بە بڕیارێكی وەزارەتی ناوخۆی عێراق پلەبەرزكردنەوە و جیاوازی مووچە دەدرێتەوە بە بەشێكی كارمەندانی هەرێمی كوردستان، كە ڕاژەیان لەسەر بەغدایە.
هێزەكانی سنوورپارێز “پاسەوانی سنوور” لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی لەلایەن وەزیری ناوخۆی حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ لە10/12/2023 بڕیاردرا بە خەرج کردنی (جیاوازی مووچە) واتە “ترقیە و علاوەکانی” ساڵی ڕابردوو بۆ سەرجەم هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ.
بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، كە ئاڕاستەی فەرماندەیی هێزەكانی پاراستنی سنوور كراوە، بڕیار دراوە بە خەرج كردنی مووچەی پلەبەرزكردنەوە و سەرمووچەی ساڵی ڕابردووی هێزەكانی پاسەوانی سنوور.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە پلەبەرزكردنەوە بۆ سەرجەم كارمەندان و فەرمانبەرانی وەزارەتەكانی عێراق بەردەوامە و نەوەستاوە، بەڵام ماوەی 8 ساڵە بۆ فەرمانبەرانی مەدەنی لە هەرێم ڕاگیراوە و تەنها بۆ دوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە پلەبەرزكردنەوە هەیە.