فەتح بۆ (خەڵك): بڕیارەكەی دادگای فیدراڵ بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان پاشگەزبوونەوەی نییە



ئینتیسار جەزائیری، پەرلەمانتاری هاو پەیمانی فەتح پێیوایە، بڕیارەكەی دادگای فیدراڵ بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان، شیاوی تانەلێدان و پاشگەزبوونەوە نییە، بەپێویستیشی دەزانێت حكومەتی هەرێمی كوردستان بەخۆیدا بچێتەوە لەبەرامبەر وەرگرتنی پشكی هەرێم لە بودجەی گشتیدا و مافی حكومەتی فیدراڵ لەو ڕووەوە زەوت نەكات.


ئینتیسار جەزائیری لە لێدوانێكی تایبەت بە (خەڵك) ڕایگەیاند:”حكومەتی هەرێمی كوردستان كە داوای پشكی 17%ی بودجەی گشتی عیراق دەكات، پێویستە ئەو پابەندبوونانەی دەكەوێتە ئەستۆی بەرامبەر بە حكومەتی فیدراڵ جێبەجێیان بكات، چونكە شیاو نییە داهاتی نەوتی بەسرە ببات و لە بەسرە زیاتر سود مەندبێت”.

جەزائیری لەڕووی مووچەی فەرمانبەران و هاوكاریكردنی توێژی هەژاران، بەراورد لەنێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم دەكات و دەڵێت:”حكومەتی فیدراڵ خەمی سەرەكی دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران و هاوكاریكردنی تۆڕی چاودێری كۆمەڵاتییە، ئەوەشی كردۆتە خەمی سەرەكی خۆی، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان بە تەنگ هاووڵاتیانی خۆیەوە نییە و بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران پشت بە حكومەتی فیدراڵ دەبەستێت، لەكاتێكدا هیچ پابەندبونێكی بەرامبەر بە مەركەز نییە و خۆی بە بڵندتر لە عیراق دەبینێت”.

پەرلەمانتارەكەی فەتح، جارێكی تر جەخت لەسەر پێویستی بەخۆداچوونەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكاتەوە بەرامبەر بە هاووڵاتیانی خۆی و بەرامبەر بە حكومەتی فیدراڵ و بەلایەوە “ئەستەمە دادگای فیدراڵ لە دوایین بڕیاری خۆی لەبارەی نەناردنی “پارە بۆ حكومەتی هەرێم پاشگەز ببێتەوە.

لەم ماوەیەی دواییدا دادگای فیدراڵی عیراق بڕیاریدا بە نادروستیی سەرجەم ئەو بڕیارانەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق كە لە ساڵی 2021 دەركراون و تایبەتن بە رەوانەكردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان.

 

پۆلیسی سلێمانی حەوت تۆمەتباری دەستگیركرد
پێشت پۆلیسی سلێمانی حەوت تۆمەتباری دەستگیركرد
مارەیی كچێك ئۆتۆمبێلێكی “جی كڵاس و دەمانچەیەكی تارق”ە
دواتر مارەیی كچێك ئۆتۆمبێلێكی “جی كڵاس و دەمانچەیەكی تارق”ە
ەیوەندیدار