سیستمی شۆڤاژ، لە هەرێمی کوردستان، بە شێوازێکی ناتەندروست کارەکانی جێبەجێ دەکرێت و بەکار دێت



خەڵک

ساڵانێکە لە هەرێمی کوردستان هۆیە جیاوازەکانی گەرمکردنەوە بەردەستن و سیستمی جۆراوجۆر لە بازاڕەکاندا بوونیان هەیە و ئەوەی زۆر بەناوە و خەڵکی لەگەڵ دروستکردننی خانووەکانیان ساڵانێکی زۆرە بیری لێدەکەنەوە دانانی سیستمی گەرمی شۆڤاژە.

ئەم سیستمە کە لە خۆگری تانکییەکی گەورەی غاز و چەند پاکێجێکە ماوەیەکە بووەتە جێی باس و قسەی زۆری لەسەر دەکرێت بە تایبەت کە هۆکار بووە بۆ گیانلەدەستدانی دەیان هاووڵاتی کە دیارترینیان ڕووداوەکەی گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی و بەدواشیدا ڕووداوی فڕنەکەی پارێزگای دهۆک.

بۆ ئەم مەبەستە (خەڵک)، دیمانەیەکی سازداوە لەگەڵ هەڵۆ ساڵح ، شارەزای بوارەکە کە تایبەتمەندیی لێزانییەکەی لە بواری سیستمەکانی ساردی و گەرمی، غاز، ئاو ئاوەڕۆ، کە بڕوانامەی بەکالۆریۆسی تایبەت بەم بوارانەی سەرەوە هەیە و یەکێک لە خاوەنکارەکانی بوارەکەیە لە وڵاتی ئەڵمانیا، کە خاوەن و بەرێوبەری کۆمپانیای هەڵۆ زەنیتار سێرڤزە بۆ سیستمی گەرمی/ غــاز، لەبـەرلـین – ئـەڵمانیا.

 

خەڵک؛ هۆکارەکانی ئەو کارەساتە یەک لەدوای یەکانەی لە هەرێمی کوردستان بە هۆی غازەوە ڕوودەدەن بۆ چی دەگێڕنەوە، پێتان وایە نەشارەزایی دانانی سیستمەکەیە یان پێکهاتەکان خراپن یان هۆکار غازەکەیە؟

 

  • سیستمی گەرمی شۆڤاژ، لە هەرێمی کوردستان زۆر بە شێوازێکی ناتەندروست کارەکانی جێبەجێ دەکرێت و بەکار دێت، دەنا سیستمەکە بۆخۆی خزمەتی مرۆڤ دەکات، زۆرێک لەوانەی کار لەم بوارەدا دەکەن، نەشارەزایانە دەستیان داوەتە ئەم کارە، بەهێندەی ئەوەش کەلوپەل و ئامرازەکانی ئەو سیستمەی لە کوردستان بەکار دێن مەرجەکانی کواڵتییەکی باشیان نییە و ستانداردە جیهانییەکانیان تێدا ڕەچاو ناکرێت، دەکرێت بڵێین گونجاو نین، لەگەڵ ئەوەشدا خاوەنکارانی ئەم بوارە بە کەمی شارەزایی زانستییان هەیە و ئەوەی هەیە بە شێوەیەکی پراکتیکی کارەکەی وەرگرتووە و پرۆسەی بەستن و ڕێکخستنی سیستمەکە ئەنجام دەدات.

 

خەڵک؛ بوونی شێوازی سیستمەکە و دانانی تانکی لەسەر بانی ماڵەکان ئەمە تا چەند گونجاوە؟

 

  • جگە لە هەرێمی کوردستان لە هیچ شوێنێکی دنیا تانکی گەورەی پڕ لەغاز لەسەربانی ماڵ یان کارگەو شوێنەکان دانانرێت، لە وڵاتێکی وەک ئەڵمانیا، چەندین ڕێکار هەن بۆ دانانی سیستمێکی گەرمی کارپێکەر بە غاز، بە نمونە، لەباڵەخانەیەکدا یەک جیهازی تایبەت بە گەرمی دادەنرێت و دابەشی سەر یەکەکان دەکرێت، کە بۆری تایبەتی غازی بۆ ڕاکێشراوە و خەزانی غاز یان تانکی غاز بوونی نیە لەو باڵەخانەیەدا، شارێکی وەک بەرلین 1 ملیۆن و 280 هەزار کەس لە یەک کارپێکەرەوە سەرچاوەی گەرمی دەست دەخەن، نەک هەر ماڵێک بێت و سیستمێک بۆخۆی دابنێت و بە ئارەزووی خۆی چی بوێت بیکات، شار هەیە نیوەی ماڵەکانی یەک سەرچاوەی جیهازی دەستخستنی گەرمیان هەیە، ئەمە جیا لەوەی دەیان هۆکاری سەلامەتی لەسەر هەر سەرچاوەیەکی وەرگر بۆ گەرمی لە ماڵەکاندا بوونی هەیە.

 

خەڵک؛ لە وڵاتێکی وەک ئەڵمانیا، کەسێک بیەوێت لە بواری شۆڤاژدا ئەزموون وەربگرێت ماوەی چەندی پێویستە و ئەو وڵاتە چۆن ڕێگە بە کارکردنی دەدات؟

 

  • لێرە شێوازەکانی فێربوون و ئەزموونکردن هەمەجۆرن، دوو جۆریان زۆر کاریگەر و گونجاو و دانپێدانراون، جۆرێک دەبێت 36 مانگ لەم بوارەدا بخوێنێت کە ئەم خوێندنە تەنیا بۆ ڕێگەدانە بە کارکردن لە کۆمپانیایەکی تایبەت بوم بوارە و ڕێ نادات سەربەخۆ بچیت کاربکەیت، بۆ ئەوەش کە ببیتە خاوەنکاری ئەم بوارە دەبێت دوای 36 مانگ خوێندن و ساڵانێک کارکردن وەک کارمەند لە کۆمپانیایەک، پاشان 36 مانگی دیکە لەبوارەکەدا بخوێنیت، بە نزیکەی 7 ساڵ خوێندن لە ئەڵمانیا، پاشان بوار دەدرێت، کە وەک خاوەنکارێک لەم لایەنەوە کۆمپانیات هەبێت و کار بکەیت لە بواری سیستمی شۆڤاژ دا، ئەم 7 ساڵەش بەس نییە بۆ ئەوەی ئیدی لێت نەپرسنەوە دوای ئەمەش دەبێت هەموو شەش مانگ جارێک دوو هەفتە بچێت خول ببینێت و نوێکارییەکانی ئەم بوارە شارەزا ببێت.

 

خەڵک؛ سەبارەت بە بەربڵاوی سیستمەکە و دانانی تانکی و بتڵی غاز چی بکرێت باشە؟

 

  • دانانی تانکی لەسەربانی ماڵان هەر بۆ ماڵەکە مەترسی نییە، بگرە بۆ دەوروبەرەکەش زیان و مەترسی هەیە وەک ئەوەی لە کازیوە و دهۆک بینیمان، لەمەش خراپتر بوونی بتڵی غازی ماڵانە کە بۆ چێشتلێنان و ماوەیەکیشە بۆ خۆ گەرمکردنەوە بەکار دێت جێی مەترسییە، لە وڵاتێکی وەک ئەڵمانیا، ئەم دیمەنانە نابینرێت، تەنانەت بتڵی بچوکی چێشت لێنان و چا لێنانیش بوونی نیە و ئەسڵەن قەدەغەیە، حکومەتی وڵاتەکە و لایەنی بەرگری شارستانی سیستمێکیان داناوە کە ئاسانکاریەکی باشی بێ مەترسیان بۆ هاووڵاتیان بەرجەستە کردووە، سیستمی غازی ئەم وڵاتە بە بۆری تایبەت لە ژێر زەوییەوە گەیەنراوەتە هەر ماڵ و شوقەیەک، لەماڵ و شوقەکاندا، سیستمی تایبەتی بۆ دانراوە کە تەیار کراوە بە هۆیە گرنگەکانی سەلامەتی و سادەترین دەردانی غاز بوونی هەبێت سیستم دەوەستێت و غاز لەو شوێنەدا بوونی نامێنێ و لەسەرچاوەوە دەگیرێتەوە، پاشان زوو زوو ئەم سیستمە چێک دەکرێتەوە و چاودێری دەکرێت هەر بۆ ئاشانبوونی زیاترتان لەسەر پارێزراوی بۆ ئەم سیستمە کاتێک فەرعێک لە بۆری سەرەکی غاز لە زەوییەوە بۆ باڵەخانەیەک وەردەگیرێت بە چوار سیستمی کۆنترۆڵدا تێدەپەرێت، یەکێک لەوانە کۆنترۆڵی ڕێژەی پێویستی غازە بۆ هەر ماڵێک کە لە بڕی دیاریکراو تێپەڕی کرد ئەو غازە دەستبەجێ دەوەستێت، ئەمە کاری حکومەتە کە ئەزموونی وڵاتان لەم بارەیەوە بهێنێتە هەرێم و بە سەلامەترین شێوە کارەکان رێکبخات و ڕای کەسانی شارەزا لەم بوارە وەربگرێت و بەرچاوڕوون بێت کە داخۆ دەیەوێت چی بکات، پاشان گرنگە هەر وڵاتێک سیستمی تایبەت بەخۆی هەبێت نەک چاولێکەریانە هەرچی لەدەوروبەرکرا تۆ بێیت جێ بەجێی بکەیت بە بێ ئەوەی لێتکۆڵیبێتەوە و توێژینەوەت لەسەر کردبێت بزانی ئاخۆ لەگەڵ ژینگەکەت گونجاوە یان نا.

 

خەڵک؛ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان دەبینرێت غاز دەبێتە موسیبەت و خەڵک دەکوژێت، کۆی سیستمەکە هەڵەیە یان نەبوونی چاودێری و  کەمتەرخەمییە؟

 

  • من نامەێت ترس لە دڵی خەڵکدا دروست بکەم بە تایبەت ئەوانەی کە خاوەنی ئەم سیستمەن بۆ خۆ گەرمکردنەوە، بەڵام بڕواتان بێت ئەوەی لە کوردستان هەیە ناتەندروستە، هەر خودی ئەو ئامێرەی هۆکارە بۆ گەرمکردنی ئاوەکە گونجاو نیە، شتێکی وا لەم وڵاتە لەماڵی هەر کەس ببینرێت دەستبەجێ سزا دەدرێت، ئەو ئامێرە لە هیچ شوێنێکی دنیا نابەسترێت جگە لە ئێران و سووریا و هەرێمی کوردستان، هیچ وڵاتێکی دنیا دان بەو ئامێرەدا نانێت لەڕووی سەلامەتیەوە، پاشان ئەو غازەی دێتە ئەم ئامێرەو ئێستاش کە هەندێک ماڵ لە تانکیەوە بۆڕییەکی دیکەیان بۆ سەر تەباخەکانیان هێناوەتە خوار تەنیا یەک هەستەوەریان لەسەرە خۆ ئەگەر لێچوون هەبێت و ئەو هەستەوەرە تەنیا یەک دەقە کار نەکات بەسە بۆ ئەوەی غاز بڵاو بێتەوە و پەنگ بخوات و کارەسات ڕووبدات، وەک وتم لە ئەڵمانیا چوار بەربەست هەیە پاشان ئەو غازە تێپەڕدەبێت، ساڵانە چەند جارێک کۆی سیستمەکە چێک دەکرێتەوە، ناو بەناو ئەو فەرعانەی چوونەتە ناو باڵاخانەو کارگە و شوقەکان تێستدەکرێن و چێک دەکرێنەوە، لەناو ماڵەکاندا هەستەوەری تایبەت بە سەرفکردنی بڕی غاز و لێچوون هەیە بەم جۆرە کار دەکرێت و بەر لە ڕوودانی کارەسات دەگیرێت، زۆر دەگمەنە ڕووداوێک بە هۆی غاز لەم وڵاتە ڕوویدابێت بۆ؟ لایەنی هۆشیاری و چاودێری بەهێزە، دووبارەی دەکەمەوە بەداخەوە ئەوانەی کە کار لەم بوارە دەکەن لە هەرێمی کوردستان خاوەنی بروانامەی زانستی تایبەت بە بوارەکە نین.

 

خەڵک؛ گەر داواتان لێبکرێت ئەزموونی خۆتان بدەنە کەسانی دیکە لە هەرێمی کوردستان ئامادەیی هاوکاریتان تێدا هەیە؟

 

  • من پێشتر نامەم بۆ چەندین خاوەنکار و سەرمایەداری هەرێمی کوردستان ناردووە و داوام لێکردوون کە هاوکارمان بن لە کردنەوەی کۆلێجێک تایبەت بە پێگەیاندنی کەسانی کارکەر لەبواری سیستمەکانی ساردی و گەرمی، تا بتوانین لە ڕێی خۆمان و مامۆستایانی شارەزای ئەڵمانی و ئەوروپایی بێین و کەسانێک پێبگەیەنین کە زانستیانە تایبەتمەند بن بەم بوارە، بەڵام بە داخەوە وەڵامی داواکارییەکەمان نەدراوەتەوە.

 

خەڵک؛ جیا لەم باسە، پرسی وزە ئێستا لە جیهاندا بووەتە گرفت بەهۆی جەنگی ڕووسیا و ئۆکراین، دەمەوێت بزانم ئەم زستانە دۆخی ئەڵمانیا لە ڕووی دابینی سووتەمەنی چۆن دەبێت؟

 

  • ئەڵمانیا وڵاتێکی خاوەن سیستمە، پلانی درێژخایەنی هەمەجۆری بۆ بوارە گرنگەکانی ژیان هەیە، وڵاتێکی وا گەورە ئاسان هەندێک بارودۆخ تێناپەڕێت بەسەریدا، بگرە خۆی بۆ ئەگەرەکان ئامادە دەکات و دنیا بینی هەیە بۆ ڕووداوەکان، ئەم وڵاتە خاوەنی سەدان خەزانی عەمبارکردنی سووتەمەنییە لە نێویاندا غاز، بەر لە ڕوودانی جەنگ ئەڵمانیا سیاسەتی خۆی هەبووە بۆ پێدانی سووتەمەنی بە هاووڵاتیانی و بیریشی لە عەمبارکردنی برێکی زۆر لە غاز و سووتەمەنی کردووەتەوە، ساڵانی ڕابردوو لە 15-9 وە، دانیشتوانی باکووری ئەوروپا پێویستبووە کە سیستمی گەرمکەرەوەکانیان بەکار بخەن، دیارە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا ئەمەش چانسێکە کە وڵاتانی چاو لەدەستی غازی ڕووسیا درەنگتر سیستمەکانیان بەکاربخەن و سووتەمەنی بەکاربهێنن، بۆیە وا لەکۆتاییەکانی مانگی یانزەداین و چەند ڕۆژێکە لەم وڵاتە سیستمەکانی گەرمی بەگەڕ خراون.
60 ساڵ تەمەن لە دروستکردنی خشتی قوڕ و کەرپووچ دا
پێشت 60 ساڵ تەمەن لە دروستکردنی خشتی قوڕ و کەرپووچ دا
فێستیڤاڵی هەنگوین لە سلێمانی دەستپێدەكات
دواتر فێستیڤاڵی هەنگوین لە سلێمانی دەستپێدەكات