ناكۆكی لەنێوان دیمەشق و قامیشلۆ لەسەر دابەشكردنی هاوكارییەكان سەرهەڵدەدات



 

ناكۆكی توند لەنێوان بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری ڕۆژئاوای كوردستان و حكومەتی سووریا سەرهەڵدەدات لە سەر گەیاندنی هاوكارییەكانی ڕۆژئاوا بە بوومەلەرزەلێدراوانی هەرێمی عەفرین و ناوچەكانی دیكە.

بەپێی سەرچاوە ناوچەییەكان، حكومەتی سووریا ڕێگریكردووە لە گەیاندنی هاوكارییەكانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بۆ ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەكان.

بەپێی زانیارییەكان، دیمەشق مەرجی هەیە بۆ ڕێگادان بە گواستنەوەی هاوكارییەكان، ئەویش دەبێت ئەو هاوكارییانە لەڕێگای مانگی سووریی سووریاوە دابەشبكرێن، نەك مانگی سووری كوردی .

هەروەها دیمەشق مەرجی هەیە لە بەرامبەر ڕێگدان بە گواستنەوەی 30 تانكەر سووتەمەنی، دەبێت بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر 70 تانكەر سووتەمەنی بۆ دیمەشق بنێرێت.

ماوەی شەش ڕۆژە، دەوڵەتی سووریا ڕێگەی نەداوە كاروانی هاوكارییەكانی ڕۆژئاوا بۆ ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەكان بگاتە ناوچە كارەساتباربووەكان.

سەرچاوەكان دەڵێن، دیمەشق ئامانجی ئەوەیە هاوكارییەكان بەرەو ناوچە كارەساتباربووەكانی ژێر دەستی خۆی ڕابگوێزێت لەبری ناوچەكانی ژێردەستی گرووپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریای سەر بە توركیا لە هەرێمی عەفرینی ڕۆژئاوای كوردستان و پارێزگەی ئیدلب.

گەیاندنی هاوكارییەكان بە لێقەوماوانی ڕۆژئاوای كوردستان و باكووری سووریا خەریكە دەبێتە قەیرانێكی نێودەوڵەتی، هەزاران كەس ژیانیان لەمەترسیدایە و ملیۆنانیش بێ ماڵ و حاڵن، بەڵام تا ئێستا بەشێوەیەكی ڕێكوپێك هاوكارییەكان نەگەیشتوون.

گرووپە چەكدارە توندڕۆكانی سەر بە توركیا لە هەرێمی عەفرین دەست بەسەر بەشێكی ئەو هاوكارییانەدا دەگرن كە لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ ناوچەكە ڕەوانەكراون.

ئەندامانی گرووپی چەكداری سوڵتان سلێمان شا نزیك لە توركیا، ئەو هاوكارییە مرۆییانەی لە هەرێمی كوردستانەوە پێشكەشی شارۆچكەی جێندرێس لەگوندەوارەكانی عەفرین كرابوون بەشێكیان بۆ خۆیان بردووەو بەتەواوەتی دابەشنەكراون.

رۆژی هەینی ڕابردوو چواردە بارهەڵگر لە هەرێمی كوردستانەوە ڕۆیشتونەتە ناو دەروازەی سنووری باب سەلامە لە نزیك شاری عەزاز لە باكووری حەلەب بەرەو ناوچەی عەفرین، هەروەها بۆ چوونە ژوورەوەی هەر بارهەڵگرێك بۆ ئەو ناوچانە هەزار دۆلاریان بە گرووپەكە داوە.

رێكخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت: نزیكەی 26 ملیۆن كەس بەهۆی بوومەلەرزەكەوە زیانیان بەركەوتووە و داوای 42.8 ملیۆن دۆلاری كرد بۆ ئەوەی پێداویستییە تەندروستییەكان بۆ زیانلێكەوتووەكانی بوومەلەرزەكە لە ناوچەكەدا دابینبكرێن.

نەتەوە یەكگرتووەكان هۆشداری دەدات لەوەی 870 هەزار كەس لە سەرتاسەری باكوور و رۆژئاوای كوردستان، توركیا و سووریا پێویستییان بە هاوكاریی خێرای مرۆیی هەیە.

هاوكات، دەڵێت، سەروو 5.3 ملیۆن كەسیش بەهۆی بوومەلەرزەكەوە دەربەدەربوون.

لە بوومەلەرزەكان لە سووریا و ڕۆژئاوای كوردستان بەپێی ئامارەكان زیاتر لە پێنج هەزار گیان لەدەستدان و حەوت هەزار بریندار هەن.

كرێی بەستنی پێوەری ئاو كەمكرایەوە
پێشت كرێی بەستنی پێوەری ئاو كەمكرایەوە
نێچیرڤان بارزانی: ئامادەین بۆ هاوکاریکردنی قوربانیانی بوومەلەرزەکەی تورکیا
دواتر نێچیرڤان بارزانی: ئامادەین بۆ هاوکاریکردنی قوربانیانی بوومەلەرزەکەی تورکیا
پەیوەندیدار