بەریتانیا: ناتوانین فڕۆكەی جەنگی بدەینە ئۆكراین



 

وەزیری هێزە چەكدارەكانی بەریتانیا، جەیمس هیپیی باسی لەوە كرد، پێدانی فڕۆكەی جەنگیی بە ئۆكراین، هەر لە دابینكردنی پارچەی یەدەگ و سووتەمەنییەوە تا كاری ئەندازیاریی، چەندین كێشە لەگەڵ خۆی دێنێت، “دەركردنی بڕیاری پێدانی فڕۆكەی جەنگیی، تەنها یەك چركەی پێویستە، بەڵام لە راستیدا پێدانی فڕۆكە ئەركێكی زۆر قورسە”.

جەیمس هیپیی لە میانی چالاكییەكی سەندیكای رۆژنامەنووسە بیانییەكان لە شاری لەندەن، گوتارێكی پێشكەش كرد و باسی لەوە كرد، لە كاتێكدا ساڵێك بەسەر جەنگی رووسیا-ئۆكراین تێدەپەڕێت، سەركەوتنی ئۆكراین لە چەند مانگی داهاتوودا لە ئەنجامی ئەو هاوكارییە سەربازییانەی پێشكەشی دەكرێن، چاوەڕوانییەكی راستە.

وەزیری هێزە چەكدارەكانی بەریتانیا، جەیمس هیپیی لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانیش دەربارەی بانگەوازی پێدانی فڕۆكەی جەنگیی بە ئۆكراین رایگەیاند: “دەركردنی بڕیاری پێدانی فڕۆكەی جەنگیی، تەنها یەك چركەی پێویستە، بەڵام لە راستیدا پێدانی فڕۆكە ئەركێكی زۆر قورسە. جگە لە زیادبوونی گرژییەكان، پێویستی بە زۆر شتی دیكەشە وەك دابینكردنی سووتەمەنی، پارچەی یەدەگ، كاری ئەندازیاری و سیستمی كاری نهێنی تایبەت بە ناتۆ. هەروەها پێویستە راستەوخۆ چەند پسپۆڕێكیش لە فڕۆكەخانە ئامادەبن بۆ وەرگرتنی فڕۆكەكان. ئەمەش بە مانای ئەوە دێت هەر وڵاتێك ئەو فڕۆكانە بداتە ئۆكراین، پێویستە ئەو پسپۆڕانەشی لەگەڵ بنێرێت. قورسترین شتیش ئەوەیە ناكرێت نەوەی سێیەم و چوارەمی فڕۆكەی جەنگیی بدەینە دەست ئەو ئەندازیارانەی هیچ ئەزموونێكیان لەمبارەیەوە نییە و چاوەڕێبین لە یەكەم كاریاندا فڕۆكەكان بەكاربهێنن”.

جەیمس هیپیی ئەوەشی وەبیرهێنایەوە بەریتانیا مەشقی بە فڕۆكەوانە ئۆكراینییەكان كردووە، بەڵام ناكرێت سواری ئەم فڕۆكانە بن و راستەوخۆ بفڕن. بەریتانیا ئەوەی خستەڕوو مەشق بە فڕۆكەوانەكانی ئۆكراین دەكات، بەڵام دەبێت بەڕاشكاوی ئەوە بڵێم لەكاتی خستنەڕووی ئەم لێدوانەدا پێشبینی پێدانی فڕۆكەمان نەكردووە.

وەزیری هێزە چەكدارەكانی بەریتانیا، جەیمس هیپیی ئاماژەی بەوەش كرد، هەرچەندە نیازی پێدانی فڕۆكەیان بە ئۆكراین نییە، بەڵام هەروەك سەرۆكوەزیرانی وڵاتەكەی، ریشی سوناك رایگەیاندبوو “هیچ بژاردەیەك لە دەرەوەی مێزی گفتوگۆ نییە”.

نەوتە بێبەرامبەرەکە لە سلێمانی دابەشدەکرێت
پێشت نەوتە بێبەرامبەرەکە لە سلێمانی دابەشدەکرێت
حكومەتی هەرێم: بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا ئامادەین
دواتر حكومەتی هەرێم: بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا ئامادەین
ەیوەندیدار