دیموكرات و كۆمەڵە دابەشی دوو بەرەی ئۆپۆزسیۆن بوون



دیموكرات و كۆمەڵە دەیانەوێت لەچوارچێوەی ئێراندا بمێننەوە

جموجۆڵەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە ئەوروپا و ئەمریكا لایەنە كوردییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەتایبەت هەردوو حیزبی پێكهێنەری ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێرانی دابەشی دوو بەرەكردووە، ئەوەش كاریگەری لەسەر یەكگرتوویی هەڵوێستی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان كردووە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند ئێستا ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە دەرەوەی وڵات دابەشی دوو بەرە بووە، یەكێكیان ڕەزا شا كوڕی محەمەد ڕەزا شایە و بەرەكی دیكە موجاهیدینە، ئەوان كار بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات دەكەن لە ئێراندا و كاروچالاكییەكانیان پەرەپێداوە.

سەرچاوەكە، ئاماژەی بەوەشكرد، دوولایەنی كوردی پێكهێنەری ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران، حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و كۆمەڵەی شۆِرشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران بەسەر ئەو دوو بەرەی ئۆپۆزسیۆنەدا دابەشبوون.

ئەو سەرچاوەیە ئاشكرایكرد، حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە بەرەی موجاهیدینەوە نزیكە و كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێرانیش لە كوڕی شاوە نزیكە.

ئاشكراشیكرد، ئەو هەڵوێستانەی دوو پارتی سەرەكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و پێكهێنەری ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران، بووەتەهۆی نیگەرانی كوردانی ڕۆژهەڵات بە گشتی، لەكاتێكدا كورد خوازیاری هەڵوێستێكی یەكگرتووی كوردییە.

مستەفا هیجری سكرتێری گشتی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی بی بی سی بەریتانی بەشێوەیەكی یەكلاكەرەوە پەیامێكی ڕاگەیاند لەنێوان ئەو تەنگەژەیەی سەریهەڵداوە.

دەشڵێت “ئێمە وەكوو حیزبی دیموكرات و گەلی كورد ئامادەی هاوكاریكردن لەگەڵ ڕەزا پەهلەوی نین و داوای حكوومەتێكی دێموكرات، سێكۆلار و فێدراڵ دەكەین، لەنێوان دوو بژاردەی كۆماری ئیسلامی و ڕژێمی پاشایەتیدا هیچكامیان هەڵنابژێرين”.

لە وەڵامی پرسیارێكدا لەئەگەری هاتنەوەسەر كاری دەسەڵاتی شا لە ئێران، مستەفا هیجری دەڵێت: ئەوە مەحاڵە، ئەگەر ڕووشبدات، ئێمە لەسەر داواكارییەكانی خۆمان پێداگر دەبین.

ئەو لێدوانەی هیجری كەمێك هێوربوونەوەی تووڕەیی ئەوانەی لێكەوتەوە كە بەهۆی بەشداربوونی عەبدوڵڵا موهتەدی سكرتێری گشتی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستان لە واشنتن لە كۆبوونەوەیەكی كوڕی شادا دروستببوو.
عەبدوڵڵا موهتەدی ڕایگەیاندووە، ئەو بۆ گەیاندنی پەیامی كورد بەشداری لە كۆبوونەوەی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیدا لە واشنتن كردووە.

بەپێی زانیارییەكان، هەردوو لایەنی دیموكرات و كۆمەڵە خوازیاری كاری پێكەوەیین لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیدا و چاویان لەوەیە لە چوارچێوەی ئێرانێكی فێدراڵیدا جێگابگرن، بەڵام زۆرێك لەلایەنەكانی دیكە خوازیاری سەربەخۆیی و كیانێكی كوردستانین.

ئەو هەڵوێستانەی دوولایەنی كۆمەڵە و دیموكرات لەلایەك بووەتە ناكۆكی نێوان دوو حیزبەكە و دابەشبوون بەسەر ئۆپۆزسیۆنی ئێراندا، لەلایەكی دیكەش لەگەڵ زۆرینەی لایەنەكانی دیكەدا دیموكرات و كۆمەڵە تووشی كێشە و ناكۆكی بوونەوە.

 

 

لە ئادیامان مزگەوتێكی 500 ساڵە بەبوومەلەرزەكان ڕووخا
پێشت لە ئادیامان مزگەوتێكی 500 ساڵە بەبوومەلەرزەكان ڕووخا
نرخی غاز دابەزی
دواتر نرخی غاز دابەزی
ەیوەندیدار