نەوتە بێبەرامبەرەکە لە سلێمانی دابەشدەکرێت



ئەو نەوتەی حکومەتی عێراق بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانی نارد، بڕیارە لە ماوەی ئەم دوو هەفتەیەدا بەسەر چوار هەزار خێزانی شاری سلێمانیدا دابەشبکرێت.

مارشاڵ مەحمود، سەرۆکی کۆمەڵەی موختارەکانی کوردستان لە لێدونێکدا بۆ (خەڵك) ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لەو بڕە نەوتەی کە حکومەتی عێراق بۆ هەرێمی کوردستانی ناردووە، لە شاری سلێمانی چوار هەزار خێزان بڕی ١٠٠ لیتر نەوتی سپیان پێدەدرێت.

لەلایەن قائیمقامیەتی سلێمانییەوە موختاری گەڕەکەکان ڕاسپێردران تا لە هەر گەڕەکێک ژمارەیەک ماڵ کە کەمدەرامەت یاخو خاوەن پێداویستی تایبەتن دیاریبکرێن و نەوتەکەیان پێبدرێت.

مارشاڵ مەحمود ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، موختارەکان ئەرکی خۆیان جێبەجێکردووە و ناوی ماڵەکانیان دیاریکردووە، ڕەوانەی قائیمقامیەتی سلێمانیان کردووە، پێی وایە لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا نەوتەکە بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشبکرێت.

لەبارەی میکانیزمی دابەشکردنی نەوتەکە، ئاشکرای کرد لە گەڕەکەکاندا چەند بەنزینخانەیەک دیاریدەکرێن و پاش ئاگادارکردنەوەی ئەو ماڵانەی ناویان نوسراوە دەچن لە بەنزینخانەکاندا نەوتەکە وەردەگرن.

لە سەرەتای مانگی یەکی ئەمساڵدا حکومەتی عێراق بە ٦٠ تانکەر بڕی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان نارد، کە ٣٠ تانکەری بۆ پارێزگای هەولێر و دهۆک، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و زاخۆ و ٣٠ تانکەری بۆ پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و ڕاپەرینە.

نرخی غاز دابەزی
پێشت نرخی غاز دابەزی
بەریتانیا: ناتوانین فڕۆكەی جەنگی بدەینە ئۆكراین
دواتر بەریتانیا: ناتوانین فڕۆكەی جەنگی بدەینە ئۆكراین
ەیوەندیدار