بایدن و سودانی بە تەلەفۆن ڕێككەوتن



هەردوو سەرۆكی ئەمریكا و سەرۆك وەزیرانی عێراق لەڕێی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵاتیان تاوتوێ‌ كرد و ڕێككەوتن لەسەر ئەوەی شاندێكی باڵای عێراق بچێتە ئەمریكا بۆ گفتوگۆ كردن لەسەر پرسی دۆلار و وزە و ئابووری.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە تاوتوێ كرد.

سەرۆکی ئەمریکا لەمیانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا پاڵپشتی بەردەوامی خۆی بۆ عێراقێکی سەقامگیر و ئاسایش و سەروەری و پەرەپێدانی هاوکاریی هەردوو وڵات لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی نێوان ئەمریکا و عێراق دووپاتکردەوە.

هەر بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، بایدن خواستی خۆی دەربڕی بۆ پشتیوانی لە دیدگای سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ بەدیهێنانی ئایندەیەکی خۆشگوزەرانتر بۆ گەلی عێراق.

لای خۆشیەوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق سوپاسی بایدن-ی کرد بۆ پابەندبوونی بە پتەوکردن و پەرەپێدانی پەیوەندی لەگەڵ عێراق لە هەموو بوارەکاندا و پابەندبوونی هاوبەشی هەردوو وڵاتیان بۆ شکستی هەمیشەیی داعش دووپات كردەوە.

بایدن ڕایگەیاندووە، كە پێشوازی لە سەردانەکەی فوئاد حسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە لە هەفتەی داهاتوو بۆ واشنتۆن دەكات، کە گفتوگۆکانی تیشک دەخاتە سەر دەرفەتە ئابوورییەکان و هاوکاری لە بواری وزە و کەشوهەوا.

وەك لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، “سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەمریکا کۆک بوون لەسەر ئەوەی سەقامگیری ناوچەکە پەیوەستە بە سەقامگیری عێراق و نابێت عێراق بكرێتە گۆڕەپانی هێرشکردنە سەر دراوسێکانی یان شوێنی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆر، کە لەسەر بانگهێشتی عێراق هاتوون”.

هاوكات هەردوو سەرۆك ڕێککەوتن لەسەر مانەوە لە پەیوەندی بەردەوام لە چەند مانگی داهاتوودا بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە نزیکەکانی نێوان هەردوو وڵات.

 

غامدی: پەچە نەریتێكی بۆ ماوەییە و لە ئیسلامدا نییە
پێشت غامدی: پەچە نەریتێكی بۆ ماوەییە و لە ئیسلامدا نییە
نرخی ئەمپێرى مۆلیدە بۆ مانگی یەك دیاری كرا
دواتر نرخی ئەمپێرى مۆلیدە بۆ مانگی یەك دیاری كرا
ەیوەندیدار