بڕیاری لێخۆشبوون لە كرێی ئاو بۆ بەستنی پێوەر نوێ كرایەوە



لەبەر بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتییان، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەسەر داوای وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕەزامەندی دا بە نوێكردنەوەی بڕیاری لێخۆشبوونی بەشێكی كرێی ئاو بۆ ئەو هاوبەشانەی تاوەكوو ئێستا پێوەری ئاویان نەبەستاوە.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دوای ئەوەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە ماوەی 8 مانگدا هەڵسەنگاندنی بۆ بابەتی لێخۆشبوونی كرێی بەستنی پێوەری ئاو كرد، ئەو بڕیارە سوودێكی زۆر باشی بۆ هاووڵاتییان هەبوو، بەهۆیەوە ڕێژەی بەستنی پێوەری ئاو لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان بەرزبووەوە و گەیشتە نزیكەی 80% و ئەمەش كاریگەرییەكی زۆر باشی هەبوو.

وتیشی، “لەمڕۆوە ئەو بڕیارەی لێخۆشبوونی بەستنی پێوەری ئاو تاكوو 21/4/2023 لەبەر بەرژەوەندی هاووڵاتییان نوێكراوەتەوە، هاووڵاتییان لە ئێستاوە دەتوانن سەردانی بنكە و بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاو و كۆكردنەوەی كرێی ئاو بكەن بۆ ئەوەی مامەڵەی بەستنی پێوەریان بۆ جێبەجێ بكرێت”.

سەبارەت بە كەمكردنەوەی كرێی ئاو لە سەنتەری شارە گەورەكان وتی، “لە هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە، هەر هاووڵاتییەك مامەڵەی بەستانی پێوەری ئاو بكات، لێخۆشبوونی بۆ دەكرێت، كە پێشتر 80 هەزار دینار بووە، بەڵام ئێستا بۆی دەكرێتە تەنیا 20 هەزار دینار”.

سەبارەت بە دەرەوەی سەنتەری شارە گەورەكان، وتیشی، “لە هەر قەزا و ناحیە و كۆمەڵگەیەك كە پێوەری تێدا دەبەسترێت، لە 80 هەزار دینارەوە بۆیان دەكرێتە تەنیا 10 هەزار دینار، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەكەین هەتا زووە سوود لەم ماوە دیاریكراوە وەربگرن و سەردانی بنكە و بەڕێوەبەرایەتییەكان بكەن بۆ جێبەجێكردنی مامەڵەكانیان، چونكە ئەو بڕیارە نوێ ناكرێتەوە”.

كەركوك، شەڕ و پێكدادان لەنێوان دژە تیرۆر و داعش دروستبوو
پێشت كەركوك، شەڕ و پێكدادان لەنێوان دژە تیرۆر و داعش دروستبوو
كۆشكی سپی بابەتی بونەوەرە فەزاییەكان یەكلایی دەكاتەوە
دواتر كۆشكی سپی بابەتی بونەوەرە فەزاییەكان یەكلایی دەكاتەوە
ەیوەندیدار