عێراق دەبێتە لوبنان؟



 

لە عێراق تادێت قەیرانی دۆلار فراوانتر دەبێت، بەجۆرێك كاریگەرییەكانی خەریكە لەسەر بازاڕ و كاروكاسبی هاووڵاتیان و تەواوی جموجۆڵەكان دەردەكەوێت، دەنگۆ لەنێو هاووڵاتیان بڵاوە نرخی 100 دۆلار بۆ سەرووی 200 هەزار دینار دەڕوات، زیاتریش دەڵێن ڕەنگە عێراق وەك لوبنانی لێ بێت، بەڵام ئەندامێكی پەرلەمان دەڵێت، عێراق وەك لوبنانی لێ نایەت.

ماجید شەنگالی پەرلەمانتاری عێراق، ڕایگەیاند “هۆكاری سنوورداركردنی بانكە عێراقییەكان بەهۆی بەكارهێنانی پلاتفۆرمی ئەلیكترۆنییە لە خستنەڕووی دۆلاردا، كە تایبەتمەندی و ستانداردی تەكنیكی تێدایە، بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار”.

ئەو ئەندامەی پەرلەمان دڵنیایی دەدات، كە قەیرانی دۆلار كاتییە، عێراق داهاتی زۆرە و ڕۆژانەش دۆلار دەفرۆشێت، بۆیە وەك لوبنانی لێ نایەت.

جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران، موحسین مەندەلاوی، جەخت لەسەر پێویستی “گەڕانەوەی سەقامگیری دارایی و بەتایبەتی نرخی دۆلار دەكاتەوە بەم نزیكانە”.

دوێنێ دوو شەممە مەندەلاوی چاوی بە پارێزگاری بانكی ناوەندی كەوتووە، تێیدا باس لە پێویستی “پابەندبوون بە ڕێكارە یاساییەكان بۆ گواستنەوەی دارایی، و پاراستنی ئابووری عێراق لە پێشێلكارییەكانی پێشوو” كردووەتەوە.

باسیان لەوەشكردووە، پێویستە بەدواداچوون بۆ گواستنەوە و رێكارە جیهانییەكان، كاری بانكە ئەهلییەكان و كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕكردن بكرێت، بەدواداچوون بۆ هەموو پێشێلكارییەك بەپێی یاساكانی عێراقی كارپێكراو، لە جێبەجێكردنی پابەندبوونەكانی بانكی ناوەندی عێراق بكرێت”.

هاوكات پارێزگاری بانكی ناوەندی باسى لە بەردەوامی ڕێكارەكانیان بۆ ڕێگری لە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و كارە نایاساییەكانی پەیوەست بەو بابەتەوە كردووە.

بڕیارە ئەمڕۆ بانكی ناوەندی عێراق كۆمەڵێك ڕێوشوێنی دیكە بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار بگرێتەبەر.

لە نوێترین هەنگاوەكانیشیدا بانكی ناوەندی بڕیاریدا، بانكە حكومییەكانی (ڕافیدەین، ڕەشید، و بانكی بازرگانی عێراق) دەروازەكانی فرۆشتنی دۆلاری كاش بە گەشتیاران لە فڕۆكەخانەكانی وڵاتدا بەغدا، بەسرە، نەجەف، هەولێر، سلێمانی فراوان بكەن.”

هەروەها بانكەكە ڕێنمایی كردووە “وەرگرتنی داواكارییەكان لە بەیانیان و ئێواراندا بێت بۆ ئەوەی ژمارەیەكی زیاتر لە گەشتیاران لەخۆ بگرێت”.

ئاماژەی بەوەشكرد “فرۆشتنی دۆلاری كاش گەشتیاران دەگرێتەوە لە ڕێگەی دەروازە سنوورییە وشكانیەكانەوە لە ڕێگەی ئەو شوێنانەی فرۆشتن كە لە بانكەكاندا دیاریكراون، دوای پێشكەشكردنی مەرجەكانی گەشتكردن”

 

ئۆپۆزسیۆنی تورکیا، بەرامبەر ئەردۆغان بەرنامەڕێژی دەکەن
پێشت ئۆپۆزسیۆنی تورکیا، بەرامبەر ئەردۆغان بەرنامەڕێژی دەکەن
لەگەڵ خواردنەوە گازییەکاندا ئەم ٣ خۆراکە مەخۆ
دواتر لەگەڵ خواردنەوە گازییەکاندا ئەم ٣ خۆراکە مەخۆ
ەیوەندیدار