چیرۆكی ناخهەژێنی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكە نیپاڵییەكە



 

لەنزیك شارۆچكەیەكی ناوەڕاستی نیپاڵ فڕۆكەیەكی نەفەرهەڵگر كەوتەخوارەوە و تا ئێستا 68 تەرم لە كۆی 72 سەرنشینی فڕۆكەكە دۆزراونەتەوە و تا ئێستا هیچ ڕزگاربوویەك نییە.

بەپێی ڕاگەیاندراوێك كە دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنی وڵاتەكە لە تویتەر بڵاویكردووەتەوە، تا ئێستا ٦٨ كەس گیانیان لەدەستداوە و تەرمەكانیان دۆزراونەتەوە.

ئەو فڕۆكەیە كە ٧٢ كەسی تێدابوو، لەكاتی نیشتنەوەی لە فڕۆكەخانەی شارۆچكەی پۆخارا كەوتەخوارەوە، ئەوە كوشندەترین ڕووداوی فڕۆكەیە لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا لە وڵاتەكەدا ڕوویداوە.

دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنی نیپاڵ، ئاماژەی بەوەكردووە، تا ئێستا چوار كەس بێسەروشوێنن، 53 لە سەرنشینەكان نیپاڵی، پێنج كەس هیندی، چوار ڕووسی، دوو كۆری بوون و كەسێك ئوسترالیایی، كەسێك ئەرژەنتینی، كەسێك ئێرلەندایی، كەسێكی دیكە فەڕەنساییە، چوار ئەندامی تیمی فڕۆكەكەش هەبوون.

شایەتحاڵێك دەڵێت “فڕۆكەكەی بینیوە بە توندی لە هەوادا دەسوڕایەوە، دوای ئەوەی دەستیكردووە بە هەوڵی نیشتنەوە”.

گورونگ دەشڵێت: “فڕۆكەكە دوای كەوتنەخوارەوەی گڕی گرت، لە هەموو شوێنێك دوكەڵ هەبوو”.

بیشنۆ تیواری دانیشتووی ناوچەكە، كە بەپەلە گەیشتە شوێنی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكە لە نزیك ڕووباری سێتی بۆ یارمەتیدانی گەڕان بەدوای تەرمەكاندا بۆ ئاژانسی ئەسیۆشێتد پرێس دەڵێـت، هەوڵەكانی ڕزگاركردن بەهۆی دوكەڵی زۆر و ئاگرێكی توندەوە كۆسپیان بۆ دروستبووە.

تیواری دەشڵێت”بڵێسەی ئاگرەكە هێندە گەرم بوو نەمانتوانی لە داروپەردووەكە نزیكببینەوە، گوێم لە گریانی پیاوێك بوو بۆ یارمەتی، بەڵام بەهۆی بڵێسەی ئاگر و دوكەڵەوە نەمانتوانی یارمەتی بدەین”.

شوێنی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكە نزیكەی 1.6 كیلۆمەتر لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی پۆخارا دوورە، بەشێك لە تەرمەكان سووتاون، لەلایەن تیمەكانی ئاگركوژێنەوە گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەكان.

دەسەڵاتی فڕۆكەوانی ئاماژەی بەوەشكردووە، دوایین جار فڕۆكەكە لە نزیك گەرووی سێتی لە كاتژمێر ١٠:٥٠ بەیانی بەر لە كەوتنەخوارەوە پەیوەندی بە فڕۆكەخانەكەوە كردووە.

فڕۆكەی دوو بزوێنەری ATR 72 كە لەلایەن هێڵی ئاسمانی یێتی نیپاڵەوە بەڕێوەدەبرا، لە كاتماندۆی پایتەختەوە بەرەو شاری پۆخارا دەڕۆیشت لە گەشتێكی ٢٧ خولەكیدا.

تا ئێستا هیچ كەسێكی ڕزگاربوو نەدۆزراوەتەوە، كۆمپانیاكە ڕۆژی یەكشەممە ڕایگەیاند كە هەموو گەشتە ئاسمانییەكانی ڕاگرتووە.

نەخۆشخانەی پشیلەکان لە سلێمانی
پێشت نەخۆشخانەی پشیلەکان لە سلێمانی
كۆڕبەندی داڤۆس بەبێ بەفر دەستپێدەكات
دواتر كۆڕبەندی داڤۆس بەبێ بەفر دەستپێدەكات
پەیوەندیدار