با ئەمجارەیان هەڵبژاردنێكی بێ گەرد بێت!



عەبدولواحيد محەمەد

 

دیارە پڕۆسەی هەڵبژاردن ستوونێكی گرنگی بنیاتنانی سیستەمی دیموكراسیەتە، چەندیش بە شێوەیەكی ڕێكوپێك بەڕێوەبچێت هاندەر دەبێت بۆ ئەوەی زیاتر لە بناماكانی كۆمەڵگەیەكی تەندروست نزیك بیتەوە. پێویستە بوترێ لە زۆربەی وڵاتاندا پڕۆسەی هەڵبژاردن ئەنجام دەدەن، بەڵام كەمیان هەیە بۆ ئەوەیان بێت ئەو بنەمایانەی پێویستن بۆ مسۆگەركردنی ئێستا و ئایندەی كۆمەڵگەكان بەرجەستەبێت، بە دیوێكیتر ئەوەی دەویسترێت مۆنۆپۆڵكردنی دەسەڵاتە و بەكارهێنانیەتی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی سیاسی یان كەسی یان بنەماڵەیی، بێگومان سوود و قازانجی ئابووری و بازرگانیشی بە دواوەدا دێت.

لێرەدا پێویستە ئاماژە بە یەك ڕاستی بدەین، هەڵبژاردن ئەگەر بە شێوەیەكی ڕاست و دروست بەڕێوە نەچێت، مەحاڵە كۆمەڵگەش ئۆقرەیی بەخۆوە ببینێت، بە پێچەوانە بەردەوام لە هەوراز و نشێودا دەبێت و ڕووبەڕووی ئالنگاری زۆریش لە هەموو بوارێكەوە دەبێتەوە، نمونەی لەو بابەتە زۆرن ئەوەتا لە زۆربەی وڵاتانی عەرەبی هەڵبژاردن دەكرێت، بە ئاشكرا دیارە نەبۆتە ئامراز بۆ بڕوابوون بە سیستەمەكان و هێمنی و ئارامی گشتی و هەنگاونان بەرەو دیموكراسیەتی راستەقینە ، جێی باسە لە هەرێمی كوردستانیش لە دوای ڕاپەڕینی ئاداری 1991دا، تا هەنوكە پێنج جار هەڵبژاردن كراوە، بەڵام لەبەرئەوەی هەڵبژاردنەكان بە شێوەیەكی ڕێكوپێك و دوور لە خەوش نەبووە، بۆیە نەبۆتە هۆكاری بڕوابوون بە پڕۆسەكە و بەرجەستەبوونی ڕێسایەكی كۆنكریتی لە بەڕێوەبردن، لە زەقترین ئەو خەوشانەی لە هەڵبژاردنەكاندا هەبووە:

– نەبوونی سەرژمێرییەكی وردی ژمارەی دەنگدەران، كە بەردەوام ئەوە جێگەی مشتومڕ بووە .
– پاك نەكردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە دەنگی زیادە و نادیار، ساڵانە خەڵك كۆچیی دوایی دەكات، دەچێتە دەرەوەی وڵات، كەچی هەر لە ناو تۆمارەكاندا ماون و خراپ سوودیان لێوەرگیراوە.
– بۆ ئەوەی دەنگی زیادە مسۆگەر بكرێت هەزاران كەسی كوردستانی ڕۆژئاوا و باكوور كارتی دەنگدانیان بۆ دروست كراوە و دەنگیان پێداوە.
– بە بەرنامە هەوڵدراوە تەزویر بكرێت، من بۆ خۆم لە خودی ئەو كەسانەم بیستوە، كە چەندین جار دەنگیان داوە بگرە شانازیشیان پێوە كردووە، كەسی وا هەبووە وتویەتی 20 جار دەنگم داوە.
– دەستتێوەردانی ئاشكرا لە هەڵبژاردنی نوێنەرانی كۆتاكان كراوە، بەڕاستی ئەوەیان ناحەقیەكی زەق و گەورەیە بەرامبەر بەو هاووڵاتیانە، لەبەرئەوەی لە لایەك هەقی شەرعی پێكهاتەكان پێوە دەخورێت، لە لایەكیتر دەبێتە هۆكاری لاسەنگ بوونی پڕۆسەی سیاسی و لاوازی بڕوا هێنانی پێكهاتەكان بە بەرخوردی سیاسی و ئیداری هەرێم.

پێویستە بوترێ ئەو هەموو سەرنج و تێبینانە، هەموو خەڵك دەیزانێت و هیچیان ئێستا شاراوە نیە، نیگەرانیەكی زۆریشی لێ دروست بووە، خەریكە بڕوایان بە هەڵبژاردن نەمێنێت، بە بەڵگەی ئەوەی رێژەیەكی زۆری كۆمەڵانی خەڵك ئامادەنین بچنە دەنگدانەوە، وەك گەواهیش بۆ ئەو ڕاستیە ئەم ئامارانەی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەخەینەڕو، لە سەرەتای 2005دا ڕێژەی بەشداریكردن 59% بووە، لە كۆتایی2005دا ڕێژەكە 63% بووە، لە 2010دا ڕێژەكە بۆ 62% دابەزیوە، لە 2014دا رێژەی دەنگدان بۆ 60% دابەزیوە و لە 2018دا بۆ 44% و لە 2021داش بۆ 40% دابەزیوە ، لە هەرێمی كوردستانیش هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن ڕێژەی دەنگدان كەمتر بۆتەوە لە دوا هەڵبژاردندا ڕێژەكەی وەك وترا لە دەوروبەری 50% بوو، پێدەچێت لەوە كەمتر بووبێت، ئەو واقیعە خراپە وایكردووە، كە باسی هەڵبژاردن دێتە گۆڕێ، خەڵك بڵێن هەڵبژاردن بۆچیە ؟ ئەگەر پێشوەختە بزانرێت، كێ دەردەچێت و دواجار سیاسەتەكە بە چ ئاڕاستەیەك دەبێت؟ كێن ئەوانەی خۆیان پێهەڵدەدەن و لاف و گوزاف بەسەر خەڵكیەوە لێدەدەن، من پێموایە تا ئێرە دەبێ بەس بێت، چیتر با عەیبە نەهێنرێتە سەر ئەم گەلە خێر لە خۆ نەدیوە، كوردستان لە ئەستێرەیەكی دابڕاو نیە تاوەكو كەس كار و كردەوەكان نەبینن، بە پێچەوانە هەرێم لە ژێر زەڕەبینی وڵاتاندایە، زۆر باشیش دەزانن فاوڵی گەورە لە پڕۆسەكاندا هەبووە، بەڵام بە پشوودرێژیەوە مامەڵەیان كردووە و هەلی یەك لە دوای یەكیان ڕەخساندووە، وەك تاقیكردنەوە تاوەكو بزانن ، ئایا ئەو هەلانە دەقۆزرێتەوە؟ ئایا بەرژەوەندی باڵای ئەم گەلە لە نێو ئەو هەموو چەڕ و مەنگەنەیە دەپارێزرێ؟، یان هەر بە دوای بەرژەوەندی تەسكی حیزبایەتی و قاسە پڕكردنەوەن.

وەكو چاودێرێك وای دەبینم خەریكە سەبری ئەوانەی دۆستمان بوون كۆتایی بێت و داری ئەستورمان بەسەردا هەڵبشەقێنن، وای لێبێت خۆزگە بە شانسێكی تر بخوازرێت، بۆیە كاتی ئەوە هاتوە، ئەمجارە هەڵبژاردنێكی بێگەرد و بە پێی ستاندارەكان بكرێت، ئیتر كۆمەڵانی خەڵك ئاهێكیان بە بەردا بێتەوە و لەو هەموو تەنگژەیە ڕزگاریان بێت و خودی كاركتەرەكانیش لەو تاقیكردنەوەیە بەسەركەوتویی ئەگەر ڕێژەییش بێت دەربچن، ئیتر وردە وردە دۆخەكە بەرە و سیستەمێكی هاوسەنگ بچێت، تیایدا دادپەروەری كۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ و مافەكانی منداڵ بەرجەستە بێت و بپەڕینەوە بەرە و كەناری ئارام، بڕواشم وایە گرنگترین فاكتۆرەكانی بەڕێوەچونی ئەو هەڵبژاردنە، ئەمانەن:

– بەرژەوەندی باڵای گەلی كوردستان لە بری بەرژەوەندی تەسكی حیزبایەتی لەبەرچاو بگیرێت.
– تۆماری دەنگدان پاك بكرێنەوە، بۆ ئەوەی هیچ بۆشاییەك نەمێنێتەوە بۆ ئەوانەی حەزیان لە خراپ بەكارهێنانی هەڵبژاردنەكانە، بۆ مەبەستی تایبەت.
– كوردانی پارچەكانی تر دوور بخرێنەوە لە پڕۆسەی هەڵبژاردن و نەبنە بەشێك لە ململانێ هەڵبژاردن، چونكە ئارامی و ئۆقرەیی كوردستانی باشور سوودی بۆ ئەوان هەیە بەرلەوەی بۆ خودی خەڵكی هەرێم.
– واز لە پێكهاتەكان بهێنرێت، تاوەكو نوێنەرانی شەرعی خۆیان هەڵبژێرن و نەبنە پارسەنگ بۆ ئەملا و ئەولا.
– یاسای هەڵبژاردن دەقێكی پیرۆز نیە، زۆر ئاساییە گۆڕانكاری تێدا بكرێت، ئەوە عێراق تا ئێستا پێنج جار یاساكانی هەڵبژاردنی هەموار كردۆتەوە، چونكە قۆناغ و سەردەمەكان حوكم دەكەن نەك لایەنێك و بەرژەوەندی تایبەت.

بەوێنە، بەهای كاتژمێرە نوێیەكەی ڕۆناڵدۆ 130 هەزار دۆلار تێدەپەڕێنێت
پێشت بەوێنە، بەهای كاتژمێرە نوێیەكەی ڕۆناڵدۆ 130 هەزار دۆلار تێدەپەڕێنێت
ئەمڕۆ نەوت لەم ناوچانە دابەش دەكرێت
دواتر ئەمڕۆ نەوت لەم ناوچانە دابەش دەكرێت
ەیوەندیدار