تەندروستی جیهانی: لە غەززە هەر ١٠ خولەک جارێک منداڵێک دەکوژرێت



ڕۆژی شەممە، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ڕاپۆرتێکدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، بە تێکڕایی لە هەر دە خولەکێکدا منداڵێک لە کەرتی غەززە دەکوژرێت و هۆشداریشیدا کە “هیچ شوێنێک پارێزراو نییە و هیچ کەسێک سەلامەت نییە”.

تێدرۆس ئەدهانۆم گیبریسوس ئاماژەی بەوەکرد،  زیاتر لە ٣٦ نەخۆشخانەی غەززە و دوو لەسەر سێی ناوەندەکانی چاودێری تەندروستی سەرەتایی کار ناکەن و ئەوانەی کە هێشتا کاردەکەن زۆر لە توانای خۆیان زیاتر فشاریان لەسەرە، سیستەمی چاودێری تەندروستی لە لێواری داڕماندایە.

تێدرۆس لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند، ڕاڕەوی نەخۆشخانەکان بە بریندار و نەخۆش قەرەباڵغ بوون، نەشتەرگەرییەکان بەبێ بێهۆشکردن ئەنجامدەدرێن، دەیان هەزار ئاوارە وەک پەناگە لە نەخۆشخانەکان دەژین.

تێدرۆس وتیشی، بە تێکڕایی لە هەر ١٠ خولەکێک لە غەززە منداڵێک دەکوژرێت.

ناوبراو ڕایگەیاند، لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی زیاتر لە ٢٥٠ هێرشی بۆ سەر دامەزراوە تەندروستییەکان لە غەززە و کەناری ڕۆژئاوا پشتڕاستکردووەتەوە، لە کاتێکدا ٢٥ هێرش بۆ سەر دامەزراوە تەندروستییەکان لە ئیسرائیل ئەنجامدراوە.

شەڕی ئیسرائیل لەسەر کەرتی غەززە لە ٣٥هەمین ڕۆژی خۆیدا لە ٧ی تشرینی یەکەمی ڕابردووەوە بەردەوامە، لە کاتێکدا سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە، ژمارەیەک وڵاتی پەیوەندیدار و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان ترسی خۆیان لە بەرفراوانبوونی ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەربڕیوە.

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە کەرتی غەززە ڕایگەیاند، ژمارەی قوربانیانی بۆردوومانی بەردەوامی ئیسرائیل بۆ زیاتر لە ١١ هەزار و ٧٨ کەس بەرزبووەتەوە کە زیاتر لە چوار هەزار و ٥٠٦ منداڵ، نزیکەی ٣٠٢٧ ژن و ٦٦٨ کەسی بەساڵاچووی تێدایە، لە کاتێکدا زیاتر لە ٢٧ هەزار کەسی دیکە برینداربوون، لە کاتێکدا ئەوانەی لە ئیسرائیل لە ئەنجامی هێرشی حەماس کوژراون، زیاتر لە هەزار و ٤٠٠ کەس کوژران، و زیاتر لە ٥ هەزار کەسیش بریندار بوون.

ئەمڕۆ لە چەند گەڕەکێکی سنووری سلێمانی نەوت دابەشدەکرێت
پێشت ئەمڕۆ لە چەند گەڕەکێکی سنووری سلێمانی نەوت دابەشدەکرێت
بومەلەرزە ویلایەتێکی ئەمریکای هەژاند
دواتر بومەلەرزە ویلایەتێکی ئەمریکای هەژاند
ەیوەندیدار