چی ڕودەدا لەم هەرێمە؟



سەمەد زەنگەنە

حاجی قادر جوانی فەرموە :

(لەبەر حیزە بەخۆی و ناتەبایی،لە ژێری حیزی حیزان بوین بە دۆشەك

هەتا وەك ئاگری بن كان لەگەڵ یەك، ئەگەر تۆفان بێ‌ لەشكرتان بە پوشەك

لە گوێی گا نوستون بۆێكە ڕێوی،لەسەر ئێوە وەها شێرگیرە وەك سەگ)

بە ڕاستی وایە ، نەك هەر بوین بە دۆشەك، بوین بە دەسماڵی نێو قەدی سەماكەرێكی لەشفرۆش، ئەو سەماكەرەی دەستبردن بۆ سمت و سۆڵ و كەمەرو عەورەتیشی نەریتێكی ئاسایی شەوە سورەكانە.

ئێوە ببینن لەم هەرێمە، لەم كولانە سەگەی ئەو خەڵكە خێر لەخۆنەدیوەی تێدا دەژی چی دەگوزەرێ‌ ،شاعیرێك پڕ بە گەروی هاوار دەكا:(وەرن با ببین بە سەگ) ! لە ناو سەگانیشدا زۆربەمان تەممەننا دەكەین لە هاوینێكی هەڵقرچاودا خۆ بخزێنینە ژێر كوڵەنانێكی فێنك و لە زستانیشداو لەم وڵاتی نەوتەدا لە پەنای زۆپەیەكی داربەڕودا هەلكورمێین .

گوێ‌ ڕادێرن چی دەگوترێ‌ ؟ كارێكی وەها بە یەك دەكەین، ئەوەندە جنێوی سوكمان بە یەكدی داوە شەرەف و كەرامەت و كەسێتی یەكدیمان كردوە بە كلێنیكسی دوای دامركاندنەوەی حەزە ئاژەڵییەکان .

ئەوەندە خاك و نیشتمان و خوێنی یەكدیمان فرۆشتوە، ئینتیماو سنورو ئاڵامان لێبۆتە سوكترین حیوارەكانی فلمێكی پۆرن و جرت بۆ مێژوو سەروەریەكانمان لێدەدەین .

ئێمە كەی پەند لە مێژویەكی دورودرێژی تەبەعیەتی گەلی سەردەست و داگیركردنی ئەم خاكە وەردەگرین كە پێی دەوترێت كوردستان ؟ ئەوەی سەلمێندراوە لە شەڕی چاڵدێرانی (1514) ەوە بەشێكمان سەفەوی و بەشێكمان عوسمانین، چ جای گەڕانەوە بۆ لەشكری سوپای ئیسلام و داگیركردنی جلەولاو شارەزور، كە ئێستەش ئەبا عوبەیدوللە مەزاری پیرۆزی عەبابەیلێیەو دۆڵی مقاوەمەی كوردانیش دۆڵی گاورانە .

– كەی شەڕی كوردكوژەی براكوژەی پەنجاوحەوت ساڵەی جەلالی و مەلایی لە یاد دەكەین، كەی ڕق و كینەی بادینی و سۆرانی دادەمركێنینەوە؟

كەی گۆڕەپانی ئەولای تەراتێنی نەوەكانی سوڵتان و ئەملای سەفەوی دادەخەین؟

كەی لە نوسینەوەی بیرەوەرییەكانمان و شێواندنی مێژوی یەكدی كۆڵدەدەین و تەنها یەك لاپەڕەی تەبایی و ئاشتەوایی دەنوسینەوە؟

كاك مەسعود مێژووی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردی  نوسیەوە و مام جەلال و یەكێتییەكەی نەك تەنها لە یادكرد، بەڵكو لەو مێژوەش توڕی هەڵدانە دەرەوە  .

چاوەڕێی وەڵامی یەكێتیش بكەن ، كاك مەسعود و پارتی دەكەن بە جاشی بەر لەشكری سوپای دەوڵەتانی دراوسێ‌ .

كاك نەوشیروان مێژوی دەستەكانی شۆڕشی نوسیەوەو پەنجەكانی شكاند .

مەلا بەختیار بە هەرچوار لادا دەكوتێ‌ و دەكوژێ‌ و ناشارێتەوە .

سەركردەكانی پارتیش دەست و دەمیان بەستراوە، ئەگینا مێژوی ئەو بزوتنەوەیە دەكەن بە پەندی زەمانە .

كەی دەتوانین ئەوە بسەلمێنن كە ئێمە نەوەی جنۆكەو شەیتانەكان نین و گاوانی كوردی و سەلاحەدینی ئەیوبی لە مناڵدانی دایكانی كوردەوە لە دایك بوون ؟

كەی دەتوانین وەڵامی ئەو پرسیارە واقیعی و لۆژیكییە بدەینەوە كە جێگەی توانجی نەیارەكانمانە:( بۆچی حەفتا ملیۆن مرۆڤ هەتا ئێستەش دەوڵەتێكیان نیە ؟)، كەواتە یان مێژوەكەشمان وەكو خەباتەكەمان فشەیە، یان ئێمە نەتەوە نین و پاشماوەی لاقەكردنی داگیركەرانی ئەم خاكەین! لە دە هەزار سوارەی گریكەوە هەتا درۆنەكانی ئەم سەردەمە، لە سەرخاكدا خۆمان و لە سەروشمانەوە ئاسمانەكانمان لاقە دەكەن .

ماقوڵە لە فەجری تاریخەوە كورد سەركردەیەكی لەخۆبوردەی كوردپەرستی تێدا هەڵنەكەوتبێ‌، ناوچەگەری و عەشیرەتگەری و خێڵپەرستی نەكات؟

ماقوڵە ئەمریكا لە دبلن و عێراق لە بەغداو ئێران لە تارانەوە نێوەندگیری شەڕی براكوژی ئێمە بكەن؟

ئەگەر دەتانەوێت بیسەلمێنن كە من درۆزن و بێمێشك و هیچ نەزانم و ئێوەش سەركردەیەكی ڕاستگۆو شەریف و پاكن، گەر دەتانەوێت بیسەلمێنن ئێوە لەم ململانێیەی یەكدیدا بێمنەت و بێباكن .

گەر دەتانەوێت نەوەكانی ئایندە نەتانخاتە بەر نەفرەتی مێژوو، بەسە ئیدی، ئێوە شتێك نەما بە یەكدی و بە كوردیشی نەكەن، هەر لە تۆمەتی جاش و خائین و خۆفرۆشەوە هەتا دەگاتە بڵاوكردنەوە و فۆتۆشۆپی سەرو جەستەو ناوگەڵی  یەكتری .

بەسە ئیدی، هەڵبژاردنەكان پێتاندەڵێت ئەم گەلە چەندێ‌ لێتان بێزارە، چەند لێتان دوركەوتۆتەوە، چەند لێتان توڕەیە، چەند بێئومێدە، چەند تەمەننا دەكات ڕۆژێك زوتر بنەو بارەگاكانتان بپێچنەوەو بڕۆن .

بەسە ئیدی، ئێستە كاتی ڕێكەوتنێكی ستراتیژیی نوێیە لە نێوان یەكێتی و پارتیدا .

بەڵام چۆن ڕێكەوتننامەیەك، چۆن ستراتیژێك ؟

مەرد بن و لە نێوخۆدا هەلپەرست و مشەخۆرو پۆپۆلیستەكانی ناتەبایی و سودمەندان و هەلپەرستان و ئۆپۆرتۆنیستەكانی ململانێی پارتی و یەكێتی بگێڕێتەوە سەر كارە ئەسڵیەكەی خۆیان، كە ئەوان مشەخۆڕێكی گەنەی پاشەڵی پاشەڕۆن، ئەوانەی بۆ تەواوكردنی ڕێژەی یاسایی چونە هۆڵی پەرلەمانی عێراق و ملیۆنان دۆلاریان لە پارتی وەرگرت، دوای هەفتەیەكیش بۆ پەكخستنی نیسابی قانونی و نەچونەژورەوەی هۆڵی پەرلەمانی عێراق ملیۆنان دۆلاریان لە یەكێتی وەرگرت !

ئەوانەی هانی خوێندكارانی بێدەرەتان دەدەن و خوێندكارانیش شەقام دادەخەن و شۆفێر بەرشەق دەدەن و هەموو مافەكانیان لە دۆمینەیەكی سەر شەقامێكی سەرەكیدا دەبیننەوە .

ئەوانەی پێڵاو دەگرنە ئێوەو لەبەردەم دەیان كامێراشدا تاكێكی ڕوەو دەم و سەروچاوتان بەرز دەكەنەوەو دەڵێن بێمنەت بن.

ئەوانەی بە ناوی بزوتنەوەكەی كاك نەوشیروانەوە كورسیەكیان نەهێناو ئێستە لە هەردوو بەر دەخۆن و نیوەی حكومەتی سلێمانیان لایەو دەمڕاست و وەزیرو ڕاوێژكاری حكومەتەكەكەی ئەولاشن !

ئەوانەی لە ڕقی یەكێتی سلێمانی بە شاری سەلەفی و سۆفی و كاولستان و وێرانە وێنا دەكەن و هەولێریش بە شامی شەریف دەچوێنن .

ئەوانەی لە ڕقی مەسرور بارزانی سلێمانی بە دوژمنی پارتی و بارزانی دەزانن و خوداش هەڵناگرێ ئەویش باوەڕی كردوە و سەرێكی پیا ناكات .

-كاتی ڕێكەوتنێكی نوێی ستراتیژی هاتوە لە نێوان پارتی و یەكێتیدا، دڵنیابن خۆشتان نەیكەن شەقی زەمانە پێتان دەكات، شەق و شەپازلەكانی دادگای فیدرالی پێتان دەكات، ئاشكراكردنی ئاودیوكردنی دۆلارو سپیكردنەوەی دۆلار پێتاندەكات، گرێدانی بەرژەوەندی شیعەو سوننە پێتان دەكات كە هەرگیز ناتەبا نەبوون لەسەر كۆتایی هێنان بەم هەرێمە .

مام جەلالتان بیرە لە گەرمەی شەڕی كوردكوژەدا، بە ناو كەمینی براكاندا گەیشتە سەری ڕەش و كۆتایی بە شەڕ هێنا؟

بەڵام ڕێكەوتنە ستراتیژییەكەی ئەمجارەتان دەبێ‌ چۆن بێت؟

-بەشكردنی دەسكەوت و سەروەت و سامانی زیاتر نەبێت لەسەر حسابی خۆشگوزەرانی و خزمەتكردنی  كۆمەڵانی خەڵك، بەڵكو كوردانەو بۆ خزمەتكردنی تاك و كۆمەڵی كوردەواری بێت .

-ستراتیژێكی نەتەوەیی و نیشتمانی بێت بۆ پاراستن و هێشتنەوەی دەسكەوتەكانی دەیان ساڵەی شۆڕشی كورد، ئەو شۆڕشەی خۆتان ئەنجامتانداو خۆشتان ناشیرینتان كردو نەوەكانی ئێستاش نەفرەتی لێدەكەن .

-ستراتیژێكی یەكدەنگ و یەكڕەنگ بێت بەرابەر دوژمنانی كورد .

-ستراتیژێكی ئابوری بێت، بۆ بوژانەوەو گەشەپێدانی ژێرخانی دەوڵەمەندی هەرێمەكەمان .

-ستراتیژێكی دەروونیی بێت بۆ سەربەخۆیی ئیرادەی تاكی كورد و دروستكردنی كەسێتییەكی بەهێز لە جیاتی كەسێتییەكی لەرزۆك و دۆڕاو .

-ستراتیژێکی پەروەردەیی بێت بۆ ئەوەی نەوەكانمان نەفرەت لە ئەی ڕەقیب و كەس نەڵێ‌ كورد مردوە نەكەن و ئالودەی ماددەی هۆشبەر نەبن .

-ستراتیژێك بێت لە ناوخۆدا خزمەتكار بن و لە بەغدا داكۆكیكارو لە هەرێمایەتی و نێو دەوڵەتیش شەریك بن نەك پاشكۆ.

-كاتی ئەوە نەهاتووە بۆنی نەوەیەكی شەهیدی شەڕی داعش خۆشتر بێت لە بۆنی نەوت و مازوت؟ چریكەی سرودی كەس نەڵێت كورد مردوە خۆشتر بێت لە زریكەی پێش خنكانی ژنە كوردێك لە دەریای ئیجە ؟.

ستراتیژێك بێت سلێمانی لە گەمارۆی ئابوری و هەولێر لە درۆن و موشەك بپارێزێت .

كاتی ئەوە نەهاتوە كاك مەسعودی مامی كوڕەكانی مام جەلال، چۆن لە ڕیفراندۆمی بێبەرنامەو نەخوێندنەوەی سیاسەتی زلهێزەكاندا مەلعەبەكەی سلێمانی پڕ بوون بۆ پێشوازی، بێتەوە مەلعەبەكەو لە وتارێكی مێژوییدا بڵێت :

داوای لێبوردن لەم گەلە ستەمدیدەیە دەكەم، داوای لێبوردن لە مێژوی بارزانی و مام جەلال دەكەم، ئێمە هەڵە بووین، ئێوە شایەنی باشترن، لەم زستانەدا ماڵەكانتان پڕ دەكەم لە نەوتی سپی، تەنكەرو بۆڕییەكانی نەوتی ڕەش بۆ موچەی ئێوە تەرخان دەكەم .

بافڵیش بڵێت : ئێمە كەس ناشكێنین، تۆ هەنگاوێك وەرە پێشەوە ئێمە كیلۆمەترێك ڕوەو ئاشتی و تەبایی هەنگاو دەنێین .

یاسین مەحمود ڕەشید: بەهای دۆلار لە دەستی حکومەتی عێراق دەرچووە
پێشت یاسین مەحمود ڕەشید: بەهای دۆلار لە دەستی حکومەتی عێراق دەرچووە
ئەمریكا سزادانی دەوڵەتە هاوكارەكانی ئێرانی دەستپێكرد
دواتر ئەمریكا سزادانی دەوڵەتە هاوكارەكانی ئێرانی دەستپێكرد
ەیوەندیدار