موحسین سەعدون بۆ (خەڵك): تاكەڕێگەی دابەزینی نرخی دۆلار ئەمریكایە



موحسین سەعدون، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عیراق پێیوایە، تاكە ڕێگە بۆ دابەزینی نرخی دۆلاری ئەمریكایی لەبەرامبەر دیناری عیراقی، لەڕێی دانوستانە لەگەڵ ئەمریكا و ڕەواندنەوەی ئەو مەترسیانەیە كە بانكی فیدراڵی ئەمریكایی هەیەتی بەرامبەر بە پرۆسەكانی حەواڵەی دارایی لە عیراق.

موحسین سەعدون، لە لێدوانێكی تایبەت بە (خەڵك) ڕایگەیاند:”هەموو هیواكان لەئێستادا بە سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی شاندی عیراقەوە گرێدراون بۆ ئەمریكا كە لێوەی دانوستان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكایی دەكرێت، لەپێناو دابەزاندنی نرخی دۆلار لە عیراق كە لەئێستادا بارگرانییەكی زۆری بۆ هاووڵاتیان دروستكردووە و بۆتە مایەی بەرزبوونەوەی نرخی كاڵا و پێداویستییەكان لە بازاڕدا”.

موحسین سەعدون پێیوایە:”لەمێژە بەرپرسانی ئەمریكایی هۆشدارییان داوە بە عیراق، لەبارەی پرۆسەكانی حەواڵەی دارایی بۆ دەرەوەی وڵات، بەڵام هۆشدارییەكە لەلایەن عیراقییەكانەوە بە هەند وەرنەگیراوە، لەئێستاشدا كە نرخی دراوە ئەمریكاییەكە لەبەرامبەر دراوی نیشتمانی ئاستی پێوانەیی تۆماركردووە، تاكە ڕێگە چارە بۆ دابەزاندنی دۆلار لەبەرامبەر ديناردا، وابەستەی سەردانی داهاتووی شاندە عیراقییەكەیە بۆ واشنتن”.

وابڕیارە لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتوو، شاندێكی عیراقی بەسەرۆكایەتی فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە سەردانی ئەمریكا بكات كە عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندی لەخۆدەگرێت و بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكایی وتوێژ بكەن لەبارەی كۆتایی هێنان بە تەنگژەی دۆلار كە لەئێستادا بۆتە خەمی سەرەكی لە سەرتاسەری عیراق.

ئەمڕۆ چوار شەممە، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاری ئەمریكایی لەبەرامبەر دیناری عیراقی ئاستێكی پێوانەیی تۆماركرد و نرخی 100 دۆلار گەیشتە نزیكەی 170 هەزار دینار.

 

دانیشتوانی پارێزگای هەولێر نزیك بووەوە لە2 ملیۆن كەس
پێشت دانیشتوانی پارێزگای هەولێر نزیك بووەوە لە2 ملیۆن كەس
عیراق، دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی دوو دەكرێت
دواتر عیراق، دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی دوو دەكرێت
ەیوەندیدار