“كەمی كارەبا بەهۆی دابیننەكردنی غازەوەیە”
قەیرانی كارەبا زیاد لە 30 ساڵە بەردەوامە، قەیرانێك جگە لە بێپلانی و خەمنەخواردنی كێشەكە هیچی دیكە شك نابرێت بۆ دروستبوونی، هەربۆیە ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، حكومەت بیەوێت بە شەو و ڕۆژێك دەتوانێت چارەسەری قەیرانی كارەبا بكەن، بەڵام نایانەوێت بیكەن.
حكومەتی هەرێمی كوردستان سیستمی زیرەكی داناوە بۆ سنوورداركردنی كارەبا، بەجۆرێك كارەبای ماڵان بووە بە تەنها 30 ئەمپێر و نرخەكەشی لەسەر هاووڵاتیان زۆر بەرزكراوەتەوە و كارەبای زۆر شوێنیش لەسەر نەدانی كرێ بڕدراوە، كەچی كارەبا هەر كەم دەكات.
كەریم عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، هەموو ساڵێك لە مانگی یەك و دوودا بڕی پێدانی كارەبا بە هاووڵاتییان كەمدەبێتەوە، توانای بەرهەمهێنانی كارەبا هەیە، بەڵام غاز و سەرچاوەكانی وزەی بۆ دابین ناكرێت، لەبەر ئەوە نەتوانراوە بڕی پێویست كارەبا بۆ هاووڵاتییان دابین بكەن، كەمتەرخەمییەكی مەبەستدارە، چونكە ئەگەر بەرپرسان مەبەستیان بێت لە شەو و ڕۆژێكدا ئەو گرفتە چارەسەر دەكەن، ئەوەی هەیە تەنها داهات كۆكردنەوەیە بۆ بەرژەوەندی كۆمپانیا حیزبییەكان و زیاتر سزادانی هاووڵاتییان.
دەشڵێت، لە وەرزی زستاندا (غاز، نەوتی سپی، كارەبا) پەیوەندیدارن بە یەكەوە، هەر یەكێكیان كەم ببێتەوە كاریگەری لەسەر ئەوانی دیكە دروستدەكات، ئەگەر غاز بە ئاسانی دەستبكەوێت و نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشبكرێت، قورساییەكانی سەر كارەبا كەمدەبنەوە.
ئاماژەی بە ئەوەش كرد، سنووری سلێمانی بەرهەمێنەری غازە، بەڵام بڕی پێویستی پێنادرێت، كە خواستی هاووڵاتییان پڕبكاتەوە و پشكەكەی زۆر كەمترە لە چاو شوێنەكانی دیكەدا.
ئاشكراشیكرد، پارێزگاكانی هەڵەبجە و سلێمانی بە ئیدارەكانی (ڕاپەڕینو گەرمیان)یشەوە ڕۆژانە نزیكەی 11 بۆ 12 بار غازیان پێدەدرێت، بەڵام هەولێر 15 بار و دهۆك 9 بار غازیان پێدەدرێت، كە هەر بارێك نزیكەی 22 تۆنە.
ژمارەی دانیشتووانی سلێمانی بەراورد بە شوێنەكانی دیكە زیاترە، بەڵام پشكەكەی لە غاز و كارەبادا بەراورد بە شوێنەكانی دیكە كەمترە، سەبارەت بە هۆكاری ئەو جیاوازیكردنە، كەریم عەلی دەڵێت، هۆكارەكەی كار نەكردنە بە پلانێك كە مافی هەموو هاووڵاتییانی تێدا دەستەبەر بكرێت، بێخاوەنی سنووری سلێمانییە چ لە ئاستی حكومەتی هەرێم چ لە ئاستی پەڕلەمان بێدەسەڵاتن و ناتوانن داوای مافی هاووڵاتییان بكەن، دەستیانگرتووە بە كڵاوەكانی خۆیانەوە با نەیبات، هەرچەندە كڵاوەكەش نەماوە و با بردوویەتی.
باسی لەوەشكرد، سنوری گەرمیان %4.5 ی كارەبای پێدەدرێت و سلێمانیش %28.9 ی كارەبای نیشتمانی پێدەدرێت.
هەرێمی كوردستان پێویستی بە شەش هەزارو 500 مێگاوات كارەبا هەیە، بەڵام تەنها بڕی 3 هەزار و 600 مێگاوات بەرهەمدەهێنرێت، لەبارەی ئەو بەرهەمەوە كەریم عەلی وتی “لەئەو ڕێژەیەش 300 مێگاواتی دەدرێت بە كارگەكان، نزیكەی 600 مێگاواتیش دەفرۆشرێت بە حكومەتی عێراق، بە وتەی بەرپرسانی كارەباش نزیكەی %35 ی ئەو ڕێژەیەش دیار نامێنێت و دەدزرێت”.
بەشێك لە هاووڵاتیان لە گەڕەكەكانی سلێمانی دەڵێن كارەبای نیشتمانی لە ماوەی 24 كاتژمێر بۆ 2 بۆ 4 كاتژمێر كەمبووەتەوە، بەشێك لە گەڕەكەكان تەنها 2 كاتژمێر كارەبای نیشتمانییان هەبووە، لەكاتێكدا لە ساڵانی نەوەدەكانی ڕابردوودا لە كاتی شەڕی ناوخۆ و گەمارۆ و گرانیدا هەمان دوو كاتژمێر كارەبای نیشتمانی دراوەتە هاووڵاتیان لە سلێمانی.
بەوتەی بەشێك لە هاووڵاتیان بڕی كارەبای دابینكراو لە ئێستا بۆ هاووڵاتیان هەمان ئەو بڕەیە كە لە ساڵی 1992 و دواتر دابینكراوە، كە لە شەووڕژێكدا 2 بۆ 3 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی هەبووە، لەحاڵێكدا ئەو كاتە دوو گەمارۆی نێودەوڵەتی و بەغدا لەسەر هەرێم بووە، حكومەتی هەرێم تەمەنی یەك دوو ساڵ بووە، دوایی شەڕی ناوخۆ دەستیپێكردووە، هیچ دامەزراوەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبا نەبووە جگە لە بەنداوە ئاوییەكان.
ئێستا پرسیاری جیدی لای هاووڵاتیان و شارەزایان دروستبووە كە بۆچی كارەبا نییە، حكوومەتیش و كارەباش خەریكی پینەوپەڕۆن و پەڕلەمانیش بێ دەنگە.
پرسیار دەكرێت هەرێمی كوردستان قەیرانی دارایی تێپەڕاندووە، داهاتی نەوت زۆر و نرخەكەی بەرزە، داهاتی ناوخۆ زۆرە، نە جەنگ هەیە، نە كارەساتی سرووشتی، ئایا هۆكار چییە كارەبای نیشتمانی نییە؟
سیروان محەمەد وتەبێژی كارەبای سلێمانی بۆ (خەڵك) دەڵێت پێدانی كارەبای نیشتمانی لە شەو و ڕۆژێكدا بۆ 4 بۆ 5 كاتژمێر كەمبووەتەوە.
دەشڵێت، خواست لەسەر كارەبا زیادیكردووە و لە سلێمانی 2300 مێگاوات پێویستە، بەرهەمی كارەباش كەمبووەتەوە، دەسەڵاتی ئێمە نییە، كارەبامان نییە بیدەینە خەڵك.