60 ساڵ تەمەن لە دروستکردنی خشتی قوڕ و کەرپووچ دا



کەرپووچ بریتییە لە بلۆکێکی لاکێشەیی کە لە خۆڵ و کا دروست دەکرێت و دەبێتە ماددەیەکی بەهێز کە بەرگەی ئاگر، ساردی و گەرمی و ئاووهەوای سەخت دەگرێت و لە دروستکردنی خانوو، باڵەخانە، مزگەوت و نۆژەنکردنەوەی شوێنەواردا بەکاردێت.

لە رێگای کوورەی ئاگرەوە قوڕ دەگۆڕێت بۆ کەرپووچ و کوورەچییەکان مێژوویەکی کۆنیان هەیە و هەندێکیان تا ئێستاش سەرقاڵی پیشەکەیانن.

ئیسماعیل حەسەن عومەر هەروەک خۆى دەڵێت ماوەی ٦٠ ساڵە کوورەچییە و ئێستاش لە بەیانییەکی زووەوە، دەست دەکات بە قوڕشێلان و خشتبڕین و دروستکردنی کەرپووچ، ئەو جگە لە پیشەکەی خۆی، بەهۆی زۆری ئەزموونەکەیەوە لە دروستکردنی هەر کوورەیەکی ناوچەکە و دەوروبەر، پرس و رای پێ دەکرێت و هەروەک خۆت دەڵێت تاکە وەستایە کە دەتوانێت تاقی ژێر کوورە بەشێوەیەک دروست بکات کە بەرگەی قورساییەکی زۆر بگرێت و کوورە لە رووخان بپارێزێت.

جاران کوورەکان لەناو شاری هەولێر بوون، هەر بۆیەش هەردوو گەڕەکی کووران و کوورانی عەنکاوە بەو ناوەوە کراوە، بەڵام بەهۆی پێشکەوتنەکان و فراوانبوونی شار، کوورەکان گواسترانەوە بۆ گوندەکان و ئێستاش لە گوندی عەلیاوەی سەربە ناحیەی شەمامک سەربە قەزای ناوەندی ھەولێر، بەشێک لە دانیشتووانەکەی خەریکی خشتبڕین و دروستکردنی کەرپووچن و چەند دانە کوورەیەکیش لە گوندەکە هەیە.

لە سەرەتای وەرزی بەهار تا کۆتایی وەرزی پاییزی هەموو ساڵێک، پیشەوەرانی دروستکردنی کەرپووچ لە بەرەبەیانییەکی زوو دەست دەکەن بە تێکەڵکردنی خۆڵ و کا، دواتریش دەست دەکەن بە شێلانی قوڕەکە بۆ ماوەیەک تا تێکەڵەکە بەتەواوی خەست دەبێتەوە، ئینجا لە چوارچێوەیەکی لاکێشەییدا دایدەڕێژنەوە تا وشک دەبێتەوە، دواتر لەناو کوورە دایدەنێن و لە رێگای ئاگرەوە، دەیکەنە کەرپووچ کە بۆ نۆژەنکردنەوەی شوێنەوار، دروستکردنی نانەواخانە و شوێنە کەلەپووری و مێژووییەکان بەکاردێت.

ئیسماعیل حەسەن عومەر، بە دەم بڕینی کەرپووچەوە، باسی لە مێژووی پیشەکەی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو کرد و گوتی: “ئەوەندی من بزانم، لەوەتی قەڵای هەولێر هەیە، کەرپووچیش لە هەولێر هەیە، چونکە قەڵای هەولێر بە کەرپووچ دروستکراوە، بەڵام من بۆخۆم لە ساڵی ١٩٦٢، لە تەمەنی هەشت ساڵییەوە بوومە شاگرد بە رۆژانەی یەک دەرهەم لە کوورەی کۆمەڵگای تۆبزاوەی نزیک هەولێر، ئەو دەم بەهۆی نەبوونی ئۆتۆمبێل و عارەبانە و هۆیەکانی گواستنەوە، ئەوا کەرەستەکانمان بە سواری گویدرێژ دەگواستەوە بۆ شار و ماوەی ٦٠ ساڵە لەو پیشەیە بەردەوامم”.

وەستا ئیسماعیل حەسەن گوتیشی: “ئێستاش لە کاتەکانی بەیانییدا دەست دەکەین بە تێکەڵکردنی قوڕ و کا. بۆ کەرپووچ دروستکردن، دەبێت کایەکە زۆر ورد بێت و ئیتر دەست دەکەین بە شێلانی قوڕەکە تا هەست دەکەین قوڕەکە خەست بووەتەوە، ئینجا شوێنێکی تەخت پاکدەکەینەوە و دەست بە بڕینی کەرپووچەکان دەکەین، دواتر بۆ ئەوەی کەرپووچەکە وشک بێتەوە، ئەوا لەسەر تەنیشت دایاندەنێین، ئەم پڕۆسەیە لە وەرزی هاوین پێویستی بە دوو بۆ سێ رۆژ هەیە تا وشک دەبێتەوە”.

کەرپووچەکان لە شوێنێکی تەختدا رادەخرێن تا وشک دەبنەوە، ئینجا دەگوازرێنەوە بۆ ناو کوورە و لەوێ ئاگری تێبەر دەدەن، لەبارەی پێکهاتەی کوورە و شێوازی کارکردنیان، وەستا ئیسماعیل حەسەن گوتی: “کوورە پێکهاتووە لە دەفرێکی گەورە کە لە کەرپووچ دروستکراوە و توانای لەخۆگرتنی ٤٠ بۆ ٥٠ هەزار کەرپووچی هەیە، لەژێرەوەی کوورەکە رێڕەوێک هەیە کە کوورەکەی لەسەر چەند تاقێک راگرتووە و ناوەوەی کوورەکە دیارە، لەناو کوورەکە ئەو قوڕەی کە لە قاڵبدراون، دەهێندرێن بە ریز و بە شێوەی ئەندازەیی دادەنرێت تا دەگاتە سەرەوەی کوورەکە و ئینجا دەرگاکان هەمووی دادەخرێن و لە ژێرەوەی ئاگرێک دەکرێتەوە و ئەو ئاگرە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت تا قوڕەکە دەبێتە کەرپووچ، ئینجا بۆ ماوەی سێ رۆژ لێیدەگەڕێین تا سارد دەبێتەوە، پاشان دەردەهێنین و ئاوپرژێنی دەکەین بۆ ئەوەی تەواو پتەوبێت، ئەم جۆرە کەرپووچە لە دورستکردنی خانوو، مزگەوت، نانەواخانە و نۆژەنکردنەوەی ناوچە شوێنەوارییەکان بەکاردێت”.

لە ژێرەوەی کوورەکە، دەرگایەک هەیە کە دەڕوانێتە سەر رێڕەوەکە، لەو دەرگایەوە، بەرمیلێک لەسەر لاتەنیشت دانراوە کە دوو بۆری پێوە لکاوە، بۆرییەک ئاو دەگەیەنێتە بەرمیلەکە، بۆرییەکەی دیکەیش ئاراستەی بە رووی ناوەوەی رێڕەوەکەیە، لەسەر بەرمیلەکەش، پارچە ئاسنێک هەیە کە پێی دەگوترێت (ئینگەڵاین)، سەرێکی ئەم ئاسنە بە خەزانێکەوە لکێندراوە کە نەوتی رەشی تیادایە، سەرێکی دیکەی ئاسنەکە کەوتووتە سەر ئەو بۆرییەی کە ئاراستەی بە رووی ناوەوەی کوورەکەیە.

سەرەتا لە رێگای قوماش و پەڕۆی کۆنەوە، ئاگر لە دیوی دەرەوەی بەرمیلەکە دەکرێتەوە تا ئەوکاتەی ئاوەکە دەکوڵێت و هەڵم دروست دەکات، بەهۆی ئەوەی بەرمیلەکە جگە لەو بۆرییەی کە ئاراستەی ناوەوەی کوورەکە کراوە، هیچ دەرچەیەکی دیکەی نییە، بۆیە کاتێک بۆرییەکە دەکرێتەوە ئەوا هەڵمێکی بەهێز دروست دەکات و لەو کاتەدا، نەوتی رەش دەنێرن بۆسەر هەڵمەکە و بەهۆی فشاری هەڵمەکەوە، نەوتەکە دەگاتە ئەوبەری کوورەکە و بەم جۆرە ئاگرێکی یەکسان لەناو رێڕەوەکە دروست دەبێت و لە رێگای زیادکردنی نەوتی رەشەوە، تینی ئاگرەکە بەهێز دەبێت و دەگاتە بەشی سەرەوەی کوورەکە، ئەم ئاگرە بۆ ماوەی دوو شەو و دوو رۆژ بەردەوام دەبێت، ئینجا دەیکوژێننەوە و ماوەی دوو رۆژیش چاوەڕێ دەکەن تا سارد دەبێتەوە و ئینجا دەریدەهێنن.

کوورەکانی گوندی عەلیاوە، تەمەنیان زۆرە و لەبارەی مێژووی کوورەکانی ئەو گوندەش، ئیسماعیل حەسەن عومەر گوتی: “ئەو کوورانەی ئێرە، سەرەتای شەستەکانی سەدەی رابردوو دروستکراون و چەند جارێک نۆژەنکراونەتەوە، ئەو تاقانەی من دروستی دەکەم هەمووی بە قیاساتە بۆ ئەوەی پتەوبێت و تەمەنی درێژ بێت، سەبارەت بە تاقەکانی ژێرەوەیشی، من تاکە وەستام کە تاقی هەموو کوورەکانی ئەو گوندەم داناوە و لێزانم لەمبارەیەوە بەجۆرێک تا ئێستا هیچ کام لە کوورەکان نەڕووخاون ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بەهێزی تاقەکانی ژێرەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر دیوی ناوەوەی کوورەکە بەشێوەیەکی جوان بە قوڕ سواخ بدرێت بەرلە گڕتێبەردانی، ئەوا تەمەنی کوورەکە درێژ دەکات”.

ئەگەرچی بەهۆی پێشکەوتن و بەکارهێنانی ماددە و کەرستەی دیکە لە دروستکردنی باڵەخانە و خانوودا، ئەم پیشەیە رۆژ لەدوای رۆژ کەم دەبێتەوە و جۆرە جیاوازەکانی بلۆک، شوێنی کەرپووچی گرتووەتەوە، بەڵام هێشتا لە نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارەکان، دروستکردنی گەرماو، نانەواخانە و مزگەوتەکان کەرپووچ بەکاردێت.

بارزانی و قەرەداغی كۆبوونەوە
پێشت بارزانی و قەرەداغی كۆبوونەوە
سیستمی شۆڤاژ، لە هەرێمی کوردستان، بە شێوازێکی ناتەندروست کارەکانی جێبەجێ دەکرێت و بەکار دێت
دواتر سیستمی شۆڤاژ، لە هەرێمی کوردستان، بە شێوازێکی ناتەندروست کارەکانی جێبەجێ دەکرێت و بەکار دێت