پارەی تاپۆکردنی خانووە زیادەڕۆكان دیاریکرا



شارەوانی سلێمانی لە ڕوونکردنەوەیەکدا نرخی تاپۆکردنی خانووە تزیادەڕۆكانی دیاریکرد، کە بەچەند شێوازێک و بە چەند ڕێگەیەک دەکرێت.

شارەوانی ڕوونیکردۆتەوە و دەڵێت، دیاریکردنی پارەی تاپۆکردنەکە لەسەر چەند (ئەگەرێک) وەستاوە، بەم شێوەیە:

پێشەکی ئەگەر داواکار (ئەوەی عەریزەکەی داوە) کەمئەندامی سەنگەر یان خزمی پلەیەکی شەهیدان و ئەنفالکراوان بێت ئەوا خانووەکەی بەبێ بەرامبەر بۆ تاپۆ دەکرێت، خزمی پلەیەکیش تەنها (باوک، دایک، هاوسەر، منداڵ) دەگرێتەوە.

بەڵام ئەگەر وەها نەبێ ئەوا پارەی تاپۆکردنەکە بە دوو بەش دیاری دەکرێت:

بەشی یەکەمی پارەی تاپۆکردنەکە بە نرخێکی رەمزی دیاری دەکرێ و ئەم بەشە لە ناوەندی پارێزگادا هەتا رووبەری (200)م٢ و لە ناوەندی قەزادا هەتا رووبەری (250)م٢ و لە ناوەندی ناحیەدا هەتا رووبەری (300)م٢ دەڕوات.

بەڵام ئەگەر رووبەری خانووەکە لەوانە زیاتر بوو ئەوا بەشی دووەمی پارەی تاپۆکردنەکە بە نرخی بازاڕ دیاری دەکرێت کە لە ناوەندی پارێزگادا هەتا (300)م٢ و لە ناوەندی قەزادا هەتا (400)م٢ و لە ناوەندی ناحیەدا هەتا (500)م٢ دەڕوات.

بەشی یەکەمی پارەی تاپۆکردنەکە کە هەروەک وتمان بە نرخێکی رەمزی دیاری دەکرێت لە (3) رێژەی جێگیر و (2) رێژەی جوڵاو پێکهاتووە، بەم شێوەیە:

1- ئەگەر خانووەکە پێش راپەڕین لەلایەن رژێمی بەعسەوە بە هۆکاری سیاسی رووخێندرابێ و پاش راپەڕین دروستکرابێتەوە یان هێشتا شوێنەواری رووخاندنەکەی مابێتەوە و دروست نەکرابێتەوە ئەوا بە رێژەی (2%)ی قیمەتی زەوییەکەی تاپۆ دەکرێت.

2- ئەگەر پێش ئیفرازکردنی جێخانووەکە لە فەرمانگەی تاپۆدا خانووەکە دروستکرابێت ئەوا بە رێژەی (5%)ی قیمەتی زەوییەکەی تاپۆ دەکرێت.

3- ئەگەر دوای ئیفرازکردنی جێخانووەکە لە فەرمانگەی تاپۆدا خانووەکە دروستکرابێت ئەوا بە رێژەی (25%)ی قیمەتی زەوییەکەی تاپۆ دەکرێت.

ئەمانە رێژە جێگیرەکان بوون

ئینجا دوو رێژەی جوڵاویشمان هەیە کە لەگەڵ رێژە جێگیرەکاندا کۆدەکرێنەوە و لەمانە پێکهاتووە:

1- ئەگەر داواکار لە خانووەکەدا نیشتەجێ نەبوو بەڵکو کەسێکی تر بە کرێ یان بەبێ کرێ لە خانووەکەدا نیشتەجێ بوو ئەوا رێژەی (10%) دەخرێتە سەر (3) رێژە جێگیرەکەی پێشوو، واتە ئەگەر خانووەکە بەر رێژەی (2%) کەوت ئەوا دەبێتە (12%)، بەڵام ئەگەر بەر رێژەی (5%) کەوت ئەوا دەبێتە (15%)، خۆ ئەگەر بەر رێژەی (25%) کەوت ئەوا دەبێتە (35%)ی قیمەتی زەوییەکە.

2- ئەگەر داواکار یان هاوسەرەکەی سوودمەندبوون لە وەرگرتنى زەوی یان خانوو یان شوققە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوا رێژەی (10%) دەخرێتە سەر (3) رێژە جێگیرەکەی پێشوو، واتە ئەگەر خانووەکە بەر رێژەی (2%) کەوت ئەوا دەبێتە (12%)، بەڵام ئەگەر بەر رێژەی (5%) کەوت ئەوا دەبێتە (15%)، خۆ ئەگەر بەر رێژەی (25%) کەوت ئەوا دەبێتە (35%)ی قیمەتی زەوییەکە.

بەڵام ئەگەر هەردوو ئەگەرەکە هاتنەدی، ئەوا دووجار رێژەی (10%) دەخرێتە سەر (3) رێژەکەی پێشوو، واتە ئەگەر خانووەکە بەر رێژەی (2%) کەوت ئەوا دەبێتە (22%)، بەڵام ئەگەر بەر رێژەی (5%) کەوت ئەوا دەبێتە (25%)، خۆ ئەگەر بەر رێژەی (25%) کەوت ئەوا دەبێتە (45%)ی قیمەتی زەوییەکە.

وە هەموو ئەم رێژانەش لە قیمەتی زەوییەکە وەردەگیرێت، نەوەک لە قیمەتی خانووەکە، واتە کاتێک لیژنەی خەمڵاندن خانوویەکی تەجاوز دەخەمڵێنن دەلێن: (ئەگەر ئەم خانووە زەوی بێت بایی چەندە؟).

بۆیە جیاوازی نییە لە نێوان خەمڵاندنی دوو خانووی تەنیشتی یەکتر کە هەمان رووبەریان هەبێ بەڵام یەکێکیان خانوویەکی کۆن بێ و ئەوی تریان خانوویەکی نوێ بێت چونکە لە هەردوو بارەکەدا هەر قیمەتی زەوییەکانیان دەخەمڵێندرێت.

هەروەها ئەگەر دوو خانوو بە هەمان رووبەر و بەیەکەوە لە تەنیشتی یەکتر دروست بکرێن و هەمان نەخشە و پێکهاتەیان هەبێت ئەوا مەرج نییە بە هەمان رێژە تاپۆ بکرێن چونکە لەوانەیە خانوویەکیان بەر رێژەی (35%) بکەوێ بەڵام ئەوەی تریان بەر رێژەی (5%) بکەوێت.

هەرچەندە ئەوەی تا ئێستا لە ئامارەکانماندا بینیومانە زۆرینەی هەرە زۆری خانووە تەجاوزەکانی شاری سلێمانی بەر رێژەی (5%) کەوتوون، واتە لە هەر دەفتەرێک لە نرخی زەوییەکەی تەنها (5) وەرەقە دەدەن بە شارەوانی.

وە ئەم رێژانە و ئەم میکانیزمە بە یاسا دانراوە و لە یاسای (ژمارە 3 ساڵی 2019) هەموارکراو بە یاسای (ژمارە 7 ساڵی 2021) و رێنمایی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار (ژمارە 3 ساڵی 2021)دا هاتووە و ئێوە چەندێک دەتوانن بیگۆڕن ئێمەش هەر ئەوەندە.

بۆ نموونە:

ئەگەر رووبەری خانوویەکی تەجاوزی ناو شاری سلێمانی (220)م٢ بێت و بەر رێژەی (5%) بکەوێ و لیژنەی خەمڵاندنیش قیمەتی یەک مەتری زەویی ژێر ئەو خانووە بە (2) وەرەقە بخەمڵێنن، ئەوا:

هەتا رووبەری (200)م٢ بە رێژەی (5%) پارەی تاپۆکردنی بۆ دادەنرێت و 20 مەترەکەی تریش بە نرخی بازاڕ پارەی تاپۆکردنی بۆ دادەنرێت، بەم شێوەیە:

200 لێکدانی 2 وەرەقە = 400 وەرەقە

5% لێکدانی 400 = 20 وەرەقە

کەواتە رووبەری (200)م٢ لە خانووەکە بە (20) وەرەقە تاپۆ دەکرێت.

ئینجا 20 مەترەکەی تر بە نرخی بازاڕ تاپۆ دەکرێت بەم شێوەیە:

20 لێکدانی 2 وەرەقە = 40 وەرەقە

کەواتە ئەو 20 مەترەی تری بە 40 وەرەقە بۆ تاپۆ دەکرێت.

واتە کۆی پارەی تاپۆکردنی 220 مەترەکە دەکاتە 60 وەرەقە.

 

وەزارەتی پەروەردە هەفتەیەك پشووی ڕاگەیاند
پێشت وەزارەتی پەروەردە هەفتەیەك پشووی ڕاگەیاند
سكاڵایەكی دیكە دژی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم تۆمار دەكرێت
دواتر سكاڵایەكی دیكە دژی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم تۆمار دەكرێت
ەیوەندیدار