بۆچی نرخی دۆلار دانەبەزی؟



سەرەڕای بەڵێن و ڕێكارەكانی بانكی ناوەندی عێراق بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار، بەڵام لەبری دابەزین زیاتر نرخەكەی بەرزبووەوە بەجۆرێك نرخی ١٠٠ دۆلار ١٦٥ هەزار دیناری تێپەڕاندووە.

ئەحمەدی حاجی ڕەشید، ئەندامی پێشووی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، هۆكاری ئالۆزی زیاتر و دانەبەزینی نرخی دۆلار لەئەستۆی حكومەتی فیدڕاڵ و بانكی ناوەندییە بەهۆی پەیدانی بەڵێنی دابەزاندن لەماوەی دوو هەفتەدا و نەتوانینی جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنە.

ڕاشیگەیاند، جێبەجێ‌ نەكردنی بەڵێنەكە وایكردووە بازرگانان و هاووڵاتیان متمانەیان بەبەڵێنەكانی حكومەتی فیدڕاڵ و بنكی ناوەندی نەمێنێت.

ئاشكراشی كرد، گۆڕینی ئاڕاستەش لە كاركردن لەگەڵ كۆمپانیاكانی ئەمریكا و ڕووكرن لە كۆمپانیای وڵاتانی دیكە (جێنراڵ ئەلكتریكی ئەمریكی بە سمنسی ئەڵمانی) وەك نمونە دۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات.

بانكی ناوەندی ماوەی مانگێكە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارەوە چەندین ڕێكار و بڕیاری دەركردووە تاوەكو بتوانێت كۆنتڕۆڵی نرخی دۆلار بكات و بەهای دینار بەرزبكاتەوە، بەڵام تا ئێستا دۆخەكەی بۆ كۆنتڕۆڵ نەكراوە و وەك شارەزایانی ئابووری و چاودێرانی سیاسی باسی دەكەن، “كێشە سیاسییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی دۆلار و ناچار كردنی بانكی ناوەندی عێراقی بە كەمكردنەوەی فرۆشتنی دۆلار”.

بەپێی بڕیارەكانی بانكی ناوەندی، فرۆشتنی دۆلار بە حەواڵە كەم كراوەتەوە و ڕۆژانە بڕێكی كەم بە كاش دەخرێتە بازاڕەوە و دەروازەی فرۆشتنی دۆلار بە ڕاستەوخۆ بە هاووڵاتیان، كە بەنیازی گەشتن بۆ (حەج و عومرە و خوێندن و بازرگانی و نەخۆشی) لە بانكە حكومییەكانەوە كراوەتەوە بە نرخی فەرمی.

هاوكات، حكومەتی فیدڕاڵی بڕیاریداوە سەرجەم دوكان و ماركێت و دەرمانخانە و نەخۆشخانە و چێشتخانە و وێستگەكانی سووتەمەنی و شوێنەكانی تر لە بانك هەژماری تایبەت بەخۆیان بكەنەوە و كڕین و فرۆشتن بكەن بە ئامێری ئەلیكترۆنی و دۆلاریشیان بە نرخی فەرمی دەستبكەوێت.

ڕێكارەكانی بانكی ناوەندی بەهۆی كەم خستنە بازاڕی دۆلار تا ئێستا كاریگەری نەبووە لەسەر دابەزینی نرخەكە و ڕۆژ بەڕۆژ نرخی ئەو دراوە ئەمریكاییە بەرامبەر بە دیناری عێراقی لەبەرزبوونەوەدایە و لە ئێستادا نرخەكەی گەیشتۆتە نزیكەی ١٦٦ هەزار دینار.

لای خۆشیەوە، ڕەوەند میرزا لە بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، نرخی دۆلار بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و نرخی ١٠٠ دۆلار بە ١٦٦ هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەكرێت.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە بانكی ناوەندی ڕایگەیاندووە، كە ئەم هەفتەیە دەكاتە هەفتەی دابەزاندنی بەهای دۆلار و گێڕانەوەی بۆ ١٤٧ هەزار دینار لەڕێگەی فرۆشتنی ڕۆژانەی ٢٠٠ ملیۆن دۆلارەوە.

ڕەمەزان نامیق: هاووڵاتیان ئیش بۆ حکومەت دەکەن
پێشت ڕەمەزان نامیق: هاووڵاتیان ئیش بۆ حکومەت دەکەن
بانكی ناوەندی لە هەفتەیەكدا تەنیا 591 ملیۆن دۆلاری خستۆتە بازاڕەوە
دواتر بانكی ناوەندی لە هەفتەیەكدا تەنیا 591 ملیۆن دۆلاری خستۆتە بازاڕەوە
پەیوەندیدار