ئەمریكا سزادانی دەوڵەتە هاوكارەكانی ئێرانی دەستپێكرد



شاندێكی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا بۆ سزادانی ئەو وڵاتانەی سزاكانی ئەمریكا لەسەر ئێران پێشێل دەكەن لە توركیايه

شاندێكی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا بە سەردانێك لە توركیایە و بڕیارە سەردانی چەند وڵاتێكی دیكەش بكات، شاندێك بۆ لێپرسینەوە لەو وڵاتانەی سزاكانی سەر ئێرانیان پێشێلكردووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەردانی ناوچەكەیان كردووە، یەكێك لەوانە عێراقە، بڕیارە ئەمڕۆ شاندی بانكی ناوەندی عێراق لەگەڵ شاندە ئەمریكاییەكە لەسەر قەیرانی دۆلار لە عێراق كۆببنەوە.

بەپێی سەرچاوەكان، ئەمریكا ڕێوشوێنی توند بەرامبەر ئەو وڵاتانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێتەبەر كە سزاكانی سەر ئێران پێشێل دەكەن، لەوانە عێراق، توركیا، ئیمارات و عومان.

بڕیارە ئەمڕۆ شاندێكی بانكی ناوەندی عێراق لە ئیستەنبوڵ لەگەڵ شاندە ئەمریكاییەكەدا كۆببێتەوە.

ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، خەلیل غازی لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوە كرد، بڕیارە ئەمڕۆ بەرپرسانی بانكی ناوەندیی عێراق لە شاری ئیستانبوڵی توركیا لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا كۆببنەوە “كۆبوونەوەكە لە شاری ئیستانبوڵ بەڕێوەدەچێت، بانكی ناوەندیی عێراق ھەموو ھەوڵێكی دەدات كە بەھای دینار جێگیر بكاتەوە، كە ماوەیەكە ناجێگیرە، ھەروەھا بڕیارە لە حەوتی ئەم مانگە دیسان دووبارە بانكی ناوەندیی عێراق لە شاری واشنتۆن پایتەختی ئەمریكا بۆ تاوتوێكردنی پرسی دابەزینی بەھای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار لەگەڵ بەرپرسانی بانكی فیدراڵیی ئەمریكا كۆببێتەوە”.

لە ماوەی نزیكەی دوو ساڵی رابردوودا، نرخی ١٠٠ دۆلار لەنێوان ١٤٨ ھەزار بۆ ١٤٩ ھەزار دینار بوو، بەڵام رۆژی ١١-١٢-٢٠٢٢ بۆ یەكەمجار لەو ماوەیەدا، نرخی ١٠٠ دۆلاری ئەمریكایی ١٥٠ ھەزار دیناری عێراقی تێپەڕاند و لەو رۆژەوە ناجێگیرە.

خەلیل غازی پێیوایە ھەر رێكارێك پێویست بكات بۆ سەقامگیربوونی بەھای دینار بانكی ناوەندیی عێراق دەیگرێتەبەر “بەپێی ئەم كۆبوونەوانەی لەگەڵ پارێزگاری بانكی ناوەندیی ئەنجاممانداوە، كێشەی بانكی ناوەندیی ئەوەیە بەپێی سیستەمی نوێ، ئەوان ئێستا ناتوانن دۆلار بدەنە ھەر كەسێك، چونكە بازرگانەكان ئەوانەی پێشتر دۆلاریان دەكڕی لە رێی قاچاغ دەیانبردە دەرەوەی وڵات، بۆیە دەبێت بانكی ناوەندیی پلاتفۆرمێكی نوێ بۆ بازرگانان پەیدا بكات، چونكە ئێستا دوای فشارەكانی بانكی فیدراڵیی ئەمریكا لەسەر بانكی ناوەندیی عێراق، ھەر كەسێك ناتوانێت پارە لە عێراقەوە حەوالەی دەرەوە بكات، چونكە ئەو كەسەی پارە دەگوازێتەوە فاتورەكەی دەچێتە گومرك و باج، دەبێت گومرك و باج بدات، بۆیە بازرگانانی كڕینی دۆلار لە سیستەمی نوێی كڕینی دۆلار دووركەوتنەوە، چونكە وا دەبینن ئەگەر ١٠٠ دۆلار لە بازاڕدا بە ١٦٥ تاوەكو ١٧٥ ھەزار بكڕن بۆ ئەوان قازانجترە، چونكە لە دەرەوەی سیستەم دەتوانن باج و گومرك نەدەن، بۆیە بازرگانان بەرەو سەراف دەچن و ركابەری خەڵك دەكەن بۆ كڕینی دۆلار، بانكی ناوەندیی ناتوانێت كڕیاری بۆ دۆلارەكەی پەیدا بكات و ئەمەش دەبێتە ھۆی بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار، عێراق دۆلاری زیاتر لە دینار ھەیە، ئەمریكا رێگای نەگرتووە بۆ ھاتنی دۆلار بۆ عێراق تەنھا ئەوە نەبێت سیستەمی حەوالەی پارە دەبێت بەپێی سیستەمی نێودەوڵەتیی بێت، كەواتە دۆلارێكی زۆر ھەیە، بەڵام كڕیاری نییە، بۆیە با خەڵك نەترسێت لە ئایندەی بەھای دیناری عێراق، بەھاكەی ھەر وەكو جارانی لێدێت، بەڵام جێبەجێكردنی پلاتفورمی نوێی بانكی ناوەندیی كاتی دەوێت و بە پەسەندكرنی پڕۆژە یاسایی بوودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣ كاریگەری خۆی دەبێت و بەھای دۆلار دادەبەزێنێت”.

دابەزینی بەھای دینار ژمارەی پێوانەیی تۆمار كرد، بە جۆرێك ئەمڕۆ ١٠٠ دۆلار گەیشتە سەرووی ١٧٠ ھەزار دینار.

چی ڕودەدا لەم هەرێمە؟
پێشت چی ڕودەدا لەم هەرێمە؟
بەشێک لە کاڵاکان ٪٥ نرخەکانیان بەرزبووەتەوە
دواتر بەشێک لە کاڵاکان ٪٥ نرخەکانیان بەرزبووەتەوە
ەیوەندیدار