کەی ٢٠ هەزار یەکە نیشتەجێبوونەکەی کرێنشینان دروستدەکرێن؟



بڕیاری ٢٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان دراوە، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا ڕایدەگەیەنێت هیچ بەرەو پێشچوونێک بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە نییە، لەکاتێکدا تا ئێستا یەکەکانی دیکە دابەشنەکراون.

مانگی پێنجی ساڵی ڕابردوو بڕیاری دروستکردنی ٢٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕاگەیاندرا.

ئازاد محەمەد، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ (خەڵك) باس لە هەنگاوەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە دەکات.

 

خەڵك: ئایا دەست بە دروستکردنی ٢٠ هەزار یەکە نیشتەجێبوونەکە کراوە؟

ئازاد محەمەد: بڕیارەکە دەرچووە، بەڵام تا ئەم ساتە وەختە ڕێکارەکانی لە ڕووی ئیداری و هونەرییەوە، لە ڕوو دابینکردنی زەوی و  خستنە بواری جێبەجێکردنەوە بریاری کۆتایی وەرنەگرتووە، لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، ئەمە مایەی دەستخۆشییە ئەگەر بتوانرێت لە هەموو هەرێمی کوردستان ٢٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان و هەژاران دروستبکرێن، ئەمە کارێکی زۆر باشە، لەوە باشتر ئەوەیە کە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

 

خەڵك: دیاریکراوە ئەم یەکانە بە چ میکانیزم و شێوەیەک دابەشدەکرێن و نرخیان چەند دەبێت؟

ئازاد محەمەد: دەبێت دیاربێت کە ئەم یەکانە دواتر بە چ میکانیزمێک دەدرێن بە کرێنشینان و هەژاران، داخۆ نرخەکەی گونجاوە لەگەڵ باری ژیانی هەژاران و کرێنشیناندا، یاخود بەرامبەر داهاتی ئەوان گونجاوە.

خەڵك: پێشتر هەزار و ٥٠٠ یەکەی دیکە دروستکران، بەڵام ئێستا زیانیان بەرکەوتووە و دابەشنەکراون، ئەگەر هەیە ئەم ٢٠ هەزار یەکەیەش بە دەردی ئەوان بچن؟

ئازاد محەمەد: سەبارەت بەو هەزار و ٥٠٠ یەکەی نیشتەجێبوونەی لە سیتەک و زڕگوێزن، ئێمە پێشتر چەند جارێک نوسراومان ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە کردووە، یەکەکان تەواو بوون، ئەوەی ماوە خزمەتگوزاری ناو یەکەکانە، زیانێکی زۆر بەر یەکەکان کەوتووە، تا ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە بودجەیەک دیاریبکات بۆ ئەوەی هیچ نەبێت ئەم هەزار و ٥٠٠ یەکەیە بەسەر کرێنشیناندا دابەشکرێن.

خەڵك: بۆچی ئەو یەکانەی زڕگوێز و سیتەک دابەشناکرێن؟

ئازاد محەمەد: ئێمە زۆر هەوڵماندا بەڵام نەگەیشتینە ئەنجام، دواتر فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی زانیاری نوسراوێکیان بۆ ناردین، کە نرخی یەکەکان بوو، بەڵام نرخەکە بۆ کرێنشینان و کەمدەرامەتانە زۆر بوو، ناتوانن ڕاستەوخۆ ئەو بڕە پارەیە بدەن، یەکەکان گەورەترین زیانیان پێگەیشتووە، ئێمە چەند جارێک سەردانی ئەو یەکانەمان کردووە، ئێستا ئەگەر بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشبکرێن دەبێت پارەیەکی زۆر لە نۆژەنکردنەوەی بیناکاندا خەرجبکرێت.

 

خەڵك: پێت وایە ئەم ٢٠ هەزار یەکەیە بەم نزیکانە دروستبکرێن؟

ئازاد محەمەد: ئومێد دەکەین جارێکی دیکە پلان و بەرنامەی حکومەتی هەرێم بەشێوەی یەکەکانی سیتەک و زڕگوێز نەبێت، هەر پلانێک لە وەزارەتی پلاندانان و ئاوەدانکردنەوە بۆ یەکەی نیشتەجێبوون دەربچێت بەشێواز و میکانیزمێک بێت لە قازانجی کرێنشینان بێت، هەموو بڕیارەکان لە ئەنجومەنی وەزیران کە دەردەچێت، تا نەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڕاستی خەڵک متمانەی بە بڕیارەکان نەماوە.

 

هۆکاری دەرکەوتنی ڕووناکییەکانی پێش بوومەلەرزەکەی هاتای بە نادیاری ماوەتەوە
پێشت هۆکاری دەرکەوتنی ڕووناکییەکانی پێش بوومەلەرزەکەی هاتای بە نادیاری ماوەتەوە
بومەلەرزەکەی تورکیا شارۆچکەیەکی کردووە بە دوو بەشەوە
دواتر بومەلەرزەکەی تورکیا شارۆچکەیەکی کردووە بە دوو بەشەوە
ەیوەندیدار