كەمپەینەكانی كۆكردنەوەی هاوكاری بۆ زیانلێكەوتووانی بوومەلەرزە لە باكوور و ڕۆژئاوای كوردستان توركیاو سووریا، هەتا ڕۆژی هەینی 17 ی ئەم مانگە بەردەوام دەبن.
وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم بڵاویكردەوە، دوای فەرمانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی بومەلەرزە لە باكوور و ڕۆژئاوای كوردستان توركیا و سووریا و بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بۆ ڕاسپاردنی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان بە سەرپەرشتیكردنی كەمپەینی هاونیشتیمانیانی كوردستان بۆ كۆكردنەوەی كۆمەك، سوپاس و پێزانینی زۆرمان بۆ كوردستانیانی ئازیز هەیە كە وەكو هەمیشە بەشدارییەكی كاراییان لەو كەمپەینە كردووە و ماڵ و كەلوپەلی خۆیان و سەروەتیان لە گەڵ لێقەوماوان بەش كردووە.
باس لە ئەوەش كراوە، ئەو كۆمەكانەی كۆكراونەتەوە، لە لایەن تیمەكانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان و خۆبەخشەكان پۆلێن و ئامادە دەكرێن و ڕۆژانە بۆ هاوكاری لێقەوماوان ڕەوانەی توركیا و سوریا دەكرێن.
وەزارەتەكە دەڵێت، بۆ ئەوەی پرۆسەی گەیاندنی كۆمەك بە لێقەوماوان بە خێرایی بەڕێوە بچێت، ئەو كەمپەینە لە ئێوارەی هەینی ١٧ی شوباتی ٢٠٢٣ كۆتایی دێت.
دوای ئەوەی ڕۆژی 6ی ئەم مانگە بوومەلەرزەیەكی بەهێز پارێزگای مەڕەشی باكووری كوردستانی گرتەوە و چەندین بوومەلەرزەی دیكەش ڕوویاندا و بەو هۆیەوە هەزاران قوربانی لە ڕۆژئاوا و باكووری كوردستان لێكەوتەوە و هەزارانی دیكەش بریندار و بێ ماڵ و حاڵ بوون، لە باشووری كوردستان چەندین كەمپەین بۆ هاوكاری زیانمەندانی بوومەلەرزەكە پێكهات كە هاوكاری لۆجستی و مرۆیی كۆدەكرێنەوە و ڕەوانەی ئەو كەسانە دەكرێن كە لێقەومان و پێویستیانە.