ئۆپۆزسیۆنی تورکیا، بەرامبەر ئەردۆغان بەرنامەڕێژی دەکەن



شەش پارتى ئۆپۆزسیۆنى تورکیا لەسەر نەخشەڕێگایەک ڕێککەوتوون، کە سیاسەتیان بۆ بەڕێوەبردنى وڵات دیاری دەکات ئەگەر لە هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى تورکیادا سەرکەوتن بەدەستبهێنن، کە بڕیارە لە ناوەڕاستى ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت.

 

بەگوێرەی ئەوەی میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردووەتەوە، “دەقی ڕێککەوتنی سیاسەتە هاوبەشەکان” ناوی ئەو پلان و بەرنامەیەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیایە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا، کە بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ ڕێککەوتوون لەسەری.

 

نەخشەرێگەکە پلان و بەرنامەکانی هەزاران بەڵێن لەخۆدەگرن، کە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بەڵێن دەدەن کار بۆ بەدیهێنانی بکەن ئەگەر لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەون و دەست بەسەر دەسەڵاتی وڵاتدا بگرن.

 

لەو نەخشەرێیەدا، کە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا خستوویانەتەڕوو، بەڵێنیان داوە ماوەی ساڵەکانی سەرۆکایەتی گۆڕانکاری تێدا بکەن، کۆشکی سەرۆکایەتی بۆ چانکایا لە ئەنقەرە بگەڕێننەوە و سەرجەم شوێنەکانی نیشتەجێبوون و کۆشکەکانی سەرۆکایەتی بەڕووی هاووڵاتیان و سەردانیکاراندا بکرێنەوە و سەرجەم فڕۆکەکانی سەرۆکایەتی بفرۆشرێن و بخرێنە خەزێنەی دەوڵەتەوە.

 

هەروەها بەڵێنیان داوە ئاستی هەڵبژاردن بۆ ٣٪ کەمبکەنەوە بۆ ئەوەی پارتەکان بچنە ناو پەرلەمانەوە، هاوکاریش لە خەزێنەی دەوڵەتەوە بۆ ئەو پارتانە دیاری بکەن کە توانیویانە ١٪ی دەنگەکان یان زیاتر بەدەستبهێنن.

 

سەبارەت بە مەلەفی ئابووری کە بە دیارترین مەلەفی ڕکابەری دادەنرێت لە نێوان پارتی دەسەڵاتداری داد و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان، لایەنەکان لە پلانەکانیاندا بەڵێنیان داوە کار بکەن بۆ کەمکردنەوەی هەڵاوسان و گەڕانەوەی بەها بۆ لیرەی تورکی.

 

هەروەها بەڵێنیانداوە لە ماوەی 5 ساڵدا بەشی تاک لە داهاتی سەرتاسەری نیشتمانی بۆ دوو هێندە زیاد بکەن.

 

بەرنامەی پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن تیشک دەخاتە سەر ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست کە شاهیدی گرژییەکی بەردەوامە لەگەڵ یۆنان، لە کاتێکدا لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا دووپاتیان کردەوە “تورکیا ڕێز لە سەربەخۆیی و سەروەری و یەکپارچەیی خاکی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێت و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئەو وڵاتانە ناکات.

 

بەپێی ڕێککەوتنی ئەو شەش پارتەی تورکیا، تورکیا وڵاتێک نابێت کە لە مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکانی نێوان وڵاتانی ناوچەکەدا دەستی هەبێت، بەڵکو وڵاتێک دەبێت ئاسانکاری بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەکات.

 

هەروەها ئاماژە بەوەدراوە کە “کار دەکرێت بۆ گۆڕینی دەریای ئیجە بۆ ناوچەیەکی پڕ لە ئاشتی و هاوکاری لەسەر بیری دراوسێیەتی باش”، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو گرژییەی کە لە ئێستادا لەگەڵ یۆنان هەیە.

 

ئۆپۆزسیۆنی تورکیا دەڵێن، ئەگەر لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتن بەدەستبهێنن، کار دەکەن بۆ گەڕانەوەی وڵات بۆ بەشداریکردن لە پڕۆژەی دروستکردنی فڕۆکەی ئێف ٣٥ی ئەمریکیدا.

 

دۆسیەی پەنابەرانیش یەکێکە لەو مەلەفە مشتومڕاویانەی تورکیا، لەمبارەیەوە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا بەڵێنیانداوە کە ئەو پەنابەرە سووریانەی کارتی پاراستنی کاتییان هەیە و (ژمارەیان زیاتر لە ٣،٥ملیۆن) کەسە، بە زووترین کات بگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتەکانیان.

 

ئۆپۆزسیۆن بەڵێنیشیداوە سەرلەنوێ چاو بەو ڕێککەوتنەدا بخشێنێتەوە، کە لە نێوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپا لە ساڵی ٢٠١٦دا ئەنجامدراوە سەبارەت بە دابەشکردنی ئەو پەنابەرانەی کە لە ڕێگەی تورکیاوە دەگەنە ناو خاکی یەکێتی ئەوروپا.

 

هاوکات پلانیان هەیە بۆ ڕاگرتنی پێدانی ڕەگەزنامە بە بیانییەکان لە بەرامبەر کڕینی خانووبەرە یان دانانی پارەی پێشەکی بە دراوی بیانی لە بانکەکانی تورکیا.

 

هەرچەندە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنێک بۆ دەستنیشانکردنی کاندیدێکی هاوبەش بۆ ڕکابەریکردنی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، بەڵام بەردەوامن لە چڕکردنەوەی کۆبوونەوەکانیان بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی شیاو پێش ئەوەی بچنە ناو گرنگترین ڕکابەری هەڵبژاردنی وڵاتەکەیان لە ئەمساڵدا.

١٠ ملیۆن دینار بۆ ئەو كەسەی سۆراغی منداڵە ونبووەكەی هەولێر بكات
پێشت ١٠ ملیۆن دینار بۆ ئەو كەسەی سۆراغی منداڵە ونبووەكەی هەولێر بكات
عێراق دەبێتە لوبنان؟
دواتر عێراق دەبێتە لوبنان؟
ەیوەندیدار