بە فەرمانی سودانی 30 هەزار كەس لە عێراق و هەرێم دادەمەزرێن



جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، وردبینی كردن لە دامەزراندنی 30 هەزار کەس لە دەرچووە یەكەمەكان و خاوەن بڕوانامە باڵاكان بەردەوامە و دەشڵێت: لە سێ‌ مانگی داهاتوودا ناو و شوێنی وەزیفیان ڕادەگەیەنرێت.

بەپێی بڕیاری سەرۆك وەزیرانی عێراق 70 هەزار كەس دادەمەزرێنرێت و لە ساڵی ڕابردوودا 40 هەزار كەس لەسەر بودجەی “یاسای دابین كردنی ئاسایشی خۆراك” دامەزران و بەهۆی نەبوونی بودجەوە 30 هەزار كەسیان، كە دەرچووە یەكەمەكانی زانكۆ و پەیمانگاكانن لەگەڵ خاوەن بڕوانامە باڵاكان لەمساڵدا دادەمەزرێن و هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە و بۆ ئەوەش لە ماوەی ڕابردوودا وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم لیستی ناوەكانی بۆ حكومەتی عێراق ناردووە.

عەلی ڕەزووقی، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە، “کۆبوونەوەیەک بە ڕێنمایی سەرۆکی حکومەت و بە میوانداری وەزیری دارایی و سەرۆکی لیژنەی پلاندانانی ستراتیژی لە پەرلەمان ئەنجامدرا، جگە لە ئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجوومەنی خزمەتی فیدڕاڵی و بەشێک لە بەربەستەکانی بەردەم دامەزراندنی خاوەن بڕوانامە باڵاكان و دەرچووە یەكەمەكان تاوتوێ‌ كرا”.

ڕوونیشیکردەوە، “سەرۆکی حکومەت پێداگری لەسەر واژۆکردنی یاساکە کرد و لەیاسای ئاسایشی خۆراکدا 70 هەزار پلەی وەزیفی دیاریكرا بەبێ هیچ پاڵپشتییەكی دارایی لەو کاتەدا، ساڵی ڕابردووش 40 هەزار پلەی وەزیفی لە چوارچێوەی بودجەی فیدراڵیدا دامەزران”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “سەرۆکی حکومەت ڕێنمایی داوە ئەو 30 هەزار پلەیەی ماونەتەوە دابمەزرێن، هەروەها سەرۆکی ئەنجوومەنی خزمەتی فیدراڵی ڕاسپێردرابوو لە ماوەی یەک مانگدا دابەشکردنی پلەوەزیفییەكان و شوێنی كاركردنیان تەواو بکات”.

ئاشكراشی كردووە، وردبینی كردن لە تەواوی وەزارەتەكان بەردەوامە بەپێی ئەو خشتە داراییەی دابەشكراوە بەسەر وەزارەتەكاندا و وەزارەتی داراییش تەنها دوو ڕۆژی پێویستە بۆ دیاری كردنی بودجەی پێویست بۆی و دوای ئەوەش فۆڕمی ئەلیكترۆنی دەكرێتەوە لە ماوەیەكی دیاریكراودا.

جەختیشی لەوە کردەوە، “لە ماوەی ٣ مانگدا دەرچووە یەكەمەكان و ئەوانەی بڕوانامەی باڵایان هەیە پۆستە وەزیفییەكانیان وەردەگرن”.

مەسرور بارزانی: ئامێرەكانی ڕاكێشانی پارە گەیشتنە نزیكەی دوو هێندە
پێت مەسرور بارزانی: ئامێرەكانی ڕاكێشانی پارە گەیشتنە نزیكەی دوو هێندە
توركیا بۆردومانی كۆبانێ‌ دەستپێدەكاتەوە
دوات توركیا بۆردومانی كۆبانێ‌ دەستپێدەكاتەوە
پەیوەنیدر