تیمی وزاری پارتی لە حكومەتی هەرێم وەڵامی تیمی یەكێتی دەداتەوە



تیمی وەزاری پارتی دیموكراتی كوردستان وەڵامی تیمی وزاری یەكێتی نیشتمانی كوردستانی لە حكومەتی هەرێم دەداتەوە و ڕایدەگەیەنێت، پێویستە هاوکاربن و بگەڕێنەوە سەر کارەکانتان.

دوابەدوای ڕاگەیەنراوەكەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، تیمی وزاری یەكێتی لە وەتسئەپی ئەنجوومەنی وەزیران وەك ناڕەزایەتییەك چوونە دەرەوە و دواتر تیمی یەكێتی لە حكومەتی هەرێم، كە لەلایەن قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتەوە سەرۆكایەتی دەكرێت ڕاگەیەنراوێكیان بڵاوكردەوە و بە چەند خاڵێك وەڵامی سەرۆكی حكومەتیان دایەوە.

تیمی وەزاری پارتی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بەشداری نەکردن لە هەندێک لە کۆبوونەوەکانی حکومەت و دەرچوون لە گرووپەکانی واتسئاپ، هەروەها ئامادەنەبوونتان بۆ چارەسەری کێشەکان و باسکردنی لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران، واتای ڕاکردنە لە بەرپرسیاریەتی یاسایی و سیاسی و ئیداری

دەقی روونکردنەوەکە:

‏‎دوابەدوای پەیامەکەی بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە زۆر بەڕوونی باسی لەو کێشانە کرد کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دروستیان دەکات بەرامبەر حکومەتی هەرێم، کە لە هەمانکاتدا، چارەسەرەکەشی خستەڕوو، بەڵام بەداخەوە تیمی یەکێتی لە بری گفتوگۆکردن و کۆبوونەوە، بە کاردانەوەی لاواز وەڵامیان دایەوە. بۆیە لێرەدا بە پێویستی دەزانین ئەو ڕاستییانە بخەینەڕوو؛

‏‎- بەشداری نەکردن لە هەندێک لە کۆبوونەوەکانی حکومەت و دەرچوون لە گرووپەکانی واتسئاپ، هەروەها ئامادەنەبوونتان بۆ چارەسەری کێشەکان و باسکردنی لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران، واتای ڕاکردنە لە بەرپرسیاریەتی یاسایی و سیاسی و ئیداری.

‏‎- خەڵکی کوردستان هۆشیارە و داواکارین ئێوەش بگەڕێنەوە سەر وتار و دیدار و قسەکانی ساڵانی پێشووتان، کە چۆن باس لە دەستکەوت و کاروچالاکی و سەرکەوتنی کابینەی نۆیەم دەکەن، ئەگەر کەموکوڕیێکیش لەم کابینەیەدا بوونی هەبێت، ئەوا لە ئاکامی ئەو سیاسەت و ڕێگریەیە، کە یەکێتی پیادەی دەکات، دەتانەوێت لاوازی پێگەی حیزبی و سیاسی و دیپلۆماسی و جەماوەریتان و کێشە ناوخۆییەکانتان بەوە دابپۆشن، کە ڕێگا نەدەن حوکمڕانیێکی سەرانسەری و شەفاف لە دارایی و داهات و حوکمی یاسا لە سنووری پارێزگای سلێمانی ئەنجام بدرێت و میلیشیا ئاسا، ئەم سیاسەتەتان لەسەر خەڵکی بسەپێنن و بڵێن ئێمە ئەگەر دەنگ و کورسیشمان کەم بێت، بەڵام خۆمان فەرز دەکەین، خەڵک و دۆست و ناحەزانیش شایەدی بۆ ئیدارەدانی ئێوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەدەن، کە خەڵکەکە لە چ نائارامی و بێ خزمەتگوزاریێكدا ژیان بەسەر دەبەن.

‏‎- ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری داوە هێز بۆ ڕێگریکردن لە کاری دزێو و دژ بە بەرژەوەندی هاووڵاتییان بۆ هەموو سنوورەکانی هەرێم بنێرێت و نەگوتراوە تەنیا بۆ سنووری پارێزگای سلێمانییە، بەڵام لەبەرئەوەی خۆتان دەزانن چ لە سنوورەکانی پارێزگای سلێمانی چی دەگوزەرێت، بۆیە ڕێگری لە دەستپێشخەریێکی وا دەکەن، بفەرموون هەرچی خۆتان پێتان وایە شارەزایە و بە دڵتانە و خەڵکی خۆتانە با لەگەڵ هێزەکە بێت بۆ هەموو سنوورەکان.

‏‎- پڕۆسەی نەوت لە هەرێمی کوردستان لە کابینەکانی ڕابردوو ئەنجامدراوە، کە جێگرەکانی سەرۆکی حکومەت سەر بە یەکێتی و بە تایبەتیش بەڕێز (قوباد تاڵەبانی) لە ئاستی باڵای ئەم حیزبە، لە چەندین بۆنە گوتوتانە ئاگاداری وردەکارین و لە کابینەی ڕابردوو تا ئێستا بە سەرپەرشتی سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، کە سەر بە یەكێتیە، کۆمپانیایێکی باوەڕپێکێراوی جیهانی تایبەتمەند لەم بوارە، سەرپەرشتی وردبینی فرۆشتنی نەوت دەکات.

‏‎- کەس ناتوانێت لە سنووری پارێزگای هەولێر هەڕەشە بکات، ئەوەی لەگەڵ بەڕێز جێگری سەرۆك وەزیران بووە، تەنیا پەیوەندیێکی تەلەفۆنی بووە لەگەڵ برادەرێکی کۆنی خۆی، بەڵام ئەگەر بتانەوێت ئاستی ئەم کارە تیرۆرستیەی بەرامبەر (شەهید هاوکار جاف) لە پایتەخت ئەنجامدرا بەراورد بکەن لەگەڵ ئەمە، ئەمە خەیاڵ پڵاویە.

– ئێمە هەر لە ڕۆژی یەکەمی تیرۆرکردنی شەهید هاوکار جاف بە نامەی فەرمی داوامان لێکردن کە هاوکاربن لە لیکۆڵینەوە لە تۆمەتباران، بەڵام ئێوە خۆتان لەم بابەتە دزیەوە و تا ئێستاش ئامادە نین تۆمەتباران بێنە بەردەم دادگا .

‏‎- هەڵبژاردن ڕێکار و یاسای خۆی هەیە، ناکرێت لە ترسی ئەوەی دەنگەکانتان زۆر کز بووە بڕو بیانوو بدۆزنەوە، لە کوێی دونیا هەیە حیزب ببێتە لەمپەر لەبەردەم پڕۆسەیێکی دیموکراسی، بفەرموون با لە پەرلەمان لە چوارچێوەی یاسا، هەر گفتوگۆیەک هەیە بکرێت، ئایا پارتی ئەم یاسایەی داناوە؟ مەگەر ئێوەش وەک پارتی و بگرە زیاتریش، دەستتان لە دەرکردنی هەموو یاساکانی پەرلەمان و بڕیارەکانی حکومەت نەبووە؟.

‏‎- داواتان لێدەکەین نەبنە ڕێگر لەبەردەم بڕیارەکانی حکومەتی هەرێم و لە بەرامبەردا پێویستە هاوکاربن و بگەڕێنەوە سەر کارەکانتان ، ئەوکات بەرپرسیاریەتی دیاردەبێت، ئەگەر لە گۆشتەکە بەشتان هەیە و بەشتان دەوێت، ئەوا لە گۆشتاوەکەشی کەمێک بخۆنەوە.

‏‎کوتلەی وەزاری پارتی دیموکراتی کوردستان
١٦/١/٢٠٢٢

ڕووسیا كڵاوەی ئەتۆمی بۆ “ڕۆژی قیامەت” دروستكرد
پێشت ڕووسیا كڵاوەی ئەتۆمی بۆ “ڕۆژی قیامەت” دروستكرد
بۆچی هەمیشە هەست دەكەیت كە سەرماتە؟
دواتر بۆچی هەمیشە هەست دەكەیت كە سەرماتە؟
ەیوەندیدار