبوونەوەی شەممەی داهاتووش زیاتر گفتووگۆی لەسەر بكەین، ئەوەشی كرا ڕێككەوتنی سەرەتایی بووە، چونكە دەبێت لەگەڵ سەرجەم لایەنەكانیش گفتووگۆ بكرێت تاوەكو یاساكە بەدڵی هەموو لایەك بێت.

ڕۆژی ڕابردوو هەردوو دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی و پارتی كۆبوونەوە و لەسەر ژمارەیەك خاڵ بۆ ‏هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن گەیشتنە ڕێككەوتنی سەرەتایی و ‏كورسیی كۆتاكان خاڵی سەرەكیی ناكۆكیی نێوانیانە، بۆ “پرس و ‏ڕاوێژ”یش بە هاوبەشی سەردانی لایەنەكانی دیكە دەكەن.‏

هەردوو لا ڕێككەوتوون كە “هەرێمی كوردستان بكرێت بە چوار بازنەی ‏هەڵبژاردن، هەڵبژاردن نیوە بە لیستی كراوە و نیوە بە لیستی داخراو ‏بێت،‎ ‎ژمارەی كورسیی بازنەكان لەسەر بنەمای ئاماری وەزارەتی ‏بازرگانیی عێراق بێت، هەماهەنگی لەگەڵ كۆمیسیۆنی عێراق بۆ ‏سوودوەرگرتن لە لیستی دەنگدەرانی عێراق بكرێت”.‏

ئەوە لەكاتێكدایە لە هەرێمی كوردستان هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا نەكراو تەمەنی پەڕلەمانی كوردستانیش بۆ ماوەی ساڵێك و دوو مانگ درێژكرایەوە.

ناكۆكی لەناو فراكسیۆنی كۆمەڵدا دروستبوو
پێشت ناكۆكی لەناو فراكسیۆنی كۆمەڵدا دروستبوو
بوومەلەرزەی ڕووسیا لە حەڵەبی داوە؟
دواتر بوومەلەرزەی ڕووسیا لە حەڵەبی داوە؟
پەیوەندیدار