سەرۆكی ئەمریكا، جۆ بایدن رایگەیاند، فڕۆكەی جەنگیی F-16 نادرێت بە ئۆكراین.
جۆ بایدن دوای سەردانەكەی بۆ ماریلاند و گەڕانەوەی بۆ واشنتۆن لە كۆشكی سپی لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێكدا لەبارەی ئەوەی: ”ئەمریكا فڕۆكەی F-16 دەداتە ئۆكراین؟” وتی: ”نەخێر”.
سەرۆكی ئەمریكا، جۆ بایدن لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەدا لەبارەی ئەوەی ئایا لە ساڵیادی هەڵگیرسانی جەنگی رووسیا-ئۆكرایندا، سەردای ئەورووپا دەكات یان نا، وتی: ”دڵنیا نیم”.
لەلایەكی دیكەوە، بایدن باسی لەوە كرد، سەردانێك بۆ پۆڵەندا ئەنجام دەدات، ئەوەشی خستەڕوو جارێ نازانێت كاتی سەردانەكەی كەی دەبێت.
سەرۆكی ئەمریكا، باسی لەوە كرد، رۆژی چوارشەممە لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی وڵاتەكەیدا، كیڤن مەككارتی كۆدەبێتەوە و پرسی سنوورداركردنی بوودجە تاوتوێ دەكەن.
بانگەشەی ئەوە كرابوو، سەرۆكی ئەمریكا لە ساڵیادی هەڵگیرسانی جەنگی رووسیا-ئۆكراین لە ٢٤ی شوباتدا، سەردانی ئۆكراین دەكات.