یاسین مەحمود ڕەشید: بەهای دۆلار لە دەستی حکومەتی عێراق دەرچووە


کاریگەرییەکانی دابەزینی بەهای دینار بەردەوامە، سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتی وەبەرهێنانی کوردستان ڕایگەیاند، ئاڵوگۆڕی بازرگانی ٪٢٥ کەمیکردووە، ڕۆژانە عێراق ١٥ ملیۆن دۆلار زیان دەکات، داوا لە هاووڵاتیان دەکات پارەکانیان بە دۆلار هەڵبگرن.
لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ (خەڵك) یاسین مەحمود ڕەشید، سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتی وەبەرهێنانی کوردستان ئاماژەی بۆ کاریگەرییە نەرێنییەکانی ناجێگیری بەهای دینار بەرامبەر دۆلار کرد.

خەڵك: ناجێگیری بەهای دینار بەرامبەر دۆلار تا چەند کاریگەری لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی دروستکردووە؟
یاسین مەحمود ڕەشید: کاتێک نرخی دراوی فەرمی وڵات بەرز و نزمی دەکات، ئەوەی یەکەمجار کاریگەری لەسەر دروستدەبێت، بازاڕ و گیرفانی هاووڵاتیانە، دواتر کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاڵوگۆری بازرگانی دروستدەکات، لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوو ٪٢٥ ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان لەگەڵ ئێران و تورکیا، وەک هەرێمی کوردستان و عێراق لەدەستداوە.

خەڵك: تا چەند لە وەبەرهێنانیشیدا کاریگەری نەرێنی هەبووە؟
یاسین مەحمود ڕەشید: ئێستا پڕۆژەکانی وەبەرهێنان خاوبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، گرێبەستەکانمان پێشتر بە نرخی ١٠٠ دۆلار بەرامبەر ١٢٥ هەزار دینار کراون، دواتر نرخی دۆلار بوو بە ١٤٦ هەزار دینار، ئێستا گەیشتووەتە نزیکی ١٧٠ هەزار دینار، ئەمەش وایکردووە ئەو کەسانەی لە کۆمپانیاکان یەکەکانیان بە قیستی درێژخایەن کڕیوە، قیستەکەیان نەهێنن، چونکە ئێستا لە هەر ٧٠٠ دۆلارێک ١٠٠ دۆلار زیادیکردووە، پڕۆژە بازرگانی و کشتوکاڵییەکان، سەرمایەی پڕۆژەکان بە دیناری عێراقین، پێداویستییەکانیش گران بوون، ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت، ئەوا دەبێت بەرێوەبەرایەتییەکانی وەبەرهێنان پێداچوونەوە بە پڕۆژەکاندا بکەن.

خەڵك: پێشبینی دەکەیت ئەم ناجێگیرییەی بەهای دینار کاریگەرییە نەرێنییەکانی زیاتربێت؟
یاسین مەحمود ڕەشید: دراوی عێراقی گەرەنتی نییە، بەم سیاسەتە کە حکومەتی عێراق، وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندیش پەیڕەوی دەکەن هیچ دڵخۆشکەر نییە، ئەم دۆخە ناسەقامگیرەی ئێستا دەستیپێکردووە کاریگەرییە نەرێنییەکانی دوای دوو مانگی دیکە ڕەنگدەداتەوە.

خەڵك: عێراق لەم ناجێگیرییەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار چەند زیاندەکات؟
یاسین مەحمود ڕەشید: بەپێی زانیارییەکان عێراق هەموو ڕۆژێک زەرەری ١٠ بۆ ١٥ ملیۆن دۆلاری لێدەکەوێت، چونکە بانکی ناوەندی بە ١٤٦ دەیفرۆشێت، بەڵام لە بازاڕدا بە ١٦٧ هەزار دینار دەفرۆشرێت، قازانجەکەشی بۆ گیرفانی چەند کەسێکی دیاریکراوە، ناچێتەوە بۆ حکومەتی عێراق.

خەڵك: بۆچی ئەو ڕێکارانەی بانکی ناوەندی بۆ دابەزینی بەهای دۆلار دەیگرێتەبەر کاریگەری نییە؟
یاسین مەحمود ڕەشید: ئەم ڕێگاچارانەی بانکی ناوەندی دەیانگرێتەبەر، کاتین و وەک دەرمانی ئازارشکێنن، دوای ماوەیەک دیسان کێشەکە سەرهەڵدەداتەوە، لە کێشەی داڕمانی دراوی وڵاتانی دراوسێ لە سووریا و ئێران و تورکیا، عێراق خۆی کردووەتە بەشێک لە کێشەکان.

خەڵك: ئەم دۆخە تا کەی بەردەوام دەبێت؟
یاسین مەحمود ڕەشید: کێشەکە چارەسەر نابێت، ئەگەر بانکی ناوەندی هەموو ڕۆژێک ٣٠٠ ملیۆن دۆلاریش بفرۆشێت، هەر بەهای دۆلار بەرامبەر دانابەزێت، گرنگی نییە، عێراق چەندێک یەدەگی هەیە، تا ئەو کاتەی عێراق کۆنتڕۆڵی بازگە و دەروازە و فڕۆکەخانەکان نەکات بەهای دۆلار بەرامبەر دینار دانابەزێت، بەڵام بەپێی ئەو کێشمەکێشمەی هەیە، ئەوەی بانکی ناوەندی دەیکات و ئەوەی بانکی فیدڕاڵی ئەمریکی داوای دەکات، زۆر زەحمەتە بگەنە دەرئەنجام.

خەڵك: حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار زیان دەکات یان لە سوودی دەشکێتەوە؟
یاسین مەحمود ڕەشید: هەرێمی کوردستان هیچی پێناکرێت، هەستدەکەم حکومەتی هەرێم زۆر دڵخۆشە بەم دۆخە، خۆی بێدەنگ کردووە، چونکە نەوت بە دۆلار دەفرۆشرێت و مووچە بە دینار دابەشدەکات، ئەمەش وایکردووە، سوودێکی زۆر لەم بەرزبوونەوەی بەهای دۆلارە ببینێت.

خەڵك: چارەسەر چییە؟
یاسین مەحمود ڕەشید: یەک ڕێگا هەیە بۆ ئەوەی دراوی عێراقی بەهای بۆ بگەڕێتەوە، ئەگەر حکومەتی عێراقی بتوانێت بۆ ماوەی چوار مانگ بە دۆلار مووچە بدات بە هاووڵاتیان و بە ١٤٥ هەزار دینار ١٠٠ دۆلار وەربگرێتەوە، ئەوکاتە دراوی عێراقی بە دڵنیاییەوە بەهای بۆ دەگەڕێتەوە، بەڵام ئایا حکومەتی عێراق ئەو چاکەیە لەگەڵ خەڵکەکەیدا دەکات؟.

خەڵك: بەڵام دراوی فەرمی عێراق دینارە، مامەڵەکردن بە دراوی دیکە پێچەوانەی دەستوورە، ئەمە چۆن دەبێت؟
یاسین مەحمود ڕەشید: بەپێی دەستوور دەبێت مامەڵە بە دیناری عێراقی بکرێت، دراوی سەرەکی و باوەڕپێکراوە، بەڵام ئەگەر ئێمەی عێراقی ئابووری بڕوخێت و حکومەتەکەی بڕووخێت، ئەوا دەستووریشمان لەدەست دەردەچێت، بۆیە دەڵێین ئەمە بۆ چەند مانگێک بۆ ئەوەی حکومەت سەروەری بۆ بگەڕێتەوە، پێشتر وڵاتانی دیکەش ئەمەیان کردووە، بۆیە با عێراق بێت ئەمە بکات تا سەروەری بۆ بگەڕێتەوە، بەهای بۆ دراوەکەی دروستببێتەوە، چونکە ئێستا لەدەستدانی بەهای دراو لە دەست حکومەتی عێراقی دەرچووە، لەدەست بانکی ناوەندی و وەزارەتی داراییدا نەماوە، تکایە خەڵك با دەست بە دۆلارەوە بگرێت.

خەڵك: هاووڵاتی چۆن خۆی لە زیانی ناجێگیری بەهای دینار بپارێزێت؟
یاسین مەحمود ڕەشید: دەبێت لە کاتی بە دابەزینی بەهای دراودا خەڵک موڵک بکڕێت، تەنها موڵکە وا دەکات کە تووشی زەرەر نەبیت، هەروەها باشترین چارەسەر ئەوەیە کە پارەکانیان بە دۆلار، پاوەند، یۆرۆ هەڵبگرن، بۆ چەند هەزار دینار دۆلارەکانیان نەفرۆشن و خۆیان تووشی زەرەر نەکەن.

هاووڵاتییانی دەربەندیخان لەسەر شەقام دەمێننەوە
پێشت هاووڵاتییانی دەربەندیخان لەسەر شەقام دەمێننەوە
چی ڕودەدا لەم هەرێمە؟
دواتر چی ڕودەدا لەم هەرێمە؟
پەیوەندیدار