بوومەلەرزە لە باكوور و ڕۆژئاوای كوردستان كارەساتی دروستكرد



بەرەبەیانی ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەكی بەهێز بەگوڕی 7.4 پلەی ڕێختەر باكوور و ڕۆژئاوای كوردستان و ناوچەكانی دیكەی توركیا و سووریای هەژاند.
بەپێی ئامارە بەراییەكان لە ڕۆژئاوای كوردستان و سووریا 111 كەس گیانیان لە دەستداوە و زیاتر لە 500 كەسیش بریندار بوون.

بەپێی ئامارەكان لە باكووری كوردستان 76 كەس گیانیان لەدەستداوە و سەدانی دیكەش بریندارن.

وەزیری ناوخۆی توركیا، سولەیمان سۆیلو سەبارەت بەو بوومەلەرزەیەی بەگوڕی ٧،٤ پلە قەزای پازارجكی سەربە پارێزگای مەڕەشی هەژاند رایگەیاند، بوومەلەرزەكە، كاریگەری كردووەتە سەر پارێزگاكانی عەنتاب، عوسمانیە، ماڵاتیا، ئادیامان، ئادانا، ئامەد، كیلیس و ئورفا.

ڕاشیگەیاند: “لە زۆر شوێنەوە هەواڵمان پێدەگات. لە ئێستادا تیمەكانمان ڕەوانەی ناوچە كارەساتبارەكە كراون. فڕۆكە بارهەڵگرەكانمان لە ئامادەباشیدان و ڕەوانەی ناوچەكە كراون. گرنگە هاووڵاتییان لە شوێنەكانیان ئۆتۆمبێل بەكارنەهێنن. كاری لە پێشینەمان ڕزگاركردنی ئەو كەسانەیە كەوتوونەتە ژێر داروپەردووی ڕووخا و ڕەوانەكردنیانە بۆ نەخۆشخانە. هەموو تیمەكانمان لە حاڵەتی ئامادەباشیدان. ئاستی ئاگاداری چوارمان ڕاگەیاندووە. ئەمە ئاگادارییەكە هاوكاری نێودەوڵەتیش دەگرێتەوە”.

ڕاشیگەیاند: “تا ئێستا شەش بوومەلەرزە بە گوڕی زیاتر لە شەش پلە روویانداوە”.

هەروەها سولەیمان سۆیلو باسی لە كارەكانی گەڕان و ڕزگاركردن كرد و، ڕایگەیاند: “لە زۆر شوێنی توركیاوە تیمی گەڕان و ڕزگاركردن ڕەوانەی ناوچەكە دەكرێت. ئێمەش لەگەڵ وەزیرانی هاوڕێماندا سەردانی ناوچەكە دەكەین. فڕۆكە بارهەڵگرەكانمان ئامادەن. زیانی گیانیمان هەیە”.

ڕاشیگەیاند: ”لە ئێستادا ناتوانین شتێكی تەواو لەبارەی ڕووخانی بینا و زیانە گیانییەكان بڵێین”.

پارێزگاری ئامەد، عەلی ئیحسان سو دەڵێت: ”(لە بوومەلەرزەكەدا) شەش بینا داڕووخاوە، شەش هاووڵاتیمان گیانیان لەدەستداوە، ٧٩ هاووڵاتیشمان برینداربوون”.

تیمێكی گەڕان و فریاكەوتن سەر بە سەرۆكایەتی ئیدارەدانی كارەسات و باری لەناكاو (AFAD) بە مەبەستی یارمەتیدانی لێقەوماوان و ڕزگاركردنیان لە هەر یەكە لە پارێزگاكانی ئەرزەرۆم، قەرس و ئاگرییەوە بەرەو شوێنی لێقەوماوانی بوومەلەرزە بەڕێ كەوتن.

ئافاد رایگەیاند تا كاتژمێر ٠٦:٣٠ی بەیانی ئەمڕۆ، ٧٦ كەس بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیەوە گیانیان لەدەستداوە كە بە گوڕی ٧،٤ پلە قەزای پازارجیكی مەڕەشی هەژاند و ٤٤٠ كەسی دیكەش برینداربوون.

پارێزگاری ماڵاتیا، خوڵوسی شاهین ئاماژەی بەوە كرد، تا ئێستا ٢٣ كەس بەهۆی بوومەلەرزەكەوە گیانیان لەدەستداوە و٤٢٠ كەس برینداربوون و ١٤٠ بیناش داڕووخاون.

پارێزگاری عەنتاب، داود گول ڕایگەیاند، ”لە ساتی ڕوودانی بوومەلەرزەكەوە ٦٥٧ هەواڵمان پێگەیشتووە، هەڵسەنگاندن بۆ هەمووی كراوە، لە سەرانسەری پارێزگاكەدا ٥٣١ داڕووخان روویداوە”.

پەیوەندییەكانی سەرۆكایەتیی توركیا ڕایگەیاند، بەهۆی بوومەلەرزەكەوە ئۆپەراسیۆنەكانی توانای زیادكردن و كردنەوەی هێڵە داخراوەكان دەكەنەوە و خزمەتگوزاری ئینتەرنێت پێشكەش دەكەن.

سەرۆك كۆماری توركیا ئەردۆغان، لەگەڵ پارێزگارەكانی ئادانا، ماڵاتیا، عەنتاب، ئامەد، هاتای، ئادیامان، عوسمانییە و ئورفا پەیوەندی تەلەفۆنی ئەنجامدا سەبارەت بە ڕەوشی پاش بوومەلەرزەكە.

ئەمریكا ئامادەیی هاوكاری بۆ توركیا دەربڕی
پێشت ئەمریكا ئامادەیی هاوكاری بۆ توركیا دەربڕی
بەلەمێکی کۆچبەران لە یۆنان ژێر ئاو کەوت
دواتر بەلەمێکی کۆچبەران لە یۆنان ژێر ئاو کەوت
ەیوەندیدار