سەرلەنوێ فەرماندەی پاسداران باسی “بنکەی سیخوڕیی ئیسرائیل” لە هەولێر دەکات



سەرلەنوێ سوپای پاسداران بانگەشەی ئەوە دەکات کە مووشەکبارانەکەی ساڵی ڕابردوو، بنکەی سیخوڕیی ئیسرائیلی لە هەولێر کردووەتە ئامانج، ئەمەش دوای ئەوە هات کە میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران ڕایانگەیاند بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردووەتە سەر بنکەیەکی سیخوڕیی ئیسرائیل لە هەولێر.

ئەمڕۆ پینجشەممە، حسێن سەلامی، فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی ڕەزا موسەوی فەرماندەی باڵای پاسداران وتارێکی پێشکەش کرد کە لە ئاکامی بۆردومانێکی ئیسرائیل لە سووریا کوژرا.

سەلامی لە بەشێکی وتەکەیدا باسی لە مووشەکبارانەکەی ئاداری 2022 کرد کە ئێران کردیە سەر هەولێر و ڕایگەیاند، “ئێمە کە درۆنی ئەمریکا و هێلانەی سیخوڕی ئیسرائیلیمان لە هەولێر تێکشکاند ڕامانگەیاند کەوابوو ناترسین و ئەوەی کە ئەنجامی دەدەن ڕایدەگەیێنین”.

لێدوانەکەی فەرماندەی گشتی پاسداران دوای ڕاگەیەندراوێکی “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” هات کە باسی لەوە کردووە دوێنی چوارشەممە، لە ڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوەوە “سەنتەرێکی تەکنیکی سیخوڕیی ئیسرائیل”یان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی هەولێر کردووەتە ئامانج.

جەختکردنەوەی ئێران و میلیشیا شیعەکان لەسەر بوونی بنکەی هەواڵگریی ئیسرائیل لە هەولێر لە کاتێکدایە کە بەردەوام حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو بابەتە ڕەتدەکاتەوە و ئەو لیژنەیەش کە حکومەتی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لە بارەی مووشەکبارانەکەی 2022 پێکیهێنا، هیچی لەو بارەیەوە نەسەلماند.

ئەو ماڵەی کە ئێران لە ئاداری 2022دا مووشەکبارانی کرد و ڕایگەیاند بنکەی مووساد بووە

دەبێت ھەموو ھاوڵاتییەک خاوەنی کارتی نیشتمانی بێت
پێشت دەبێت ھەموو ھاوڵاتییەک خاوەنی کارتی نیشتمانی بێت
هەڵوێستەکان دژی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە
دواتر هەڵوێستەکان دژی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە
ەیوەندیدار