خاوەنی چەند كۆمپانیایەك لەسەر بە قاچاخ بردنی دراو دەستگیركران



 

بەتۆمەتی یاریكردن بە نرخی دراو و بەقاچاخبردنی، خاوەنی چەند كۆمپانیایەكی گەورە لە لایەن دەزگای ئاسایشی نیشتیمانیی عێراقەوە دەستگیركران.

هاوكات شانەی راگەیاندنی ئەمنی دەستگیركردنی چوار كەسی دیكەی راگەیاند بەتۆمەتی ئەوەی بەشێوەیەكی نافەرمی كاری حەواڵەكردنی دراویان كردووە و 278 هەزار دۆلار و 660 ملیۆن دیناریان پێگیراوە.

ئەرشەد حاكم، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاشكرایكرد، ژمارەیەك لە خاوەنی “كۆمپانیا گەورەكان”یان دەستگیركردووە كە یارییان بە نرخی دراو كردووە و بەقاچاخ بردوویانەتە دەرەوە.

ئاماژەی بە ئەوەش كردووە، ئەو پڕۆسەیە لەدوای هەوڵی هەواڵگری و لەسەر بنەمای فەرمانی دادوەر بووە و لە چوارچێوەی پلان و هەوڵی حكومەت بۆ كۆنتڕۆڵكردنی بەقاچاخبردنی دراو، پرۆسەكە بەردەوام دەبێت، تاوەكو سەرجەم داواكراوان دەستگیردەكرێن.

بەقاچاخبردنی دۆلار بۆ دەرەوەی عێراق، بەیەكێك لە هۆكارەكانی دابەزینی بەهای دینار دەزانرێت بەرامبەر بە دۆلار، كە بەهۆیەوە 2ی شووبات بۆ یەكەمجار بەهای 100 دۆلار گەیشتە سەرووی 175 هەزار دینار.

هاوكات شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە ڕاگەیاندراوێكدا ڕایگەیاند، بەتۆمەتی حەواڵەی دەرەكی بەشێوەی نافەرمی، چوار كەسیان دەستگیركردووە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، ئەو چوار كەسە لە پارێزگاكانی بەغدا، نەینەوا، سەلاحەدین دەستگیركراون و لە رێگەی دۆلار فرۆشی دەستگێڕ و چەند كۆمپانیایەكەوە پارەیان بردووەتە یەكێك لە وڵاتانی دراوسێ و لەكاتی دەستگیركردنیاندا 278 هەزار دۆلار و 660 ملیۆن دیناریان پێگیراوە.

 

دژی دابەزینی بەهای دینار خۆپیشاندان دەكرێت
پێشت دژی دابەزینی بەهای دینار خۆپیشاندان دەكرێت
داوای دەستلەكاركێشانەوە لە سوودانی دەكرێت
دواتر داوای دەستلەكاركێشانەوە لە سوودانی دەكرێت
ەیوەندیدار