هۆشداریی لەبەرزبوونەوەی ژمارەی قووربانیانی بوومەلەرزە دەدرێت



 

تا دێت ژمارەی گیان لەدەستدان بە بوومەلەرزەكان لە باكوور و ڕۆژئاوای كوردستان، توركیا و سووریا بەرزتر دەبێتەوە، ئەمڕۆ یەك شەممە ژمارەكە گەیشتە 30 هەزار گیان لەدەستدان.

یاریدەدەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری مرۆیی مارتن گریڤیس هۆشداری لە چەندهێندەبوونی ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەكانی باكوورو ڕۆژئاوای كوردستان، توركیا و سووریاوە دەدات، كە ئێستا گەیشتووەتە نزیكی 30 هەزار كەس.

دوێنێ شەممە گریڤیس گەیشتە شاری مەڕەش لە باكووری كوردستان كە ناوەندی بوومەلەرزە بەهێزەكەی هەفتەی ڕابردوو بوو، بەهۆیەوە تا ئێستا 30 هەزار كەس گیانیان لەدەستداوە.

یاریدەدەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ سكاینیوز ڕایگەیاند، ئەستەمە بتوانرێت بەوردی ئاماری كۆتایی قوربانیان دیاریبكرێت، چونكە هێشتا زۆر كەس لە ژێر باڵەخانە ڕووخاوەكاندان، ڕەنگە ژمارەكە دوو هێندە یان زیاتریش ببێت، جارێ ناتوانرێـت ئاماری كۆتایی گیانلەدەستدان بزانرێت.

ڕەوشی باكوور و ڕۆژئاوای كوردستان
-پڕۆسەی گەڕان و ڕزگاركردن لە سەرمایەكی توونددا بەردەوامە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا ڕایگەیاند سەرما پرۆسەی ڕزگاكردنی زەحمەتكردووە.
-24 هەزار باڵەخانە لە 10 شاری باكووری كوردستان و توركیا ڕووخاون.
-ژمارەی گیان لەدەستدان لە ڕۆژئاوای كوردستان و باكووری سووریا گەیشتە 5200 كەس.
-بەهۆی بوومەلەرزەوە 5.3 ملیۆن كەس لە سووریا و ڕۆژئاوای كوردستان ئاوارە بوون.

-نەتەوە یەكگرتووەكان هۆشداریداوە لەوەی بەلای كەمەوە 780 كەس پێویستیی بەپەلەیان بە خۆراك هەیە.

-ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند 26 ملیۆن كەس بە بوومەلەرزەكە كاریگەر بوون و زۆرتر لە چوار هەزار باڵەخانە ڕووخاون.

-ڕەوشی تەندروستی لە باكووری سووریا و ڕۆژئاوای كوردستان زۆر خراپە، بەهۆی جەنگی ساڵانی ڕابردووەوە زۆرینەی ناوەندە تەندروستییەكان وێران بوون.

بەپێی سەرچاوە ناوخۆییەكان لە توركیا ئەگەری هەیە نزیكەی 200 هەزار كەس لە ژێر داروپەردووی باڵەخانە ڕووخاوەكاندا مابن، ئەگەری زیندوومانەوەیان زۆر كەمە، چونكە ئەمڕۆ حەوت ڕۆژ بەسەر بوومەلەرزەكەی هەفتەی ڕابردوودا تێپەڕ دەبێت، تادێت چانسی زیندوومانیان كەمدەبێتەوە، تیمە فریاگوزارییەكان كێبڕكێ لەگەڵ كاتدا دەكەن.

دوای تێپەڕینی شەش ڕۆژ بەسەر بوومەلەرزەكەی هەفتەی ڕابردوودا پرۆسەی گەڕان و ڕزگاركردن بەردەوامە، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا چەند كەسی دیكە ڕزگاركران و لە ژێر داروپەردووی باڵەخانەكاندا دەرهێنراونەتەوە.

چێشتلێنەرەکەی پوتین “پێشبینی” کۆتاییهاتنی شەڕی ئۆکراین دەکات
پێشت چێشتلێنەرەکەی پوتین “پێشبینی” کۆتاییهاتنی شەڕی ئۆکراین دەکات
بەفر هاتووچۆی ڕێگایەكی پێنجوێنی ئەستەم كردووە
دواتر بەفر هاتووچۆی ڕێگایەكی پێنجوێنی ئەستەم كردووە
ەیوەندیدار