ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

راپۆرت

ناڕەزاییەكانی دەگەیەنێتە عەرەب و عیراقییەكان
پارتی شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار رەتدەكاتەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
پارتی دیموكراتی كوردستان بەردەوامە لەسەر دەربڕینی ناڕەزایی بەرانبەر بە شێوازیی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عیراق و ئەو ناڕەزاییەش بە لایەنە عەرەبی و عیراقییەكان رادەگەیەنێت.

لەدوای هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح كاندیدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرۆك كۆماری عیراق كە لەدوای پاشەكشەكردنی فوئاد حسێن كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو لە خولی دووەمی كێبڕكێكە، پارتی دیموكراتی كوردستان لە زۆربەی بۆنە و چاوپێكەوتنەكانی لەگەڵ لایەنە عەرەبی و عیراقییەكان، ناڕەزایی خۆی بەرانبەر بە شێوازیی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عیراق دەردەبڕێت.

ئەمڕۆ پێنج شەممە، فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە میانی پێشوازی لە د. عومەر ئەلكەندەری، كۆنسووڵی دەوڵەتی كوەیت لە هەرێمی كوردستان، رایگەیاندبوو” شێوەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عیراق، دوورە لە سازانی لایەنە كوردستانییەكان، چونكە ئیستیحقاقی گەلی كوردستانە و دەبووایە بە تەوافوقی هێزە سیاسییەكانی كوردستان یەكلا كرابایەوە”.

هەر ئەمڕۆ مەسعود بارزانی سەرۆكی حزبەكە، لە میانی پێشوازیی لە هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح لە هەولێر، ناڕەزایی خۆی دەربڕیبوو بەرانبەر بە شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عیراق كە بە وتەی ئەو “كۆدەنگی و رێكەوتنی پێشینەی حزبە كوردییەكانی لەسەر نەبووە”.

لە دەستەواژەیەكی تری دەربڕینی ناڕەزایی پارتی دیموكراتی كوردستان بەرانبەر بە هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح كاندیدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق، پیرۆزبایی لێكرد و بە تێكۆشەرێكی دێرین و دۆستی گەلی كورد عەبدولمەهدی وەسفكردبوو.

بارزانی لەو پەیوەندییەدا، پشتیوانی تەواوی بۆ هەوڵەكانی عەبدلمەهدی دەربڕیبوو لەپێناو پێكهێنانی حكومەتی نوێ و هیوای سەركەوتنی بۆ خواستبوو، ئەمەش لەكاتێكدایە كە هێشتا سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرپرسانی حزبەكە جگە لە ناڕەزایی، پیرۆزباییان لە بەرهەم ساڵح نەكردووە بەبۆنەی دەستبەكاربوونی وەك سەرۆك كۆماری عیراق، ئەمەش ئاماژەیەكە بۆ لێدوانەكانی پێشوویان كە رەتیانكردبۆوە مامەڵە لەگەڵ سەرۆكایەتی كۆماری عیراقدا بكەن.

توندترین لێدوانی بەرپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەو بارەیەوە، لە كۆنفرانسە رۆژنامەوانییەكەی ئەمڕۆی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی حزبەكە بوو كە تێیدا رایگەیاندبوو”ئامادەبوون پۆستی زیاتر لە هەرێم بدەن بە یەكێتی بە مەرجێك یەكڕیزی كورد لە بەغداد تێكنەدەن، بەڵام تێكیاندا”.

بە وتەی نێچیرڤان بارزانی” ئەوان شەڕیان لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق نەكردووە، بەڵام هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بە شێوازی ئەمجارە مەترسیدارە، ئەو كارەی یەكێتی لە بەغدا كردی بۆ ئایندەی كوردستان مەترسیدارە و دەبوو پۆستی سەرۆك كۆمار لە نێو فراكسیۆنە كوردستانییەكان یەكلاكرایەتەوە”.

سەبارەت بەم لێدوانە توندانەی بەرپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر شێوازیی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عیراق، رەحیم دەڕاجی ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عیراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، فوئاد حسێن كاندیدی مەسعود بارزانی بۆ پێشبڕكێی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عیراق، دووچاری دۆڕان هات، ئەم لێدوانەی ئێستاش لەو بارەیەوە لەلایەن بارزانییەوە دەدرێن، جگە لە كاردانەوەیەكی ئاسایی و قسەكردن بەو لاوە چی دی نین.

بە وتەی دەڕاجی”بارزانی ئەنجامەكانی رەتنەكردۆتەوە، بەڵام رێكەوتنی لەگەڵ هەندێك كوتلەی سیاسی هەبوو كە لە دوایین ساتدا لە رێكەوتنەكەیان پاشگەزبوونەوە، ئەمەش بۆتە مایەی توڕەبوون و لێدوانە توندەكانی”.

ئەو ئەندامەی پێشووی پەرلەمانی عیراق دەڵێت”پێشبینییەكان سەبارەت بە پەرچەكردارێكی بەهێز لەلایەن بارزانییەوە تەنیا قسەكردنە، و ناكرێت بەسەر بەرپرساندا پراكتیزە ببێت”.

دەڕاجی پێی باش بوو بارزانی لە بری فوئاد حسێن، كەسێتییەكی ناسراو و پەسەندكراوی كاندید بكردبا، و هەوڵەكانی بۆ دەستخستنی پشتیوانی لەنێو ئەو لایەنانەدا بخستبایەتەگەڕ كە پێگە و قورساییەكی گەورەیان هەیە.

سێ شەممەی رابردوو، 2ی تشرینی یەكەمی 2018، پەرلەمانی عیراق بەپێی رێكارە دەستورییەكان، دانیشتنێكی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار سازكرد و لە خولی یەكەمی دەنگدان، هیچ كام لە كاندیدەكان نەیانتوانی دەنگی پێویست كە 210 دەنگ بوو، دەستبەر بكەن، لەو خولەدا هەرچەندە بەرهەم ساڵح، كاندیدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان 165 دەنگی بەدەستهێنا لە بەرانبەر 89 دەنگ بۆ فوئاد حسێن، كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەڵام بەو ئەنجامە كەسییان نەیانتوانی دەنگی پێویست كە 210 دەنگە، فەراهەم بكەن، بۆیە پەرلەمان ناچار بوو پەنا بۆ ئەنجامدانی خولی دووەم ببات.

لە خولی دووەمی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عیراق، هەرچەندە پارتی ڕایگەیاند، كە فوئاد حسێن لە كاندید بوون كشاوەتەوە، بەڵام سەرۆكایەتی پەرلەمان رەتیكردەوە و ڕایگەیاند، كە دەبێت خۆی ئامادەبێت بۆ دەستلەكاركێشانەوە، بۆیە خولی دووەمی دەنگدان ئەنجام درا.

لە خولی دووەمی دەنگدان، كە 272 پەرلەمانتار دەنگیاندا، بە بەدەستهێنانی (219) دەنگ بەرهەم ساڵح بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران بوو بە سەرۆك كۆماری عیراق، بەڵام فوئاد حسێن (22) دەنگی بەدەست هێنا.

بەمشێوەیە پەردە لەسەر ماراسۆنی كێبڕكێی نێوان هەردوو كاندیدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان دادرایەوە و كاندیدی یەكێتیی توانی متمانەی زۆرینەی پەرلەمانتارانی پەرلەمانی عیراق بۆخۆی فەراهەم بكات و ببێتە سەرۆك كۆماری نوێی عیراق.

دوابەدوای تەوابوونی پرۆسەكەش، مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەیامێكدا رایگەیاندبوو “بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عیراق پێچەوانەی ئەو نەریتەیە، كە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لە گەڕەكانی ڕابردوو پەیڕەو كراوە، ئەو ئالیەتەی ئێستا بە هیچ شێوەیەك قابیلی قبوڵ نییە و لە داهاتوویەكی نزیكدا هەڵوێستی خۆمان دەبێت”، لە هەمان كاتدا فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عیراق لە ڕاگەیەنراوێكید ڕێوشوێنەكانی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری بە نایاسایی لەقەڵەمدا و رایگەیاند كە لە داهاتوودا هەڵوێستیان دەبێت.

راپۆرت

هاوڵاتیان ڕوو لەخواردنی گۆشتی ماسی دەكەن

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

(خەڵك) چارەنووسی كورسییە بەتاڵەكانی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرا دەكات

خەڵك-سەعد مەلا عەبدوڵلا گوڵپی

هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجام درا و تا ئێستاش بەهۆی لێكۆڵینەوە لە ساختەكارییە گەورەكان ئەنجامی كۆتایی رانەگەیەندراوە و هەر یەك لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ و یەكگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی و بزووتنەوەی گۆڕان ئەنجامەكان رەتدەكەنەوە و ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، ساختەكاری گەورە لە هەڵبژاردنەكاندا كراوەو لە ئێستادا چاوەڕێی ئەنجامەكانی كۆتایین.

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە راگەیەنراوی ئەنجومەنی سەركردایەتی حزبەكەیدا، وێڕای رەتكردنەوەی ئەنجامە بەراییەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، ئەگەرێكی كراوەیە كە لە پڕۆسەی سیاسی هەرێم بكشێنەوە.

سەرچاوەیەك لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە (خەڵك)ی راگەیاند، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەشداری حكومەت ناكات و ئەگەریش هەیە لە پڕۆسەی سیاسی بكشێتەوە بۆ ئەو مەبەستەش راوێژ بە ئەندامەكانی دەكات و دواتر بڕیاری كۆتایی لەو بارەوە ئاشكرا دەكات.

لای خۆشییەوە ئەنجومەنی سەركردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی و بزووتنەوەی گۆڕان لە دوو راگەیەنراوی جیاوازدا، پڕۆسەی هەڵبژاردنەكانیان رەتكردوتەوەو چاوەڕێی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكانن و هەرچی جوڵانەوەی نەوەی نوێشە لەزاری شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بایكۆتی پەرلەمانی كوردستانی راگەیاند و ئاشكرایكرد، ئەوان ناچنە پەرلەمانێكی كارتۆنییەوەو كاندیدە دەرچوەكانیشیان نانێرنە ئەو پەرلەمانەوە، چونكە ساختەكاری بەرفراوان ئەنجام دراوە.

هەڵوێستە كۆنكرێتییەكەی جوڵانەوەی نوێ بەشێوەیەكە كە 8 كورسی پەرلەمانی بە چۆڵی دەمێننەوە، ئەگەر لایەنەكانیتریش هاوشێوەی ئەم هەڵوێستەیان هەبێت، ئەوكات رێژەی كورسییە بەتاڵەكانی پەرلەمانی كوردستان زیاتر دەبن و بەشێك لە چاودێرانی سیاسی ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، نەناردنی پەرلەمانتاران بۆ هۆڵی پەرلەمان لە قازانجی هێزی یەكەمی كوردستان كە پارتییە دەبێت و پەرلەمانتارێكی كوردستانیش لە (خەڵك)ەوە روونكردنەوە لەسەر چارەنوسی كورسییە بەتاڵەكان دەدات.

شیروان زرار وتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان بە (خەڵك)ی راگەیاند، كۆمەڵێك بابەت هەیە یەكەمجارە لە هەرێم سەرهەڵدەدات بەوەی قەوارەیەك یان لیستێك نەچێتە پەرلەمان، ئەمە پێشینەی نەبووە.

وتیشی” ئەو بابەتانە بەلای ئێمەوە گرنگ نییە، ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە ئەوەیە بزانین قەبارەی بەشداریكردنەكە چەندە و بە وردی و راستگۆیی و ئەمانەتەوە كاری خۆمان بكەین و خاتری كەس نەگرین و ئەنجامەكان یەكلایی بكەینەوە، ئەوكات حزبەكان خۆیان چارنووسی بڕیاری كۆتایی خۆیان بدەن، گرنگ ئەوەیە دەنگەكانیان لای ئێمە پارێزراوە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، دوای راگەیاندنی ئەنجامەكان، حزبەكان دەچن بۆ نێو پەرلەمان یان ناچن ئەوە پەیوەندی بە خۆیانەوە و داهاتووی پەرلەمانەوە هەیەو پەرلەمان ئیجرائات دەكات.

سەبارەت بە كورسییە بەتاڵەكان ناوبراو ئاشكراشیكرد، كورسی بەتاڵ پەیوەندی بە كۆمسیۆنەوە نییەو دواتر دەچێتە پەرلەمان و پەرلەمانتار سوێندی یاسایی دەخوات و دواتر ناچێت تاكو فەسڵ دەكرێن، یاخود هەر ناڕوات ئەوەش ئەنجومەنی شورا یەكلایی دەكاتەوە.

ئاری عەبدوللەتیف ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە (خەڵك)ی راگەیاند، بەپێی یاسای هەڵبژاردن، ئەوەی نەیەتە نێو پەرلەمان، كورسییەكانی دەچێت بۆ گەورەترین كوتلە واتە دەڕوات بۆ پارتی.
وتیشی”دواتر بەشێك لە دەنگەكان دەچێت بۆ ئەو لیستانەی پێویستیان بە كەمترین دەنگ هەیە بۆ وەرگرتنی كورسییەك”.

ئاشكراشیكرد، ئەو كەسانەی باس لەوە دەكەن كورسییەكان بە بەتاڵی دەمێننەوە لەنێو پەرلەمان “سیناریۆیە”و یاسا رێگە بەبابەتێكی لەو شێوەیە نادات‌و ئەو كورسیانە نابێت بە بەتاڵی بمێننەوە بەپێی یاسا و پەیڕەوی پەرلەمان.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، لەوانەیە پارتی وەك كوتلەی گەورە بەشی لایەنەكانیتریش لەو كورسییە بەتاڵانە بدات.

سەبارەت بە چۆنێتی پڕكردنەوەی ئەو كورسییانە ناوبراو رایگەیاند، لەدوای سوێندخواردنی پەرلەمانتاران دوای سێ مانگ ئەگەر پەرلەمانتار نەڕواتە هۆڵی پەرلەمان لەلایەن كوتلەی گەورەوە پڕ دەكرێتەوە.

هەندێك لە لایەنە سیاسییەكان داوای هەڵوەشاندنەوەی پڕۆسەی هەڵبژاردنەكان دەكەن و ئیسماعیل خوڕماڵی بڕیاردەری كۆمسیۆنی هەرێمیش لەو بارەوە رایدەگەیەنێت، ئێمە دەبێت دەنگە حەڵاڵ و حەرامەكان لە یەكتر جیابكەینەوەو پێویست بە سوتاندنی هەڵبژاردن یان سندوقی هەڵبژاردن ناكات.

وتیشی” نابێت دەنگی حەڵاڵی هاووڵاتیان لەناو بەرین”.
لای خۆشییەوە وتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هەرێم رایگەیاند، ئەو لایەنانەی بەشداری هەڵبژاردنەكانیان كردووە ناكرێت ئەوەی ئەنجامەكانی بەدڵ نەبوو بڵێن هەڵیدەوەشێنینەوە، چونكە شتەكان كۆتایی پێهاتووە و ئەوەی لەسەر شانی ئێمەیە ئەنجام رادەگەیەنین، دواتر حزبەكان دەتوانن تانە لە ئەنجامەكان بگرن لە دادگای پێداچوونەوەی كوردستان، لەوێ بڕیاری كۆتایی لەسەر بابەتی سكاڵاكان بدرێت، دواتر حزبێكی سیاسی بەشداری دەكات یان نا ئەوە خۆی ئازادە.

لەلایەكیتریشەوە بەختیار سەعید چاودێری سیاسی بە (خەڵك)ی راگەیاند، وڵاتە زلهێزەكان دانیان بە هەڵبژاردنەكانی هەرێمدا ناوەو دوای راگەیاندنی ئەنجامەكانی كۆتاییش هەر حزبێك رەتی بكاتەوە یان تانە بگرێت لە دادگای پێداچوونەوەی هەرێم بە نیو كاتژمێر وەڵامی دەدرێتەوە و هیچ لە بابەتەكان ناگۆڕێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

گرانی تەماتە هاووڵاتیان ناچار دەكات ڕوو لە دۆشاوی تەماتە بكەن

سلێمانی ـ نزار جەزا

ئەمساڵ سەوزە و میوە بەتایبەت تەماتە نرخەكانیان فڕیوە، بەجۆرێك هاوڵاتیان لەجیاتی تەماتە، دۆشاوی تەماتە لەخواردنەكانیاندا بەكاردەهێنن.

لەبازاڕەكانی شاری سلێمانیدا نرخی سەوزە و میوە بەتایبەتیش تەماتە، كە خواردنێكی سەرەكی هاوڵاتییانە بەگشتی لەبەرزبونەوەدان.

نرخی تەماتە بەراورد بە ساڵی رابردوو زۆر بەرزبووەتەوە

شوكری محەمەد، ژنێكی تەمەن 45 ساڵە، كە بەهۆی بەرزی نرخی تەماتەوە ناتوانێت وەك پێشتر تەماتە بكڕێت، بۆیە ناچارە دۆشاوی تەماتە بەكاربهێنێت.

ناوبراو بۆ (خەڵك) دەڵێت ” نرخی سەوزە و میوە بەرزە و پێویستە حكومەت كارێك بكات نرخەكان داببەزێنێت، لەبەرئەوەی خەڵك لەم قەیرانەدا ناتوانێت بەنمونە كیلۆیەك تەماتە بە دوو هەزار دینار بكڕێت”.

هاوڵاتیان لە بەرزی نرخی تەماتە نیگەرانن

لەسەردانێكی مەیدانیدا پەیامنێری (خەڵك) سەردانی بەشێك لە تەماتە فرۆشەكانی ناو بازاڕی شاری سلێمانی كرد، هەموویان جەختیان لەوەدەكردەوە، لەوەتەی نرخی تەماتە بەرزبۆتەوە فرۆشیان دابەزیوە.

یەكێك لەبەقاڵەكانی بازاڕی بەلەدێكەی شاری سلێمانی بە(خەڵك)ی وت “نرخی تەماتە و سەوزە و میوەكانی دیكە بەنزیكەیی سەدا 50 بۆ 60 بەرزبۆتەوە “.

نزار جەزا پەیامنێری (خەڵك) لەسەر نرخی سەوزە و میوە لەگەڵ فرۆشیاران گفتووگۆ دەكات

سەروەر عومەر، كە 22 ساڵە، كاری بەقاڵی دەكات، باسی لەوەكرد، فرۆشیان كەمی كردووە و هاوڵاتی زۆر ناچار نەبێت، تەماتە ناكڕێت، بەجۆرێك پێشتر نزیكی 500 كیلۆ تەماتەیان دەفرۆشت، بەڵام ئێستا 250 بۆ 300 كیلۆ تەماتە دەفرۆشن”.

بەهۆی ئەوەی دۆشاوی تەماتە لەجێگەی تەماتە لەئامادەكردنی خواردندا بەكاردەهێندرێت، لەئێستادا فرۆشی ئەمیش زیادیكردووە.

ئارام محەمەد، فرۆشیارێكی ماركێتی ئامەدە لە گەڕەكی ئیبراهیم ئەحمەدی شاری سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لەماوەی پێشتردا كە نرخی تەماتە بەرزبۆوە، فرۆشی دۆشاوی تەماتەش زیادیكردووە.

ئاماژەی بەئەوەشدا، كاتێك شتێك نرخی گران بێت، خەڵك بیردەكاتەوە لەجیاتی ئەوە شتێكی دیكە بەكاربهێنێت، بۆ نمونە كیلۆیەك تەماتە بۆ یەك ژەم خواردن بەكاردێت، بەڵام قتویەكی دۆشاوی تەماتە، كە هەمان نرخی كیلۆ تەماتەكەی هەیە، بەشی زۆر زیاتر دەكات.

دۆشاوی تەماتە دەبێتە جێگرەوەی تەماتە

ئەمساڵ بەهۆی كەمی بەرهەمی نێوخۆی تەماتە و رێگری ئێران لە هەناردەكردنی بۆ هەرێمی كوردستان لە بازاڕەكاندا نرخی بۆ چەند هێندەی ساڵی ڕابردوو بەرز بووەتەوە.

ساڵی رابردوو لەم مانگەدا نرخی كیلۆیەك تەماتە لەدەوروبەری 500 دیناردابوو، بەڵام نرخەكەی 1500 بۆ 2000 دینارە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە
حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان دەتوانێت خزمەتی هاوڵاتیان بکات؟

کوردستان

دوایین