چەند فەتوایەك دەربارەی دەرمانی پزیشكیی و ڕێككەوتنی پزیشك و كۆمپانیاكانی دەرمان دەركرا



ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان چەند فەتوایەك دەربارەی دەرمانی پزیشكی و ڕێككەوتنی پزیشكان و كۆمپانیاكانی دەرمان دەردەكات و ڕایدەگەیەنێت، ئاینی ئیسلام تا ئەوپەڕی گرنگیداوە بە ڕووكار و بە ناوەوەی تەندروستی مرۆڤ.

پڕۆفیسۆر د. عەلی قەرەداغی، ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان لەو چەند فەتوایەدا وەڵامی چەند پرسیارێكی دەربارەی پزیشك و دەرمانساز و خاوەن كارگە و كۆمپانیاكانی دروستكردنی دەرمان داوەتەوە.

بەپێی یەكێك لە فەتواكان، لە ئیسلامدا دروستكردن، یان فرۆشتن، یان مۆڵەتدان یان بەكارهێنانی هەر جۆرە دەرمانێك، كە لە دروستكردنی و جۆری كوالێتی و ماوەی كارپێكردن و بەرواری بەسەرچوونی و هاوشێوەكانیدا ساختەكاریی كرابێت قەدەغەیە و هەروەها قۆستنەوەی هەل لە پێویستییەكانی خەڵكیدا قەدەغەیە و قۆرخكاریی حەرام كراوە.

سەبارەت بە ڕێككەوتنی پزیشك و كۆمپانیاكانی دەرمان لەو فەتوایانەدا هاتووە، “نابێت پزیشك -ئیتر بە پارە بێت یان بە هەر شتێكیتر- ڕەچەتەیەكی پزیشكی بنوسێ‌ كە دەرمانی خراپبووی تێدا بێت، یان ساختەی تێدا كرابێت، یان زیانگەیەنەر بێت، یان ئەو مەرجانەی تێدا نەبێت كە باری نەخۆشەكە بەپێی دیسپلین و ڕێنماییە پزیشكییەكان تیایدا دەستەبەر نەبووە، چونكە ئەمانە شتانی حەرامكراوی پڕوكێنەرن بۆ كۆمپانیای دروستكەری دەرمانەكە، یان لایەنی هاوردەكار، یان بۆ پزیشكەكە، یان هەر كەسێكیتر، یان بۆ لایەنێك كە پشكی هەیە لە ڕەواجدان بەو دەرمانە”.

دەقی فەتواكان:

لە ڕاستیدا لەلایەن هەندێ‌ لە خۆشەویستان، كۆمەڵێ‌ پرسیارم لەبارەی پزیشك و دەرمانساز و خاوەن كارگەو كۆمپانیاكانی دروستكردنی دەرمان و پێكهاتە پزیشكییەكان و نوێنەرانییانەوە پێگەیشتووە، ئەمانەی لای خوارەوە هەندێك لەو پرسیارانەن:
پرسیاری یەكەم: ئایا مەوداو ئاستی گرنگێتی دەرمان لە شەریعەتی ئیسلامیدا تا كوێیە، ئایا حوكمی شەرعی تایبەت بە خۆی هەیە، هەروەك لە سیستم و یاسا هاوچەرخەكاندا بوونی هەیە؟
وەڵام: ئاینی ئیسلام تا ئەوپەڕی گرنگیداوە بە ڕووكار و بە ناوەوەی تەندروستی مرۆڤ، دایناوە بە یەكێك لە مەبەستە مەزنەكانی شەریعەت، چونكە هەموو مەبەست و ئامانجەكانی ئەقڵی ساغ و دروست لە جەستەی ساغ و سەلیمدایە، ژیاریش بە كەسانی نەخۆش بونیاتنانرێ‌، ئیسلامیش بە كەسانی پەككەوتە بڵاوناكرێتەوە، نیشتمانیش بە كەسانی نەخۆش و تووشبوو بە دەرد ناپارێزرێ‌، گومانی تێدا نییە كە ژیار بە ئەقڵی داهێنەر بونیات دەنرێ‌، بە جەستەیەكی توانادار لەسەر كاركردن دروست دەبێت، پێغەمبەری خوا (صلی الله علیە وسلم) دەفەرموێ‌: ((المؤمن القوي خير وأحب إلي الله من المؤمن الضعيف)) واتە: (باوەڕداری بەهێز و بەتوانا لای خوای گەورە لە باوەڕداری لاواز و نەتوانا چاكتر و خۆشەویسترە).( موسلم لە صەحیحدا بە ژمارە (2664)، ئەحمەد بە ژمارە (8777) و هیتریش گێڕاویانەتەوە.)
پێغەمبەری خوا (صلی الله علیە وسلم) بە ڕوونی فەرمانیداوە بە چارەسەر، كاتێك هەندێ‌ لە هاوەڵان (خوا لێیان ڕازی بێت) لەبارەی تیماركردن و چارەسەرەوە پرسیاریان لێكرد: (وتیان: ئەی پێغەمبەری خوا! ئایا چارەسەر بكەین؟ فەرمووی: ((نعم، يا عباد الله! تداؤوا، فإن الله لم يضع دا‌وً، إلا وضع له شفا‌و غير دا‌وٍ واحد، وهو الهرم)) ). واتە: (بەڵێ‌، ئەی بەندەكانی خوا! چارەسەر بكەن، چونكە خوای گەورە هەر دەردێكی ناردبێت، بە حەتمی دەرمانیشی بۆ داناوە جگە لە یەك دەرد نەبێت، ئەویش پیرییە. لەم فەرموودەیەدا هیوایەكی گەورە هەیە بە گەیشتن بە دەرمانی هەموو نەخۆشییەك، ئیتر دەستخستنی تا هەر ئاستێك ناڕەحەت و زەحمەت و مەترسیدار بێت، بەڵام پێویستە كاربكرێ‌ بە هۆكارەكانی گەیشتن پێی.( ئەبو داود بە ژمارە (3855)، ترمزی بە ژمارە (2038)، نەسائی لە سونەنی كبری دا بە ژمارە (7553)، ئیبن ماجە بە ژمارە (3436)، ئەحمەد بە ژمارە (18454) گێڕاویانەتەوە، ئەلبانیش لە صەحیحی جامع دا بە ژمارە (7934) و هیتریش بە ڕاست ناساندوویانە.)
پێغەمبەری خوا (صلی الله علیە وسلم) گرنگیی پسپۆڕیی و وردەكاریی و ڕێكوپێكی لە دەستنیشانكردنی نەخۆشیدا ڕوونكردووەتەوە، هەروەها دیاریكردنی دەرمانی گونجاو بەو نەخۆشییە ( سەیری كتێبی: فقه القضايا الطبية المعاصرة مان بكريَ‌، ضاثي، دار البشائر الإسلامية/ بيروت 2005ز، ل 188-202،)، لێرەوە (صلی الله علیە وسلم) فەرموویەتی: ((لكل دا‌و دوا‌و، فإذا أصيب دوا‌وٌ الدا‌و بري‌و بإذن الله تعالي)) . واتە: (هەر دەردێك دەرمانی خۆی هەیە، جا هەركات دەرمانەكە وەك پێویست گەیشتە دەردەكە ئەوا بە ویستی خوای گەورە ئەو نەخۆشییە نامێنێ‌).( موسلم لە صەحیدا بە ژمارە (2204)، نەسائی لە سونەنی كبری بە ژمارە (7556)، وە ئەحمەد بە ژمارە (1597) گێڕاویانەتەوە.)
ئیسلام بایەخیداوە بە دەستخستن و بە بەكارهێنانی دەرمان:
ئیسلام گرنگییەكی زۆری بە دەرمان داوە، ئەویش لەم لایەنانەوە:
1- پێویستە هەوڵبدرێ‌ بۆ دەستخستنی دەرمانی سەركەوتوو بۆ هەر نەخۆشێك، با نەخۆشییەكەشی سەخت بێت و چارەسەری زۆر زەحمەت بێت، ئەوەش لە ڕێگای گرتنەبەری هۆكارەكانەوە، هەروەها هەوڵی گەورە بدرێ‌ بۆ گەیشتن بەم مەبەستە.
2- پێویستە گرنگی بدرێ‌ بە ئامادەكردنی دەرمانی كارا و سەركەوتوو، ئەوەش لە ڕێگای وردەكاریی لە بەرهەمهێنان و دەستخستنی دا، بەڵكو داهێنانكردنیش تیایدا، چونكە وردەكاریی و هونەرسازی پێشكەوتوو و ڕێكوپێكی لە شەریعەتی ئیسلامیدا فەرزێكی شەرعییە، پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) دەفەرموێ‌: ((إن الله يُحِبُّ إذا عَمِلَ أحدكم عملاً أن يُتقنه)) . واتە: (خوای گەورە ئەو كەسەتانی خۆشدەوێت كە هەركات كارێكی كرد بە وردی و بە ڕێكوپێكی بیكات)( بەیهەقی لە بەشەكانی باوەڕدا لە عائیشەوە (خوا لێی ڕازی بێت) گێڕاویەتەوە، ئەلبانیش لە صەحیحی جامع الصغیر بە ژمارە (1880) بە باشی دەزانێ‌.).
هەروەها دەفەرموێ‌: ((إن الله يحب من العامل إذا ما عمل أن يحسن)). واتە: (خوای گەورە پێیخۆشە ئەو كەسەی كە كارێك دەكات بە باشی بیكات). خوای گەورە دەفەرموێ‌: (ۆأَحْسِنُوا إِنَّ اللَّهَ یُحِبُّ الْمُحْسِنِینَ) البقرە 195.واتە: (ئەی ئیمانداران هەوڵبدەن خێرو چاكە بكەن، هەر كارێكتان كرد بە جوانی بیكەن، چونكە خوای گەورە چاكەكارانی خۆشدەوێت). وە دەفەرموێ‌: (الَّذِينَ يَسْتَمِعُونَ الْقَوْلَ فَيَتَّبِعُونَ أَحْسَنَهُ) الزمر 18. واتە: (ئەو باوەڕدارانە كە گوێبیستی گوفتار دەبن، ئینجا گوێڕایەڵ و شوێنكەوتەی چاكترین و باشترینی ئەو گوفتارانەن). بەمجۆرە پێویستە لەسەر موسڵمانان -تاك بەتاكیان و كۆمپانیا و حكومەتەكان- كە پابەندبن بە ڕێساكانی كوالێتی باش و وردەكاریی و چاكترینی چاكەكانەوە.
3- قەدەغەی دروستكردن، یان فرۆشتن، یان مۆڵەتدان یان بەكارهێنانی هەر جۆرە دەرمانێك بكرێ‌ كە لە دروستكردنی و جۆری كوالێتی و ماوەی كارپێكردن و بەرواری بەسەرچوونی و هاوشێوەكانیدا ساختەكاریی كرابێت، یان پێچەوانە بێت لەگەڵ پێوەر و پێوانە پزیشكیی و تەندروستییەكان كە ڕێكخەری دروستكردنی دەرمانن، مەعلومیشە كە ساختەكاریی لە گوناهە گەورەكانە، ساختەكاریش لە دەرماندا زیاتر حەرامەو گەورەترین تاوانە، چونكە پەیوەندی بە تەندروستی مرۆڤەوە هەیە.
4- قەدەغەكردنی قۆستنەوەی هەل لە پێویستییەكانی خەڵكیدا، هەروەها حەرامكردنی قۆرخكاریی، ئەمەش بە ئاستێكە كە پێغەمبەری خوا (صلی الله علیە وسلم) نەفرەتی لە كەسی قۆرخكار كردووە، بەتایبەتی لە بواری تەندروستی مرۆڤ و دەرمان و خۆراكیدا.
5- پێویستە ڕوونكردنەوەی تەواو بۆ هەموو ئەو شتانەدا بدرێ‌ كە پەیوەستن بە دەرمانەوە، ئەویش بەوپەڕی ڕاستگۆیی و خستنەڕوو كە ڕوون و دیار بێت.
6- حەرامكردنی دروستكردن یان مۆڵەتدان یان فرۆشتنی هەر دەرمانێك كە ماددەی زیانگەیەنەری تێدایە، یان هەر شتێكیتر كە دەبێتە هۆی ڕوودانی زیان، ئاشكرایە هەر شتێك كە عەیب و عارێكی تێدا بێت ئەوا هەر ئەوەندە بەسە كە عەیبەكەی بخرێتەڕوو، ئەوكاتیش كەسی كڕیار ئازادە لە كڕینی یان نەكڕینی، بەڵام ئەو شتەی كە زیانگەیەنەرە ئەوا هەر ڕەوا نییە بفرۆشرێ‌، هەروەك لە فرۆشتنی مەی دا ڕوونە، بۆ دەرمانیش بەهەمانشێوەیە، كە ئەگەر ئەو دەرمانە زیان بە تەندروستی مرۆڤ بگەیەنێ‌، ئەوا ڕوونكردنەوەی عەیبەكەی بەس نییە، چونكە دروست نییە شتی زیانگەیەنەر بفرۆشرێ‌، هەروەك پێغەمبەری خوا (صلی الله علیە وسلم) فەرموویەتی: ((لا ضرر ولا ضرار)) . واتە: (زیان مەگەیەنە بە خۆت بە كەسانیتریش). (مالیك لە (الموطأ) ل 464 دا گێڕاویەتەوە، جەختیش دەكات كە فەرموودەی پێغەمبەرە (صلی الله علیە وسلم)، ئەحمەد لە موسنەدا (1/313، 5/327)، هەروەها ئیبن ماجە لە سونەنیدا بە ژمارە (2/784) گێڕاویانەتەوە، مەنناوی لە كتێبی ( فيض القدير)، ئةلباني لة الإروا‌و دا بە ژمارە (3/413) بە فەرموودەیەكی ڕاستیان زانیوە، نەوەویش بە باشی زانیوە، ئەم فەرموودەیە دادەنرێ‌ بە ڕێسایەكی گشتی لە ڕێساكانی شەریعەتی ئیسلامی و پرەنسیپێكی گشتییە لە پرەنسیپەكانی تەشریع لە ئیسلامدا.)
7- زانایان لەسەر ئەوە كۆدەنگن كە فرۆشتن یان دروستكردنی دەرمانی ساختە، جگە لەوە كە دوو كاری حەرامكراون، ئەوا لە هەمانكاتدا گەرەنتی قەرەبووكردنەوە بە خوێنبایی و هاوشێوەیان دێت بەدوایاندا، كەواتە با لە خوا بترسین، با وازبێنین لە چاوچنۆكی و تەماعبازی كوشندە و زیانگەیاندن بە خەڵكی و بە تەندروستیان.
8- یەكێك لە هەرە گرنگترین ئەركەكانی دەوڵەت پارێزگارییە لە سەلامەتی دەرمان لە هەر جۆرە ساختەكارییەك، یان قۆستنەوەی هەل، یان زیانگەیاندن بە خەڵكی، جا ئەگەر هاتوو كەمتەرخەمی لە دەوڵەتەوە ڕوویدا بە ئەنجامنەدانی ئەركەكانی، ئەوا كۆمەڵگا پارێزراو نابێت لەوە كە بێت خۆی بوێرێ‌ لە هەستان بە ئەنجامدانی ئەو ئەركە، لێرەوە ڕۆڵی زانایان و پزیشكان و دەرمانسازان و خاوەن كارگە و كۆمپانیاكانی دەرمان لەو بوارەدا دەردەكەوێ‌، تا خراپی و گەندەڵی لە دروستكردنی دەرماندا چارەسەر بكەن و زیان و خراپییەكانی ڕەتبكەنەوە.
پرسیاری دووەم: دەربارەی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو نوێنەرانە كە لە بواری دەرماندا كاردەكەن؟
یەكەم: دوو جۆر ئەرك دەكەوێتە ئەستۆی ئەو نوێنەرانە كە لە بواری دەرماندا كاردەكەن، یەكەم: ئەركی ئەو نوێنەرانە كە وەسفی ئەو دەرمانە دەكەن و دەیناسێنن بە پزیشكان و دەرمانسازان، دووەم: ئەو نوێنەرانە كە هەڵدەستن بە كارەكانی گەیاندن و چالاكییەكانی بازاڕكردن و فرۆشتنی دەرمانەكان.
جۆری یەكەم: بەرپرسە لە گەیاندنی زانیاری ورد لەسەر دەرمانەكە بە پزیشكان، بەم پێیەش پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ پزیشكاندا هەیە، ئەمجۆرە نوێنەرانە زۆربەیجار یان پزیشكی دەرمانسازن، یان تەنها كەسێكی دەرمانسازە، ئەم نوێنەرە هەڵدەستێ‌ بە باسكردن و لێكدانەوە و نیشاندانی كوالێتی دەرمانەكە، باسكردنی نرخەكەی، ئەو شتانەش كە پەیوەندن بە لایەنی پزیشكییەوە، هەشیانە ئەو مەسەلەیە ناخاتە بەردەم پزیشك، بەڵكو تەنها داكۆكی لێدەكات تا قەناعەت بە چاكی دەرمانەكە بكات، یان لەگەڵیدا ڕێكدەكەوێ‌ تا ڕێگە بدات بە بەكارهێنانی و دەستنیشانكردنی بۆ چەند حاڵەتێكی گونجاو بە نەخۆشییەك.
بەڵام جۆری دووەم لە نوێنەران: ئەوانەن كە دەبنە نوێنەری بازاڕكردن و خستنە بازاڕ و فرۆشتنی دەرمانەكە، ئەمانە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە دەرمانخانەكانەوە هەیە تا دەرمانەكەیان بفرۆشن، چونكە ئەمان بریكاری بازاڕكردنن و ڕەواج دەدەن پێی و هەڵدەستن بە فرۆشتنی.
دووەم: ئەو پرسیارانە كە لەمباریەوە هاتوون بەپێی واقیعی بەردەستی ڕۆژانەی هەندی لە وڵاتانە، ئەوەش بەپێی ئەم حاڵەتانەی لای خوارەوەیە:
حاڵەتی یەكەم: حاڵەتی ڕێكەوتن لە نێوان پزیشك و كۆمپانیای دەرمانەكەدا، جا ئەگەر پزیشكەكە هەستا بە دەستنیشانكردنی ئەو دەرمانە كە ئەو كۆمپانیایە بەرهەمی هێناوەو ساغیكردەوەو دای بە نەخۆشەكان، بە بڕێك پارە كە بەرانبەر بێت -بۆ نمونە- بە دە هەزار دۆلار لە ماوەی شەش مانگدا، ئەوا كۆمپانیاكە ئامێرێكی مۆبایل یان پێنجسەد دۆلار دەدات بە پزیشكەكە، یان بڕی ڕێژەی 10% لە نرخی دیاریكراوی فرۆشراو دەدات پێی بۆ ئەو ماوەیە كە ڕێكەوتوون لەسەری، یان لەسەر حیسابی كۆمپانیاكە دەینێرێت بۆ بەشداری لە كۆنگرەیەكی زانستی، یان بڕێك دەرمانی بە بەلاش دەداتێ‌ تا بیفرۆشێ‌ بۆ خۆی، یان قەرزێكی پارەی باشی بێ‌ زیادە خستنەسەر دەداتێ‌، یان شتانیتر لەو شتانە كە دەبنە هۆی فریودانی، یان هەر ڕێكەوتنێكی تر لە نێوانیاندا كە تیایدا پزیشكەكە بڕێ‌ شایستە و دیاری وەردەگرێ‌ لە بەرانبەر نوسینی ڕەچەتەی پزیشكی و نواندنی دەرمان بۆ نەخۆشەكان تا دەرمانی ئەو كۆمپانیایە بەكاربێنن كە بەرهەمی هێناوە.
وەڵام:
دەستپێك لەسەر ئەو پرەنسیپە گشتییانە كە لەم بوارەدا هەژمووندارن:
بەرلەوە دەستبكەم بە وەڵامدانەوەی تایبەت بەم حاڵەتە كە لێرەدا باسكراوە، پێمباشە لەم دەستپێكەدا كۆمەڵێك پرەنسیپی سەرەكی كە لەم بوارەو هیتریشدا هەژمووندارن ڕوونبكەمەوە، لەوانە:
پرەنسیپی یەكەم: فەرزە كە دەبێت ڕوونكردنەوە و خستنەڕوو و ئاشكراكردن و بەدیارخستن بەردەست بێت، شاردنەوەو ساختەكاریی و فێڵكردن و خەڵەتاندن و فریودان حەرامەو قەدەغەیە، ئەمەش پرەنسیپێكی گشتییە بۆ هەموو چالاكییەك، لە بواری دەرمان و پزیشكیشدا توندتر و بەهێزترە.
پرەنسیپی دووەم: قەدەغەكردنی قۆرخكاریی و هەلقۆستنەوە لە پێداویستییەكانی خەڵكیدا.
پرەنسیپی سێیەم: قەدەغەكردنی زیانگەیاندن بە هەر كەسێك ئیتر هەرچییەك ببێت، چونكە لە شەریعەتی ئیسلامدا نابێت مرۆڤ زیان نە بەخۆی بگەیەنێ‌ و نە بە كەسانیتریش.
پرەنسیپی چوارەم: پێویستە لە كاری پزیشكی و پرەنسیپەكانیدا پارێزگاری بكرێت لە ئەمانەتپارێزی، هەروەها پارێزگاری لە ڕەوشتەكانی بكرێ‌ .(بۆ زانیاری زیاتر و بنەمادۆزی سەیری ئەم كتێبەمان بە ناوی (المبادي‌و الَاخلاقية الجامعة لَاخلاقيات الطب الحيوي في الإسلام -دراسة مقاصدية تأصيلية- ونقد لنظرية أخلاق الطب الغربية) بكرێ‌، چاپی: دار جامعە حەمەد بن خەلیفە بۆ بڵاوكردنەوە، ساڵی 2019ز)
پرەنسیپی پێنجەم: قەدەغەكردنی خواردنی ماڵ و سامانی خەڵكی بە ناڕەوا، هەروەها قەدەغەكردنی بەرتیل، چونكە فەرموودەیەك لە عەبدوالله كوڕی عەمرو بە سەنەدی ڕاست گێڕدراوەتەوە كە وتوویەتی: ((لعن رسول الله –صلی الله علیه وسلم- الراشی والمرتشی)) . واتە: (پێغەمبەری خوا (صلی الله علیە وسلم) فەرمووی: نەفرەتی خوا لەو كەسە بەرتیل دەدات و لەو كەسەش بەرتیل وەردەگرێ‌).( ئەحمەد لە بەرگی (11/47) بە ژمارە (6532، 6778، 6984) گێڕاویەتەوە، شێخ ئەحمەد شاكیر كە لێكۆڵینەوەی بۆ كردووە وتوویەتی: (سنەدەكەی ڕاستە)، ئەبو داود بە ژمارە (3580)، ترمزی بە ژمارە (1337) گێڕاویانەتەوە، ئەلبانی لە صحیح الترغیب دا بە ژمارە (2211) وتوویەتی ڕاستە.)
پرەنسیپی شەشەم: نابێت پزیشك -ئیتر بە پارە بێت یان بە هەر شتێكیتر- ڕەچەتەیەكی پزیشكی بنوسێ‌ كە دەرمانی خراپبووی تێدا بێت، یان ساختەی تێدا كرابێت، یان زیانگەیەنەر بێت، یان ئەو مەرجانەی تێدا نەبێت كە باری نەخۆشەكە بەپێی دیسپلین و ڕێنماییە پزیشكییەكان تیایدا دەستەبەر نەبووە، چونكە ئەمانە شتانی حەرامكراوی پڕوكێنەرن بۆ كۆمپانیای دروستكەری دەرمانەكە، یان لایەنی هاوردەكار، یان بۆ پزیشكەكە، یان هەر كەسێكیتر، یان بۆ لایەنێك كە پشكی هەیە لە ڕەواجدان بەو دەرمانە، لەمبارەیەوە دەقی شەرعی زۆر هەن، لەم فەتوا كورتەدا ناتوانرێ‌ هەموویان بژمێردرێن.
هەر كەسێكیش بەشدار بێت یان بەشداری بكات لە ڕەواجدان بە كاری لەوجۆرە، ئەوا یەكێك لە تاوانە گەورەكانی ئەنجامداوە، جا ئەگەر ئەو كارە لە بەرانبەر وەرگرتنی پارەوە بێت ئەوا تاوانەكەی گەورەتر و مەزنترە، سزاكەیشی لای خوای گەورە سەختترە.
پرەنسیپی حەوتەم: پێویستە پزیشك پابەند بێت بە ڕەفتار و بە بەها باڵاكان و بە مەزنی ئەمانەتپارێزییەوە، بەو پرەنسیپە ڕەوشتییانەوە كە تایبەتن بە كاری پزیشكیی، ئەو سوێندە پزیشكیەش كە داویەتی و تیایدا سوێندی خواردووە كە پارێزگاری لە ڕەوشتی بەرز و بەها مرۆییە باڵاكان بكات، دەبێت ئەو ڕەوشتەی لە سەرووی هەر جۆرە تەماعبازی و چاوچنۆكی و بەدەستهێنانی دەستكەوتێكی ماددی بێت كە داماڵراون لە بەهاكان، هەروەها پارێزگاری بكات لە پیادەكردنی پیشەی پزیشكی كە لەسەر لایەنی مرۆیی ڕێزدار بەرپا بووە . (بۆ زانیاری زیاتر و بنەمادۆزی سەیری ئەم كتێبەمان بە ناوی (المبادي‌و الَاخلاقية الجامعة لَاخلاقيات الطب الحيوي في الإسلام -دراسة مقاصدية تأصيلية- ونقد لنظرية أخلاق الطب الغربية) بكرێ‌، چاپی: دار جامعە حەمەد بن خەلیفە بۆ بڵاوكردنەوە، ساڵی 2019ز.)
وەڵام بۆ حاڵەتی یەكەم:
بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە كە لەسەر حاڵەتی یەكەم خراوەتەڕوو، دەڵێین: گومان هەڵناگرێ‌ كە ڕێكەوتن بە هەموو وردەكارییەكانیەوە شەرعەن ڕەوا نییە، چونكە دەبێتە هۆی ڕوودانی خراپەی گەورە، لەو ڕێكەوتنانەش:
– یەكێكیان دەرچوونی پیشەی پزیشكییە لە مەبەستە ڕێزدارەكانی، ڕۆیشتنیەتی بەرەو هەڵپەی تەماعبازی و چاوچنۆكی، هەروەها بەرەو دەڵاڵیكردن بۆ كۆمپانیا سەرمایەدارییەكان.
– یەكێكیتر لەوانە ئەوەیە هەر زیادەیەك كە -زوو یان درەنگ- بە زیان بگەڕێتەوە سەر نەخۆشەكان و زیانیان پێبگەیەنێ‌، ئەوا لە ئەستۆی ئەواندایە، ئەمە لە پاڵ ئەو ڕەچەتە زۆرانەی دەرمان كە پزیشك دەیاننوسێ‌، یان كاری هاوشێوەی ئەمانە بە مەبەستی زیادكردنی پارە و سودمەندبوون كە لە پشكی ئەوە، ئەمەش كارێكی هەلقۆستنەوەیەو خەڵەتاندنی نەخۆشە، كە لە ڕووی داراییەوە دادەدۆشرێ‌ و لەوانەشە لە ڕووی تەندروستیشەوە زیانمەند بێت، ئەمە لەبارێكدا كە پێویستی بەو دەرمانانە نەبێت.
– یەكێكیتریان ئەوەیە كە پزیشك ڕاوێژكارێكی ئەمینی نەخۆشەكەیە، بۆیە هەرگیز دروست نییە لەپێناو دەستكەوتی ماددی دا جگە لە هەقدەستی پزیشكییەكەی خۆی نەبێت بێت ئەو لایەنە فەرامۆش بكات.
– یەكێكیتریان بریتییە لە زیانگەیاندن بەو كۆمپانیانەی تر كە چالاكی خۆیان ئەنجام دەدەن، بێئەوەی بۆ فرۆشتنی دەرمانەكەیان بكەونە ناو ئەو جۆرە ڕەفتارانە، پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) دەفەروێ‌: ((لا ضرر ولا ضرار)).
– یەكێكیتر لەو هەڵسوكەوتانە خواردنی ماڵ و دارایی خەڵكییە بە ناڕەوا، بەوەی كە پزیشك دەستكەوتی ماددی دەستبكەوێت بێئەوەی هەوڵ و ڕەنجی شەرعی و ڕەوا بدات لە دەستخستنیدا، ئەوەش كاتێ‌ كە هەڵدەستێ‌ ڕەواج دەدات بە دەرمانی كۆمپانیایەكی دیاریكراو لەسەر حیسابی كۆمپانیاكانی تر، كە لەوانەیە دەرمانی ئەو كۆمپانیایەی تر هەرزانتر و چاكتر و كاراتر بێت و لە بەرژەوەندی نەخۆشدا بێت.
بەڵێ‌ لەبارێكدا كە دەرمانەكە باشتر بێت، نرخەكەی گونجاو بێت، ئەوا پزیشك بۆی هەیە لەپێناو بەرژەوەندی نەخۆشەكەدا بە باشتری بزانێ‌، لەمبارەشدا بۆی نییە كرێ‌ لەسەر ئەو كارەی وەربگرێ‌.
كورت و پوخت دەڵێین: هۆكاری ئەو ڕێگرییە شەرعییە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو زیانە گەورانە كە لەبەرئەنجامی ڕێكەوتنی ناوبراو لە نێوان كۆمپانیاكەو پزیشكەكەدا دەكرێ‌. هەروەها دەچێتە خانەی داخستنی ئەو بیانووانە كە سەردەكێشن بۆ خراپەكان، تەنانەت ئەگەر مەسەلەكە لە بنەڕەتیشدا شەرعی بێت، خوای گەورە دەفەرموێ‌: ؤلَا تَسُبُّوا الَّذِينَ يَدْعُونَ مِنْ دُونِ اللَّهِ فَيَسُبُّوا اللَّهَ عَدْوًا بِغَيْرِ عِلْمٍ كَذَلِكَ زَيَّنَّا لِكُلِّ أُمَّةٍ عَمَلَهُمْ ثُمَّ إِلَي رَبِّهِمْ مَرْجِعُهُمْ فَيُنَبِّئُهُمْ بِمَا كَانُوا يَعْمَلُونَ) الَانعام 108. واتە: (ئەی ئیمانداران! نەكەن هیچ كاتێك جوێن و قسەی ناشیرن بڵێن بەو بت و شتانەی كە نەفامان دەیانپەرستن و پیرۆزن لایان، لە جیاتی خوای گەورە هاناو هاواریان بۆ دەبەن، تا ئەوانیش جورئەت نەكەن و دەست نەكەن بە كوفركردن و جنێودان بە خوای گەورە، چونكە ئەو نەفامانە نایناسن و قەدری نازانن و تێنەگەیشتوون لە دەستەڵات و زات و سیفاتی، جا ئێمە بەو شێوەیە كار و كردەوەی هەر گەلێكمان ڕازاندۆتەوە و ئازادیمان پێبەخشیون، پاشان سەرئەنجام گەڕانەوەیان بۆ لای پەروەردگاریانە، ئەوسا هەواڵی هەموو ئەو كار و كردەوانەیان دەداتێ‌ كە جاران ئەنجامیان دەدا).
بەرمەبنای ئەمەی سەرەوە چەندین فەتوای كۆمەڵیانە دەرچوون، لەوانەش:
– فەتوای ژمارە (12/570، 571) كە لەلایەن دەستەی گەورە زانایانی سعودیەوە دەرچووە، كە ئەو جۆرە ڕێكەوتنانەی نێوان پزیشك و تاقیگە پزیشكییەكانی حەرام و قەدەغە كردووە.
– فەتوای دامەزراوەی فەتوا لە میصر، تیایدا هاتووە: (نابێت پزیشك پێچەوانەی ئاكارەكانی پیشە پزیشكییەكەی هەڵسوكەوت بكات، پێویستە لە ئامۆژگاریكردنی نەخۆش و ڕاوێژپێكردنیدا ئەمانەتپارێزی لەبەرچاو بگرێ‌، دەبێت ڕێنمایی بكات بۆ گرتنەبەری ئەو چارەسەرە كە سودی بۆی زیاترە، پارەو داراییەكەی دەپارێزێ‌، بە هیچ جۆر ڕەوا نییە بەرژەوەندی خۆی بخاتە پێش بەرژەوەندی نەخۆشەوە، ئەگەریش پێچەوانە جوڵایەوە ئەوا لە ڕووی شەرعەوە گوناهبارە، چونكە ئەو لەو كارەیدا كەسێكی ڕاوێژكارە، پێغەمبەریش (صلی الله علیە وسلم) دەفەرموێ‌: ((المستشار مؤتمن)) . واتە: (كەسی ڕاوێژپێكراو ئەمانەتپارێزە).( ئەبو داود بە ژمارە (5128) گێڕاویەتەوەو بێدەنگ بووە لێی، ترمزی بە ژمارە (2822، تەبەرانی لە الكبیر دا بە ژمارە (23/378)، ئیبن ماجە بە ژمارە (3745)، بەزار بە ژمارە (2195) گێڕاویانەتەوە، هەیسەمی لە مجمع الزوائد بە ژمارە (8/100) وتوویەتی: (گێڕەرەوەكانی كەسانی متمانەپێكراون)، فەرموودەكەش بە هەموو گێڕدراوەكان و بە بەڵگەكانیەوە ڕاستە یان باشە.)
–  لە لائیحەی ئاكارەكانی پیشەگەریی كە لە وەزارەتی تەندروستی میصرەوە دەرچووە، ژمارە 238 ی ساڵی 2003ز دا هاتووە كە: (نابێت پزیشك هیچ یەك لەم كارانەی خوارەوە ئەنجامبدات: …داواكردن، یان وەرگرتنی پاداشت، یان هیچ جۆرە كرێیەك وەربگرێ‌ كە بەرانبەر بێت بە بەڵێندان یان هەستانی بە نوسینی دەرمان، یان ئامێری پزیشكی دیاریكراو، یان ناردنی نەخۆشەكان بۆ نەخۆشخانە، یان شوێنەكانی چارەسەر، یان بۆ شوێنەكانی پەرستاری، یان دەرمانخانە، یان هەر جێگایەكیتری دیاریكراو بۆ ئەنجامدانی پشكنین و شیكارییە پزیشكییەكان، یان فرۆشتنی پێداویستی یان شتانیتری پزیشكیی).
– فەتوایەكی هاوشێوەی ئەم فەتوایەی سەرەوە لەلایەن ئەنجومەنی فەتوادانی ئوردنەوە بە ژمارە (12، 147/210ز) دەرچووە، تیایدا بڕیاریداوە بە حەرامكردن و قەدەغەكردنی ئەو كارانە، ئەوەش بەرمەبنای ئەوەیە كە ئەوە خواردنی ماڵ و دارایی خەڵكییە بە ناڕەوا، چونكە پزیشك پارەیەك وەردەگرێ‌ كە لە بەرانبەر كارێكی مەشروعەوە نییە، هەروەها دەبێتە هۆی خراپكردن و لەكەداركردنی سوێند خواردن و ئەمانەتپارێزی پزیشك.
ئامۆژگاری و ڕاسپاردەی بەردەواممان بۆ هەمووان، بە تایبەتی بۆ پزیشكان كە خاوەنی ئەو پیشە بەڕێز و شەرەفمەندەن كەسانی پارێزكار و لەخواترس بن، ئامۆژگارێكی هەقبێژ بن بۆ نەخۆشەكان، بەوپەڕی بەزەیی و چاكەكاریەوە هەڵسوكەوتیان لەگەڵ بكەن و هاوكاریان بن.
حاڵەتی دووەم: بریتییە لە كارێك كە كۆمپانیاكە بەبێ‌ ڕێكەوتن و هەماهەنگی پێشتر، هەڵدەستێت بە ناردنی دیاری شمەك ڕەنگ یان پاداشتی پارە بە پزیشكەكە، ئەوەش -بۆ نمونە- لە كۆتایی ساڵدا یان لە هەر ماوەیەكی تردا بێت.
وەڵام:
ئەم حاڵەتە دەچێتە خانەی ئەو دیاریانە كە لە كرۆك و لە سەرئەنجامیاندا بەرتیلن، لەبەرئەوە نابێت پزیشكی موسڵمان هەر لە سەرەتاوە وەریان بگرێ‌، چونكە ئەو دیاریانە لەبەر ڕەزامەندی خوای گەورە، یان لەپێناو خۆشویستندا نادرێن، بەڵكو بۆ مەبەستێكی دارایی زانراوە، لە ئیسلامدا یاسایەكی نایاب و جوان و پێشەنگ هەیە لەو بوارەدا، ئەم فەرموودە پیرۆز و ڕاستە كە بوخاری و موسلم گێڕاویانەتەوە گوزارشی لێكردووە، فەرموودەكە بەمجۆرەیە: (پێغەمبەری خوا -صلی الله علیە وسلم- پیاوێكی لە بەنو ئەسەد بە ناوی ئیبن لوتبییە كردە كاربەدەستی كۆكردنەوەی زەكات، كاتێك لە كارەكەی گەڕایەوە وتی: ئەوە بۆ ئێوە، ئەوەش دیارییە دراوە بە خۆم، پێغەمبەری خوا (صلی الله علیە وسلم) چووە سەر مینبەر، دوای سوپاس و ستایشی خوای گەورە، فەرمووی: ((ما بالُ العامِل تبعثهُ، فيأتي يقولُ: هذا لك، وهذا لي، فهلا جلس في بيتِ أبيِه وأمهِ، فينظرَ أيُهدي لهُ أم لا؟ والذي نفسي بيدهِ، لا يأتي بشي‌و إلا جا‌وَ بهِ يومُ القيامةِ يحملهُ علي رقْبتهِ..)) . واتە: (ئەوە چییەو دەبێ‌ حاڵی ئەو كارمەندە چیبێت كە دەینێری -بۆ كۆكردنەوەی زەكات یان….-، دواتر دەگەڕێتەوە و دەڵێ‌: ئەوە بەشی تۆیە، ئەوەش بەشی خۆمە، دەبا لە ماڵی باوك دایكیدا دابنیشتایە و بیڕوانیایە ئایا دیاری بۆ دەهات یان نا؟ سوێند بەو زاتە گیانی منی بەدەستە، هەر شتێكی لەو جۆرە بهێنێ‌ ئەوا لە ڕۆژی قیامەتدا لەسەر ملی هەڵیگرتووە).( بوخاری لە صەحیحدا بە ژمارە (7174)، موسلیم لە صەحیحدا بە ژمارە (1832) گێڕاویانەتەوە.)
ڕێساكە ئەوەیە هەر شتێك بدرێ‌ بە هەر مرۆڤێك كە بەهۆی پیشەكەی یان كارەكەیەوە كە مەبەست ڕاكێشانی خۆشویستنی بێت، دیاری هێنەریش نیەتی ئەوە بێت خزمەتێ‌ بكرێ‌ و بۆ بەرژەوەندی بیداتێ‌ ئەوا ئەو كارە لە شتە قەدەغەكراوەكانە، فەرموودەیەكی تری ڕاستیش بەم لەفزە هاتووە كە دەفەرموێ‌: ((هدایا العمال غلول))، واتە: (دیاری دان بە كاربەدەستان ناپاكییە).
لەناو فەتواكانی لیژنەی هەمیشەیی دەستەی گەورە زانایاندا فەتوای ژمارە (23/570، 571) هاتووە، دەڵێ‌: (بەهۆی زۆری كێبڕكێ لە نێوان كۆمپانیا جۆراو جۆرەكانی دەرمان، نوێنەریان دێت و هەندێ‌ دیاری دەداتە پزیشكان، وەك قەڵەمێك، یان سەعاتێك، یان ئامێرێكی تۆماركردن كە ناوی كۆمپانیای بەرهەمهێنەری لەسەرە، مەبەستیش لەو دیارییە ئەوەیە ئەو دكتۆرە ئەو جۆرە دەرمانە یان بەرهەمهێنراوەی ئەو بنوسێ‌ بۆ نەخۆشەكانی، ئایا حوكمی شەرعی پێدانی ئەو دیارییە بە پزیشكەكە چییە؟ ئایا دیارییە یان بەرتیلە، بە تایبەتی ئەگەر بێتو لە یاسای كۆمپانیاكەدا بڕگەیەك هەبێت تایبەت بێت بە ڕیكلامەوە؟
هەندێجاریش كۆمپانیاكە بەڵێن بە پزیشكەكە دەدات كە لە بەرانبەر نوسینی بڕێكی دیاریكراو لە دەرمان دیارییەكی دیاریكراوی بداتێ‌، ئایا ئەوە بەرتیلە یان نا؟ لە هەندێجاری تریشدا كۆمپانیاكە بەڵێن بە پزیشكەكە دەدات دیارییەكی بداتێ‌ لە بەرانبەر نوسینی دەرمان بێئەوەی بڕەكەی دیاری بكرێ‌، جا ئایا ئەگەر پزیشكەكە ئەو دەرمانە لە جێگای ڕاست و دروستی خۆیدا بنوسێ‌ گوناهبار دەبێ‌ لەسەری، یان نا ؟ ئایا بەڵگە لەسەری چییە؟
هەندێجار دەگونجێ‌ ماددە كاریگەرەكە یەك كاریگەری هەبێت، بەڵام چەند كۆمپانیایەكی جیاواز هەمان ماددە بە ناوی بازرگانی جیاوازەوە بەرهەم بێنن-واتە: ئەو جۆرە دەرمانەی هەر هەموویان یەك كاریگەرییان هەیە-، ئەوكات نوێنەری هەندێ‌ لەو كۆمپانیایانە ماوە بە ماوە سەردانی پزیشك بكات لە نۆرینگەكەی خۆیدا و دیارییەكی كۆمپانیاكەی بداتێ‌، لێرەوە پزیشكەكە دەرمانی ئەو نوێنەرە كە ماوە بە ماوە سەردانی كردووەو دیاری بۆهێناوە بنوسێت بۆ نەخۆشەكان، ئایا حوكمی شەرعی چییە؟ ئایا ڕیكلامكردن بەو شێوەیە حەڵاڵە یان حەرامە، بەڵگەش چییە لەسەر حەڵاڵی یان حەرامی ئەوكارە؟
وەڵام:
نابێت پزیشك دیاری لە كۆمپانیاكانی دەرمان وەربگرێ‌، چونكە ئەو كارە با ناوی دیاری یان هەر ناوێكیتری لەو جۆرەی لێبنرێ‌ هەر بەرتیلەو حەرامە).
چونكە پەند لە ڕاستییەكان و ئاسەوار و دەرئەنجامەكاندایە، لە ڕاستیدا ئەو دیاریانەش دەرگا لەسەر شەیتانەكان دەكاتەوە كە خراپەو گەندەڵییەكان ئەنجامبدەن، ستەم و زیانگەیاندن بڵاوبكەنەوە، كاری وەها زیانیش بە كۆمپانیاكانی تر بگەیەنێ‌ كە ئەو جۆرە بەرتیلانە لەژێر پەردەی دیاریدا نادەن بە پزیشكەكان، لە هەمانكاتیشدا دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە نەخۆش زوو بێت یان درەنگ، لەبەرئەوە دەبێت ئەو دەرگایە دابخرێ‌، ئەو بیانووە زۆر بە توندی دابخرێ‌، چونكە دیارە هەموو ئەوەی لەپێشەوە وترا بەرتیلێكی ڕوون و ئاشكرایە.
دەبێت دەوڵەت ئەو جۆرە دیارییانە قەدەغە بكات، یان ڕێكیان بخات تا ڕێگری لە بەرتیلدان بكات، هەروەها دیسپلینی شەرعی و یاساییان بۆ دابنێ‌.
حاڵەتی سێیەم: بریتییە لەوە كە كۆمپانیاكە دەستپێشخەر بێت و پێشتر یارمەتییەكی دارایی بدات بە پزیشك، بەرلەوە كە نوێنەرەكەی بنێرێت بۆ لای، تا هانیبدات لەسەر نوسینی ڕەچەتەی پزیشكیی بۆ نەخۆشەكان كە دەرمانی ئەو كۆمپانیایە بەكاربهێنن، ئیتر ئەو دەرمانە لە ڕِِووی چاكی و كوالێتی، یان نرخەوە یان هەر شتێكیترەوە گونجاو بێت یان نا.
وەڵام:
ئەگەر هاتوو پزیشك لە ڕێگای كردەوە پێشترینەكانەوە ئەوەی زانی كە كۆمپانیاكە پاشتر داوای لێدەكات كە ڕەچەتەی پزیشكیی بە دەرمانەكەی ئەو بنوسێ‌، ئەوا لێرەدا دەبێت ئەو دیارییانە كە پێشتر پێیدراوە وەریان نەگرێ‌، چونكە لە ڕاستیدا ئەوە بەرتیلێكی پێشترینە.
بەڵام ئەگەر هاتوو ئەو مەبەستەی نەزانی، بەڵكو بە نیەتێكی باش دیارییەكەی وەرگرت، پاشان نوێنەری كۆمپانیاكە بێتە لای بەو مەبەستە، ئەوا لێرەدا دەبێت نوێنەری كۆمپانیاكە ئاگادار بكات بە قوبووڵنەكردنی هەر جۆرە زیادە فەزڵێ‌ یان لەپێشترینێك، دەبێت پزیشكەكە پەنا بباتە بەر ویژدان و پارێزكاری خۆی، جا ئەگەر دەرمانەكە لە باشیدا حاڵی وەك حاڵی دەرمانەكانی تر بێت كە دەخرێنە بازاڕ ئەوا دەتوانێ‌ ڕەچەتەی پزیشكیی بۆ بنوسێ‌، ئەگەرنا نابێت وەریبگرێ‌، بە بێئەوەی ئەو كارەی كۆمپانیا كاری تێبكات، ئینجا نوێنەری كۆمپانیا سەرپشك دەكرێ‌ بۆ وەرگرتنەوەی دیارییەكەی، جا ئەگەر نوێنەرەكە پێداگری كرد لەسەر وەرنەگرتنەوەی، ئەوا لە ڕووی شەرعییەوە هیچ ڕێگرییەك نییە لە وەرگرتنی، بەڵام باشتر وایە ئەو دیارییە ببەخشێت بە نەداران، ئەوەش وەك خۆلادان لە شتە گوماناوییەكان و بۆ ڕێگرتن لە گەندەڵیی.
حاڵەتی چوارەم:
ئەوەیە كۆمپانیاكە داوا لە پزیشك بكات ڕەچەتەی پزیشكیی بە بڕێكی زیاتر لەوە كە نەخۆشەكە پێویستی پێیەتی بنوسێ‌، تا دەرمانی زیاتری بفرۆشرێ‌ و قازانجی كۆمپانیاكە زیاتر ببێت.
وەڵام: ئەم حاڵەتە ناڕەوایەو شەرعی نییە، كارێكی قەدەغەكراوە بە حوكمی ئەو هۆكارانە كە لە حاڵەتی یەكەمدا هاتوون، ئەمە جگە لەوەش كە زیان بە نەخۆشەكە دەگەیەنێ‌.
حاڵەتی پێنجەم:
خستنەڕووی ئەو خزمەتە پێشووانەی پزیشكەكە بۆ كۆمپانیاكە یان بۆ نوێنەرەكەی لە بەرانبەر پارەیەكی كاش، یان شمەكێك، یان دیارییەك، یان ئامادەبوونی لە كۆنگرەیەكدا، یان بۆ ڕێكخستن و ئاسانكاری خوێندن بۆی یان هەر كارێكی تری هاوشێوەی ئەمانە.
وەڵام: حوكمی شەرعی ئەم حاڵەتەش هەمان حوكمی حەرامیی پێشووی هەیە كە لە حاڵەتی یەكەمدا باسكراوە.
حاڵەتی شەشەم:
بریتییە لەوە پزیشكەكە هەستێت بە نوسینی ڕەچەتە بۆ كۆمپانیاكە تایبەت بە دەرمانێكی دیاریكراو لەبەر باشی كوالێتی ئەو دەرمانە كە بەرهەمی دێنێ‌، نرخەكەیشی گونجاو بێت، بەڵام لەدوای ئەوە پزیشكەكە بەرانبەر بەو كارەی داوا لە كۆمپانیاكە بكات شتێكی بداتێ‌ و یارمەتی بدات هەروەك چۆن ئەو یارمەتی كۆمپانیاكەی داوە.
وەڵام: ئەم هەڵسوكەوتە لەلایەن پزیشكەوە كارێكی ناڕەواو ناشەرعییە، چونكە شایستەی ئەوە نییە لە بەرانبەر ئەركی شەرعی و فەرمی خۆیەوە هیچ وەربگرێ‌، جا ئەگەر ئەو پزیشكە لەلایەن نەخۆشخانەوە دانرابێت، ئەوا لەو حاڵەتەدا كارمەندێكەو كاری خۆی ڕادەپەڕێنێ‌، بۆی نییە كرێ‌ لە هیچ كەسێكیتر وەربگرێ‌، ئەگەریش پزیشكەكە كارمەندی نەخۆشخانە نەبێت ئەوا ئەو كرێ‌ زیادەیە لەسەر حیسابی نەخۆش وەردەگرێ‌، یان ئەو كرێیە لەلایەن كۆمپانیاكانی بیمەو گەرەنتی تەندروستییەوە بۆی دابین دەكرێ‌، كەواتە بۆی نییە كرێ‌ وەربگرێ‌ لە كۆمپانیا، چونكە ئەو كارەی دەچێتە خانەی خواردنی ماڵ و پارەی خەڵكی بە ناڕەوا كە ڕێگری لێكراوەو -هەروەك پێشتر- بە وردی ڕوونكراوەتەوە.
حاڵەتی حەوتەم:
بریتییە لەو حاڵەتە كە دوو كۆمپانیای دروستكردنی دەرمان بوونیان هەبێت، یەكێكیان (كۆمپانیای أ) بێت كە مەرجەكانی تێدایە و نرخەكەی گونجاوە -بۆ نمونە 10 دۆلار-، بەڵام هیچ جۆرە یارمەتییەك نادات بە پزیشك، دووەمیش (كۆمپانیای ب) بێت كە مەرجەكانی پێشەوەی تێدا بێت، بەڵام نرخەكەی بەرزتر بێت لە نرخی (كۆمپانیای أ) -بۆ نمونە 10,3 دۆلار- بێت، بەڵام یارمەتی پزیشكەكان دەدات، هەر بۆیە پزیشكیش هەڵدەستێ‌ بە نوسینی ڕەچەتەی پزیشكیی دەرمانی (كۆمپانیای ب) بۆ نەخۆشەكان بۆ ئەوەی ئەو كۆمپانیایە قازانج بكات.
وەڵام: ئەم كارەش كارێكی ناشەرعییە، حەرامە لەبەر ئەو هۆكارانە كە لە حاڵەتی یەكەمدا باسكراون، بەڵكو بەرتیلێكی ڕوون و ئاشكرایە، زیانەكەش لەسەر نەخۆشەكان دیارە، چونكە ئەو زیادەیە لەپێناو قەرەبوودایە لەوەی كە كۆمپانیاكە دەیكاتە بەرتیل بۆ پزیشك، كەواتە كارێكی حەرامە.
حاڵەتی هەشتەم:
بریتییە لە بوونی سێ‌ نرخی دانراو بۆ دەرمانەكە لەلایەن دەوڵەتەوە، یەكێكیان (10 دۆلار)ە هی كۆمپانیایەكە كە یارمەتی پزیشك نادات، دووەم (20 دۆلار)ە هی ئەو كۆمپانیایەیە كە یارمەتی پزیشكەكە دەدات، نرخی سێیەمیش (30 دۆلار)ە، هی ئەو كۆمپانیایەیە كە یارمەتییەكی زیاتر و باشتر لە دووەم دەداتە پزیشكەكە، جا بۆ ئەوەی پزیشكەكە ئەو یارمەتیانە وەربگرێ‌ ئەوا هەڵدەستێ‌ بە نوسینی ڕەچەتەی پزیشكیی بۆ كۆمپانیای دووەم یان سێیەم.
وەڵام: ئەم حاڵەتەش هەر حەرامە لەبەر ئەو هۆیانەی كە پێشتر ڕوونمان كردوونەتەوە.
حاڵەتی نۆیەم:
بریتییە لە حاڵەتێك كە كۆمپانیای دەرمان -بۆ نمونە- ڕێژەی 10% ی قازانج دیاریبكات بۆ خەرجی ئەو پزیشكانە كە هەڵدەستن بە یارمەتیدانی بۆ ساغكردنەوەی دەرمانەكەی، لێرەوە كۆمپانیاش بڕێك لەو قازانجە یان بەشێكی دەدات بە پزیشكەكان.
وەڵام: حوكمی شەرعی ئەم حاڵەتەش هیچ جیاوازییەكی نییە لە حاڵەتی پێشوو، ئەنجامەكەی هەمان ئەنجامە، چونكە ناچەسپێ‌ بەسەر كارە هاوبەشە شەرعییەكاندا، بەڵكو ئەوە بەرتیلەو دیارە.
حاڵەتی دەیەم:
بریتییە لەو حاڵەتە كە كۆمپانیا ڕێكبكەوێت لەگەڵ پزیشكدا بە ناچاركردنی نەخۆشەكان بە كڕینی دەرمان لە دەرمانخانەكانی ئەو، ئەوەش لە بەرانبەر وەرگرتنی پزیشك بڕێك پارە یان شمەكێكی دیاریكراو یان هاوشێوەی لەو كۆمپانیایە.
وەڵام: ئەم حاڵەتەش بە هەمانشێوە حەرامە، لەبەر ئەو هۆكارانە كە لە حاڵەتی یەكەمدا هاتوون.
حاڵەتی یازدەیەم:
بریتییە لەوە كۆمپانیایەك ڕێكبكەوێت لەگەڵ ئەو دەرمانخانانەی سەر بەون، لە بارێكیشدا كە پزیشك داوای یارمەتی بكات ئەوا نرخی دەرمانەكان بە ڕێژەی 30% زیاد بكرێت، ئەگەرنا ئەوا بە نرخی ڕاستەقینەی خۆیان دەفرۆشرێن بێئەوەی زیادەیان بچێتە سەر.
وەڵام: ئەمەش بەهەمانشێوە شەرعەن دروست نییە، مامەڵەیەكە بە ڕەهایی بۆ كۆمپانیاكە حەرامە، هەروەها بۆ پزیشكەكەش ئەگەر هاتوو پارە لە بەرانبەر ئەو كارەوە وەربگرێ‌.
حاڵەتی دوازدەیەم:
ئەو پزیشكانە كە بە پارە هاوكارن لەگەڵ كۆمپانیاكەدا هەستن بە كۆبوونەوە لەگەڵ پزیشكانی تردا، بە مەبەستی دۆزینەوەی بازاڕ و فرۆشتنی دەرمانەكانی كۆمپانیاكە بۆ خۆیان، یان هەر پزیشكێك بۆ خۆی هەستێت بە باسكردنی ئەو دەرمانانە كە دەیاننوسێ‌ بۆ نەخۆشەكانی.
وەڵام: ئەگەر پزیشكەكە باسی باشی كوالێتی دەرمانەكە بكات، ئەوەش بە مەبەستی زانست و فێركردن و فێربوون بێت ئەوا كارێكی شەرعییە، ئەگەریش لە بەرانبەر پارەوە بێت ڕەوا نییە و نابێت.
حاڵەتی سیازدەیەم:
كۆمپانیا هەستێت بە پێشكەشكردنی دیاری بە پزیشكەكان لە بۆنەی گێڕانی خۆشیی گشتی یان تایبەتدا، وەك جەژنی لەدایكبوون و هاوشێوەیان لە بۆنە كەسییەكاندا.
وەڵام: ئەم مەسەلەیەش بەهەمانشێوە شەرعەن دروست نییە، چونكە ئەنجامەكە یەكەو وەك حاڵەتە خراپەكانی تر وایە.
حاڵەتی چواردەیەم:
كۆمپانیا هەستێت بە ناردنی دیاری بۆ پزیشكەكە بە مەبەستی بەهێزكردنی پەیوەندی لەگەڵیدا، تا ڕایبكێشێ‌ بە لای بەرژەوەندی خۆیدا.
وەڵام: حوكمی شەرع بۆ ئەم حاڵەتەش حەرامبوونە، بەرمەبنای ئەو باسانەی لەپێشەوە باسمانكردوون.
حاڵەتی پازدەیەم:
پزیشك داوا لە كۆمپانیا بكات یارمەتی بدات، تا هەندێ‌ لە پێداویستییە كەسییەكانی خۆی یان بۆ هەر كەسێ‌ كە پەیوەندی لەگەڵیدا هەیە، وەك داواكردنی دابینكردنی بەنزین بۆ ئۆتۆمبێلەكەی و شتانیتری هاوشێوەی.
وەڵام: حوكمی شەرع بۆ ئەم حاڵەتەش حەرامبوونە، بەپێی ئەو باسانە كە لەپێشەوە باسكراون.
حاڵەتی شازدەیەم:
پزیشك داوا لە كۆمپانیا بكات كە فوارەیەكی ئاو لە خانووەكەیدا یان گەراجی ئۆتۆمبیلەكەی یان شوێنیتردا دروستبكات بۆی.
وەڵام: حوكمی شەرعی ئەم حاڵەتەش هەر حەرامیەتی، بەپێی ئەو بەڵگانە لەپێشەوە باسكراون.
حاڵەتی حەڤدەیەم:
بریتییە لەوە كە پزیشك داوا لە كۆمپانیا بكات نەخۆشی بۆ بنێرێ‌، ئەویش لە بەرانبەرەوە هەستێ‌ بە نوسینی ڕەچەتەی دەرمانی پزیشكیی بۆ نەخۆشەكان تا دەرمانی ئەو كۆمپانیایە بكڕن.
وەڵام: حوكمی شەرعی ئەم حاڵەتەش هەر حەرامیەتی، بەپێی ئەو بەڵگانە لەپێشەوە باسكراون.
حاڵەتی هەژدەیەم:
بەوەی كە كۆمپانیاكە یەكێك بێت لە كۆمپانیا ناوازەكان، هەوڵیش بدات ڕێكبكەوێ‌ لەگەڵ پزیشكەكان و پارەیان بداتێ‌، ئەم كارە لە بەرانبەرە ئەوەوە بكات كە ئەوانیش هەستن بە نوسینی ڕەچەتەی پزیشكیی بۆ نەخۆشەكان تا دەرمانی ئەو كۆمپانیایە بكڕن، مەبەستی ئەوە بێت پارێزگاری بكات لە بەرهەمەكانی بە نرخێكی گونجاو، هەروەها بۆ ڕێگرتن بێت لە بڵاوبوونەوەی دەرمانی گرانبەها یان خراپ یان دەرمانی كوالێتی نزم، لەو پێناوەشدا هەستێ‌ بە پارەدان بە پزیشكەكان.
وەڵام: لە ڕاستیدا ئەم نیەتە شتێكی ڕێزدارە، بەڵام تەنها ئەوە بەس نییە، بۆیە دەبێت هۆكارەكەش بەهەمانشێوە شەرعی بێت، چونكە مەبەستی ڕێزدار نابێتە پاساو بۆ گرتنەبەری هۆكاری ناڕێزدار.
ئەم مەسەلەیە دوو شێوەی هەیە:
شێوەی یەكەم: ئەوەیە كە كۆمپانیای ناوازەی تر بوونیان هەبێت و نرخیشیان باش بێت، وەك هەمان ئەو كۆمپانیایە كە پارە دەدات، ئەوا لەم حاڵەتەدا هۆكارەكە شەرەفمەند و ڕێزدار نییە، بەم پێیەش ئەوا حوكمی پارەدان بە پزیشك حەرامەو حاڵی وەك حاڵەتە پێشووەكانی ترە.
شێوەی دووەم: دەرمانی ساختەو خراپ بە وڵاتدا بڵاوە بكات، هاوكات لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخیدا، لێرەدا كۆمپانیایەكی ناوازە كە كوالێتی دەرمانەكەی بەرز و باشە، نرخەكەشی گونجاوە و لەبارە بۆ شكاندنی ئەو گەندەڵییە، هەروەها بۆ ئابڕوبردنی ئەو كەسانە كە بازرگانی دەكەن بە تەندروستی نەخۆشەكانەوە، ئەو كۆمپانیایە لەپێناو ئەو حاڵەتەدا پارە دەدات بە ڕێكلام و ڕاگەیاندن، هەروەها بە پزیشكەكان، مەبەستیشی قۆرخكاریی نییە ، بەڵكو نیەتی خزمەتكردنی خەڵكی وڵات و شارەكەیە…، ئەوا لەو حاڵەتەدا هەڵسوكەوتی ئەو كۆمپانیایە بە كارێكی ڕەواو پەسەند لە قەڵەم دەدرێ‌، بەڵكو كارێكی باش و ویستراوە، بەڵام ئەو پارەیە كە پزیشكەكان تەنانەت لەو حاڵەتەشدا وەریدەگرن حەرامە، چونكە ئەركی سەرشانی ئەوان بە حوكمی پیشەكەیان و كارەكەیان لە بەرانبەر پارەو بەرتیلەوە نییە، ئەركی ئاینیش ئەوەیە كە بچنەوە بە گژ گەندەڵیی و زیانەكان و كارە خراپ و پیسەكاندا و لە بەرانبەرەوە هیچ وەرنەگرن.
حاڵەتی نۆزدەیەم:
بریتییە لەو حاڵەتە كە دەرمانەكە دەرمانێكی خراپ و ناباش بێت، یان بەسەرچوو بێت، یان نرخەكەی زۆر گران بێت، لەم حاڵەتەشدا پێویستی بە هاوكاری پزیشكان هەیە كە یارمەتی بدەن بۆ ساغكردنەوەو فرۆشتنی لە بەرانبەریشەوە بڕێك پارە وەربگرن.
وەڵام: حەرامبوونی ئەو كارە لەم حاڵەتەدا زۆر سەختترە، تاوانەكەی گەورەترە، زیانی زیاترە، چونكە بەرتیلی تێدایە، زیانگەیاندنی تێدایە، ڕەواجدانیشە بە دەرمانی خراپ و بەسەرچوو.
حاڵەتی بیستەم:
ئەم حاڵەتە بریتییە لەوە كە كۆمپانیاكە دەرمانی باش و كوالێتی بەرزی هەبێت، نرخەكەشی گونجاو بێت، هەوڵیش دەدات كارەكەی بسەلمێنێ‌ بۆ فرۆشتنی زیاتری دەرمانەكانیشی، لەم بارەدا داوا لە پزیشكان دەكات پشتگیری بكەن تا ڕێگری بكات لە دەرمانی خراپ و بەسەرچوو و لە گرانی نرخی فرۆشتنی لە بازاڕدا.
وەڵام: حوكمی شەرعی ئەم حاڵەتە هەمان حوكمی حاڵەتی هەژدەیەمی هەیە.
حاڵەتی بیست و یەكەم:
یەكێك لە شتە عورف و باوەكان ئەوەیە كە نوێنەری فێركاریی كۆمپانیای دەرمان چەندین نمونە لای پزیشك دادەنێ‌ تا بیانكاتە بەڵگەو لەبەردەستیدا بن و لەبیریدا بن، لەوانەشە پزیشكەكە بەكاریان بێنێ‌ بۆ خۆی، یان بۆ خزم و كەسوكاری یان هاوڕێكانی.
وەڵام: لاریی نییە لە بەكارهێنانی ئەو دەرمانانە بۆ نەخۆشە نەدارەكان، تەنانەت بۆ خودی پزیشك خۆیشی، یان بۆ خزمەكانی، بەڵام بەو مەرجە ئەو دەرمانانە بۆ ماوەیەكی گونجاو لەبەردەستی پزیشكدا بن، چونكە ویستی نوێنەرەكە ئەوەیە كە ماوەیەك لەلای بمێننەوە تا مەبەستەكانی بەخشینیان بە پزیشكەكە دەستەبەر دەبێت، بەڵام لەگەڵ ڕەچاوكردنی حاڵەتە حەرامكراوە پێشووەكان.
بەڵام ئەگەر هاتوو ماوەی بەكارهێنانیان نزیكبوویەوە، ئەوا بۆی هەیە بێئەوەی كە پێویست بە چاوەڕوانی بكات، بەڵكو هەر دەبێت بەرلە تەواوبوونی ماوەی بەكارهێنانیان و نەمانی سودیان بەكاریان بێنێ‌، ئەمەش بۆ ئەوەیە كە نەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی پارەو دارایی كە ڕێگری لێكراوە.
حاڵەتی بیست و دووەم:
بریتییە لەوە هەندێ‌ لە دەرمانەكان كە بەرواری بەكارهێنانیان بەسەرچووە لە دەرمانخانەكاندا بمێننەوە، ئەوەش بەپێی ڕێنماییە تەندروستییەكان، ئەوكات داوای قەرەبوو لە كۆمپانیاكە دەكەن، لەم بارەدا كۆمپانیای دەرمانەكە هەڵدەستێ‌ بە قەرەبووكردنەوەی هەموو یان بەشێك لەو دەرمانانەو دەیانگۆڕێت بە دەرمان لە هەمان جۆر یان لە دەرمانی تر.
وەڵام: ئەگەر هاتوو بەڵێننامەیەكی نوسراو یان زارەكی بە قەرەبووكردنەوەی دەرمانخانە لەبری ئەو دەرمانانە بوونی هەبوو كە ماوەی بەكارهێنانیان بەسەرچووە بە دەرمانی هاوشێوەی، یان بە دەرمانی تر، ئەوا ئەو بەڵێننامە یان پەیمانە لە ڕووی شەرعییەوە كاری پێدەكرێ‌، جا ئەگەر بەڵێننامەكە بە قەرەبووكردنەوەی هەمووی بێت ئەوا دەبێت هەمووی بۆ قەرەبوو بكرێتەوە، ئەگەریش بە بەشێك بە ڕێژەی 50% بێت، ئەوا دەبێت كۆمپانیاكە هەستێت بە جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنەی كە داویەتی و نابێت لەو بەڵێنەی پاشگەزبێتەوە.
ئەگەریش بەڵێننامە بوونی نەبوو ئەوا ئەوكات دەبێت بگەڕێنەوە بۆ عورفی ئەو شوێنە، جا ئەگەر ئەو عورفەی كە باوە و خەڵكی لەسەری دەڕۆن بریتی بێت لە قەرەبووكردنەوە ئەوا دەبێت هەستێت بەو كارە، ئەگەرنا ئەوا نابێت قەرەبوو بكرێتەوە مەگەر لە بارێكدا نەبێت كە ڕەزامەندی كۆمپانیای لەسەر بێت.
لە حاڵەتە پێشووەكاندا ئەگەر دەرمانخانەكە بە ئەنقەست كەمتەرخەم بووبێت لە فرۆشتنی دەرمانەكان ئەوا شایستەی قەرەبووكردنەوە نییە.
حاڵەتی بیست و سێیەم:
بریتییە لەو حاڵەتە كە كۆمپانیاكە هەندێ‌ زیادەی ساڵانە (بونس) بدات بە دەرمانخانە سەركەوتووەكان.
وەڵام: تەرازوو و میزانی دەرمانخانە بریتییە لە بازرگانی و وەبەرهێنان، بەڵام میزانی پزیشكەكان ئەمانەتپارێزییە، لەبەرئەوە هەندێ‌ لە حوكمە شەرعییەكانی پیادەكردنی كارەكانی دەرمانخانە جیاوازە لە حوكمە شەرعییەكانی پزیشكان و ئەنجامدانی پیشەی پزیشكیی.
لە حاڵەتی ناوبراودا، ئەوا حوكمی شەرعی بەپێی ئەم شێوانەی لای خوارەوە دەبێت:
شێوەی یەكەم: ئەوەیە كە دەرمانەكە زۆر زۆر باش بێت و نرخەكەی گونجاو بێت، هیچ جۆرە ڕێكەوتنێك لە نێوان دەرمانخانەو كۆمپانیاكەدا لەسەر زیادەی ساڵانە (بۆنس) بوونی نەبێت، دەرمانخانەكەش سەركەوتوو بێت لە فرۆشتنی بڕێكی زۆر لەو دەرمانە بەشێوەیەكی سروشتی، ئینجا كۆمپانیاش هەستێت بە ڕێزلێنانی دەرمانخانەكە بەوەی كە دابەزینێكی تایبەتی نرخی بۆ بكات، یان شتێك بكاتە دیاری بۆی، یان بڕێك پارەی وەك زیادەیەكی ساڵانەی (بۆنس) بداتێ‌، ئەوا ئەم شێوەیە هیچ نەنگییەكی تێدا نییە، بەڵكو كارێكی دروست و ڕەوایە، مەگەر لەبارێكدا نەبێت بە ڕەهایی ببێتە هۆی پێشخستنی دەرمانی ئەو كۆمپانیایە بەسەر كۆمپانیاكانی تردا، ببێتە هۆی پشتگوێخستنی بەرهەمی كۆمپانیاكانی تر، چونكە لەم حاڵەتەدا جۆرێ‌ لە ستەم و مافخواردنی ئەوانیتری تێدایەو لە ڕووی شەرعییەوە دروست نییە.
یەكێك لە مەرجە گشتییەكانیش بریتییە لەوە كە نە ئەو لایەنە خۆی زەرەر بكات و نە زیان بەوانیتریش بگەیەنێ‌، هەروەها دەرمانەكانی ئەو كۆمپانیایە تەواوی مەرج و پێوەر و پێوانە تەندروستییەكانی تێدا بێت، ناشبێت لە چاكی و جۆری كوالێتیدا نزمتر بێت لە دەرمانی كۆمپانیاكانی تر.
شێوەی دووەم: ئەمیش وەك هەمان شێوەی یەكەمە، بەڵام لێرەدا جۆرێك لە ڕێكەوتنی پێشتر لە نێوان كۆمپانیاكەو دەرمانخانەكەدا هەیە بەوەی كە بڕێ‌ پارەی دیاریكراو، یان ڕێژەیەك لە قازانجی بداتێ‌.
ئەم شێوەیەش هەر ڕەوا و دروستە، بەڵام بەم مەرجانەی لای خوارەوە:
1- نابێت ڕێكەوتنەكە ستەمی دەرهەق بە مافی ئەو كۆمپانیایانەی تری تێدا بێت كە مامەڵە لەگەڵ ئەو دەرمانخانەیەدا دەكەن.
2- دەبێت دەرمانخانەكە بە هەمان پێوەری دادپەروەری و ویژدانەوە مامەڵە لەگەڵ بەرهەمی كۆمپانیاكانی تر بكات، نابێت پشتگوێیان بخات، یان زیان بە خاوەنەكانیان بگەیەنێ‌، چونكە زیانگەیاندن و ساختەكاریی لە هەموو بارێكدا دوو شتی حەرامكراون.
3- نابێت دەرمانی ئەو كۆمپانیایە خراپ بێت یان ساختەی تێدا كرابێت، یان تەنانەت جۆری كوالێتییەكەی كەمتر بێت لە دەرمانی كۆمپانیاكانی تر.
4- نابێت ئەو ڕێكەوتننامەیە كاربكاتە سەر دەرمانخانەكە، بەجۆرێ‌ كە تەنها بەرهەمی ئەو كۆمپانیایە هەڵبژێرێ‌، بێت بەرهەمی كۆمپانیاكانی تر فەرامۆش بكات كە لە باشیدا هەمان پلەیان هەیە، یان لەو چاكترن.
شێوەی سێیەم: بریتییە لەوە كە ڕێكەوتنەكە لەسەر بنەمای ڕەواجدان بێت بە دەرمانی خراپ و لەكاركەوتوو، یان ساختەی تێدا كرابێت، یان مەرج و پێوانەو پێوەرە تەندروستییەكانی تێدا نەبێت، یان نرخەكەی لە دەرمانی كۆمپانیاكانی تر بەرزتر بێت.
لەم بارەدا ئەوا ئەو ڕێكەوتننامەیە بۆ هەردوولا خراپەو حەرامەو كاری پێناكری.
شێوەی چوارەم: بریتییە لەوە كە ڕێكەوتنەكە لە نێوان هەردوو لایەندا بێت، بەوەی كە دەرمانخانەكە هەستێت بە ڕەواجدان و فرۆشتنی دەرمانی ئەو كۆمپانیایە، ئەوەش بەساغكردنەوەی ڕەچەتەی پزیشكیی لەخۆیەوە -هەروەك لە هەندێ‌ لە دەوڵەتاندا بوونی هەیە-، جا لە حاڵەتی وەهادا ئەوا هەمان ئەو حوكمە شەرعییانە دەچەسپێ‌ بەسەریدا كە لە حاڵەتە پێشووەكاندا هاتوون.
دوو تێبینی:
تێبینی یەكەم:
لە مەسەلەی ڕێكەوتنی نێوان كۆمپانیا و دەرمانخانەدا، سەرنجماندا كە هەندێ‌ لە شێوەكانی ڕێگایان پێدراوە، ئەویش بەپێی چەند دیسپلینێك، بەڵام باسمان لە حەرامیی هەر پارەیەك كردووە كە لەلایەن كۆمپانیاوە دەدرێ‌ بە پزیشك -هەروەك پێشتر هاتووە-.
هۆیەكەش ئەوەیە كە پیشەی پزیشك كارێكی مەترسیدارە، بۆیە دەبێت پابەند بێت بە ڕەوشتی پزیشكیی ئیسلامییەوە ،( بۆ زانیاری و بنەمادۆزی و وردەكاری زیاتر، سەیری ئەم كتێبەمان بەناوی المبادي‌و الَاخلاقية الجامعة لَاخلاقيات الطب الحيوي في الإسلام -دراسة مقاصدية تأصيلية- ونقد لنظرية أخلاق الطب الغربية) بكرێ‌، چاپی: دار جامعە حەمەد بن خلیفە بڵاوكردنەوە 2019ز.) چونكە هەر لە بنەڕەتەوە جیاوازە لە كاری دەرمانخانە كە بەرپایە لەسەر پیادەكردنی فرۆشتن و كڕین، لەبەرئەوە ئەگەر هاتوو دەرمانخانە هەستا بە كاری پزیشك -وەك لەپێشەوە وتمان- ئەوا حوكمە شەرعییە حەڵاڵ و حەرامەكان دەچەسپێن و جێبەجێ‌ دەكرێن بەسەریدا.
تێبینی دووەم: گوتەی پێشترمان ئەو دەرمانخانەیە دەگرێتەوە كە كۆمپانیای دەرمان خاوەنی ئەو نییە تا ئەویش ڕەواج بە دەرمانەكانی بدات، بەڵام ئەگەر دەرمانخانەیەك بێت كە سەر بەو كۆمپانیایە بێت، ئەوا لە ڕووی شەرعییەوە هیچ ڕێگرییەك نییە لە فرۆشتنی دەرمانی تەنها ئەو كۆمپانیایە، ئەوەش بەجۆرێ‌ كە مەرجەكانی تەندروستی تێدا بێت.
پلەی حەرامیی لەمجۆرە مەسەلانەدا بەپێی فیقهی میزانە:
گومانی تێدا نییە كە حەرامكراوەكان لە ئیسلامدا پلە پلەن، باڵاترین و گەورەترین پلەی حەرامەكان هاوەڵدانانە بۆ خوای گەورە، خوای گەور دەفەرموێ‌: (إِنَّ الشِّرْكَ لَظُلْمٌ عَظِيمٌ) لقمان13. واتە: (لە ڕاستیدا هاوەڵدانان بۆ خوای گەورە ستەمێكی زۆر زۆر گەورەیە). دوای ئەویش كوشتنی كەسێكی بێتاوانە، ئەوانیتریش بەپێی تاوانەكان لە خوار ئەوانەوەن تا بە ڕیزبەندی دەگاتە گوناهە بچووكەكان.
بەم پێیە ئەوا پلەكانی حەرامیی لەو مەسەلەو حاڵەتانەدا كە پێشتر خرانەڕوو و باسكران، بەمجۆرەی لای خوارەوەن:
یەكەم: توندترین و گەورەترین پلەكانی حەرامیی لێرەدا بریتییە لە ڕێكەوتن لەسەر ڕەواجدان بە دەرمانی لەكاركەوتوو و خراپ و ساختە، یان ئەو دەرمانە كە مەرجەكان و پێوانەو پێوەرە پزیشكیی و تەندروستییەكانی تێدا نییە، ئەوەش لە ڕێگای بەرتیلدانی ڕاستەوخۆوە، یان بەرتیلدان كە لەژێر پەردەی چەند ناوێكدا شاردرابێتەوە وەك دیاری و هاوشێوەكانی.
چونكە ئەوە تاوانێكەو لە ڕیزی گەورەترینی تاوانە پڕوكێنەرەكاندا ئەژمار دەكرێ‌، كە كۆمپانیای فرۆشیار و ساغكەرەوەی دەرمان و پزیشك بەشدارن تیایدا، هەردووكیشیان گوناهی گەورە ئەنجامدەدەن كە پەیوەندە بە مافی خەڵكییەوە، گوناهێك كە خوای گەورە لێی خۆشنابێت مەگەر لەبارێكدا نەبێت كە قەرەبووی زیانمەند بكرێتەوە، یان لێبوردن و لێخۆشبوون لەلایەن خەڵكییەوە بۆ مافەكانیان دەستەبەر بێت، هاوكات لەگەڵ دەستەبەربوونی مەرجەكان، هەروەها مافی خوای گەورەش تیایدا.
هەروەها هەریەك لە نێوەندگیر یان نوێنەر بەشدارن لەم تاوانەدا، چونكە دەبنە هاوكاری تاوان و خواردنی مافی خەڵكی، خوای گەورە دەفەرموێ‌: (ؤتَعَاؤنُوا عَلَي الْبِرِّ ؤالتَّقْؤي ؤلَا تَعَاؤنُوا عَلَي الْإِثْمِ ؤالْعُدْؤانِ ؤاتَّقُوا اللَّهَ إِنَّ اللَّهَ شَدِيدُ الْعِقَابِ) المائدە 2. واتە: (ئەی ئیمانداران، هاوكاری یەكتربن لەسەر چاكەكاریی و پارێزكاریی و لەخوا ترسان، نەكەن یارمەتی یەكتر بدەن لەسەر خراپەو تاوان و دوژمنكاریی، لە خوای گەورە بترسن چونكە ئەو زاتە تۆڵەی زۆر توند و سەخت و بەئێش و بە زەبرە). پێغەمبەری خوا (صلی الله علیە وسلم) دەفەرموێ‌: ((لعن الله الراشی و المرتشی والرائش)) . واتە: (خوای گەورە نەفرەتی كردووە لە هەریەك لە بەرتیلدەر و بەرتیل وەرگر و كەسی نێوەندگیری نێوانیان).( فەرموودەكە بەبێ‌ لەفزی (الرائش) ڕاستە -هەروەك لەپێشەوە هاتووە-، ئەم لەفزەش عەجلونی لە كتێبی كشف الخفا‌ء لاپەڕە (2/182) بە باشی زانیوە، زۆرێكیتریش بە لاواز لە قەڵەمیان داوە، بەڵام چەندین بەڵگە هەن لەسەر ڕاستێتی ماناكەی، هەروەك ئیبن باز لە پەراوێزی كتێبی بلوغ المرام دا لاپەڕە (750) وتوویەتی.)
دووەم: حاڵەتی پێشوو بوونی هەبێت، بەڵام بەبێ‌ بەرتیلدان، حوكمی شەرعی ئەمیش لە ڕووی حەرامییەوە هەر یەكە، بەڵام پلەیەك لە خوار ئەوەی پێشەوەیە.
سێیەم: پاشان ئەم حاڵەتە دێت كە ئەگەر بێتو دەرمانەكە ساغ و كارا بێت، بەڵام ڕێكەوتن بكرێ‌ لە نێوان كۆمپانیا یان دەرمانخانە و نێوان پزیشكدا لەسەر ڕەواجپێدانی و نوسینی تەنها ئەو دەرمانە بۆ نەخۆش، ئەوا ئەم حاڵەتەش هەر حەرامە، بەڵام حەرامییەكەی ناگاتە پلەی پێشووتر.
چوارەم: دواتر ئەم حاڵەتە دێت كە ئەگەر بێتو كۆمپانیا دیاری ماددی ببەخشێ‌ بێئەوەی مەرج لەسەر پزیشك دابنێ‌، ئەوا ئەمیش دوو پلەی هەیە:
أ- حاڵەتێك ئەگەری ئەوەی هەبێت كە ئەو دیاریانە كاربكاتە سەر پزیشك، بەوەی كە پزیشك بەرهەمەكانی ئەو كۆمپانیایە كە دیاریەكەی پێداوە بخاتە پێش دەرمانەكانی تر، ئەوا ئەمەش هەر حەرامە، بەڵام حەرامییەكەی كەمترە لە حاڵەتی پێشوو.
ب- حاڵەتێك كە ئەو دیاریانە كاریگەریان لەسەر پزیشك نەبێت، جیاوازی نەكات لە نێوان دەرمانی ئەو كۆمپانیایەو دەرمانی كۆمپانیاكانی تر، چونكە تەماعی ئەوە نایگرێ‌ ئەو دیاریانە دووبارە ببنەوە، ئەوا ئەم حاڵەتە دەچێتە پلەی كاری ناپەسەندو نەویستراوەوە، بەڵام بە تێڕوانینی من ناچێتە خانەی حەرامەوە، بەڵام باشتر وایەو پارێزكارییەكی باشە ئەگەر ئەو دیاریانە وەرنەگرێ‌.
پێنجەم: حاڵەتێك بێت كە ئەو دیارییانە شتانی ڕەمزی كۆمپانیا بن و بدرێن بە هەر كەسێك كە مامەڵە لەگەڵ كۆمپانیاكەدا بكات، ئەو كارەشی كردووەتە عورف بۆ خۆی، ئەوا ئەم حاڵەتە وەك خۆی ناچێتە خانەی حەرامەوە، بەڵكو ڕێگاپێدراوە، بۆ پارێزكاریش و خۆپاراستن لە شتانی گومانلێكراو باش وایە پزیشك وەرینەگرێ‌.
پرسیاری سێیەم: ئایا حوكمی شەرعی كڕین یان فرۆشتنی دەرمان بە قیست چییە؟
وەڵام: ڕێگری شەرعی نییە لە فرۆشتن یان كڕینی دەرمان بە قیست، ئەمە لەبارێكدا كەسێك نەتوانێ‌ هەموو پارەی كڕینی دەرمانەكە بە كاش بدات، دەكرێ‌ ئەم كارەش لە ڕێگای فرۆشتن بە قیست یان قازانجی ئاسایی (المرابحە العادیە)ەوە ئەنجامبدرێ‌، كە لایەنەكانی دوو كەس بن ئەوانیش فرۆشیار و كڕیارن، ئەم مامەڵەیە بریتییە لە فرۆشتنی یەكێك لە فرۆشتنەكان بە ئەمانەت، كە پێویستە فرۆشیار نرخی شمەكەكە یان نرخی تێچوونی بۆ كڕیار ڕوونبكاتەوە، ئینجا بیفرۆشێ‌ بە كڕیار بە قازانجێكی دیاریكراو كە بە دەق لە گرێبەستەكەدا هاتبێت و جۆری دانەوەی بڕی قیستەكە دیاری كرابێت، یان ئەو مامەڵەی فرۆشتن و كڕینە كە لە ڕێگای قازانجی بانكییەوە واتە قازانج لەسەر ئەو كەسە كە كڕیارە (المرابحة للَامر بالشرا‌ء) بە مەرجێ‌ ئەم هەنگاوانەی خوارەوە جێبەجێ‌ ببن، ئەوانیش زۆر بە كورتی ئەم چەند هەنگاوەن:
قۆناغی یەكەم: كەسی سەوداكەر/ نەخۆشەكە داوای كڕین بكات، جۆر و وەسفەكانی دەرمانی داواكراوی تێدا بێت، جا لەپاش لێكۆڵینەوە لە داواكەی لەلایەن دامەزراوە داراییەكەوە، ئەوكات ڕێكەوتننامەی پارەدان واژۆ دەكرێ‌ كە بەڵێنی كەسی سەوداكەر/ نەخۆشەكەی بە كڕینی دەرمانەكەی تێدا بێت.
قۆناغی دووەم: دامەزراوە داراییەكە هەستێت بە ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵ فرۆشیاری دەرمانەكەدا، پاشان وەریبگرێ‌ و ببێتە موڵكی شەرعی ئەو دامەزراوەیە.
قۆناغی سێیەم: دامەزراوە داراییەكە هەستێت بە فرۆشتنی دەرمانەكە بە سەوداكەر/ نەخۆشەكە لە ڕێگای واژۆكردنی گرێبەستی قازانجەوە بەو نرخە كە ڕێكەوتوون لەسەری، دەبێت نرخی دەرمانی فرۆشراو (بڕی نرخی دەرمانی مورابەحە، واتە نرخی تێچوونی كڕین+ قازانجی مورابەحە) هاوپێچ بێت بە خشتەیەكی دانەوەی قیستەكان كە هەردوولا ڕێكەوتوون لەسەری.
قۆناغی چوارەم: قۆناغی ڕادەستكردنی ئەو شتە یان دەرمانە كە گرێبەستیان لەسەری كردووە (دەرمانە پارەدراوەكە) بە كەسی سەوداكەر / نەخۆشەكە و مۆڵەتی ڕادەستكردن بنوسرێ‌.
پرسیاری چوارەم: ئایا حوكمی شەرعی بازرگانیكردن بە دەرمانی پزیشكیی قاچاغەوە چییە؟
وەڵام: لەلایەنی شەرعییەوە پێویستە كە دەرمان بە شێوازی یاسایی بێتە ناوەوە، بۆ ئەوەی لەلایەن دەزگا تەندروستییەكانی دەوڵەتەوە پشكنینی بۆ بكرێ‌، چونكە قاچاغیكردن پێیەوە لە ڕووی شەرعییەوە ڕەوا نییە.
هەروەها نابێت كۆمپانیا بەرتیل بدات بە كارمەندانی گومرگ بۆ ئەوەی چاوپۆشی بكەن لە مەرجە تەندروستییە داواكراوەكان، چونكە ئەو كارەش هەر لە خانەی گوناهە گەورەكاندایە.
ڕاسپاردەو ئامۆژگاریم:
بریتییە لە پابەندبوون بە لەخوا ترسان، بەوەی كە سنورەكانی خوای گەورە پارێزگاریان لێبكرێ‌ و نەبەزێنرێن، با شتە فریودەر و خەڵەتێنەرەكان زۆر گەورەش بن، چونكە گۆر و وەستان لەبەردەم خوای گەورەدا لەپێشمانەوەن.
ئەمەم نوسی و خوای گەورەش زاناترە بە گوتەی ڕاست و دروست، كۆتا نزاو پاڕانەوەمان سوپاس و ستایش هەر بۆ پەروەردگاری جیهانیانە
درود و سەلام لەسەر كۆتا پێغەمبەری ڕەوانەكراو و گەورەو خۆشەویستمان موحەممەد، وە لەسەر خانەوادەو هاوەڵانی.
نوسینی ئاتاج بە بەزەیی پەروەردگاری

پ. د. عەلی محێدین قەرەداغی
ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان

نرخی ئاڵتون بەرزترین ئاستی تۆماركرد
پێشت نرخی ئاڵتون بەرزترین ئاستی تۆماركرد
كەركوك، شاندێكی باڵای سەربازی گەیشتە شارەكە
دواتر كەركوك، شاندێكی باڵای سەربازی گەیشتە شارەكە
ەیوەندیدار