ئێران لەسێدارەدانی بەرپرسێكی باڵای وڵاتەكەی ڕادەگەیەنێت


ئەمڕۆ شەممە دادوەریی ئێران، لەسێدارەدانی عەلی ڕەزا ئەكبەری هاووڵاتی ئێرانی- بەریتانی بە تۆمەتی سیخوڕیكردن بۆ بەریتانیا ڕاگەیاند.

چوار شەممەی ڕابردوو، ماڵپەڕی “میزان ئۆنڵاین”ی سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ڕایگەیاندبوو، عەلی ڕەزا ئەكبەری حوكمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا بەتۆمەتی بڵاوكردنەوەی فەساد لەسەر زەوی، و زیانگەیاندن بە ئاسایشی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات لەڕێی گواستنەوەی زانیاریی هەواڵگری بۆ بەریتانیا.

هەر لەو بارەیەوە ئاژانسی “ئێرنا”ی فەرمی لە پێنج شەممەی ڕابردوودا بڵاویكردەوە”عەلی ئەكبەری تەمەن 61 ساڵ، چەندان پۆستی باڵای لە دەزگای ئاسایش و بەرگری ئێراندا وەرگرتبوو.

لەبەرامبەردا جیمس كڵیڤرلی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ئیدانەی حوكمەكەی كرد و داوای لە تاران كردبوو هاووڵاتییە بەریتانییە- ئێرانییەكە لەسێدارەنەدرێت، هۆكاریی حوكمەكەشی بۆ فاكتەری سیاسى گەڕاندبۆوە.

دوێنێ‌ هەینی، جیمس كڵیڤرلی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ڕایگەیاندبوو، پێویستە ئێران هەڕەشەی لەسێدارەدانی عەلی ڕەزا ئەكبەری هاووڵاتی بەریتانی- ئێرانی جێبەجێ‌ نەكات.

كڵیڤرلی لەڕێی تویتەرەوە بڵاویكردەوە”دەبێت ڕژێمی ئێرانی هیچ گومانێك لەوبارەیەوە نەكات و ئێمەش لە نزیكەوە بەدواداچوون بۆ پرسی عەلی ڕەزا ئەكبەری دەكەین”.

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە چوار شەممەی ڕابردوودا، داوای كردبوو دەستبەجێ‌ عەلی ڕەزا ئەكبەری ئازاد بكرێت كە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە حوكمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا بەتۆمەتی سیخوڕیكردن بۆ بەریتانیا.

ئاژانسی دەنگوباسی فەرمی كۆماری ئیسلامی، پێنج شەممەى ڕابردوو، دیمەنێكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە و ئاماژەی بە ڕۆڵی عەلی ڕەزا ئەكبەری كردبوو لە تیرۆركردنی موحسین فەخری زادە گەورە زانای ئەتۆمی ئێران لە ساڵی 2020.

ویلایەتە یەكگرتووەكانیش دەنگی خۆی خستە پاڵ دەنگی شانشینی یەكگرتوو بۆ داواكردن لە ئێران، تا حوكمی سەپێنراوی لەسێدارەدان بەسەر هاووڵاتییە ئێرانییە- بەریتانییەكە بەتۆمەتی سیخوڕی جێبەجێ‌ نەكات.

لەو باریەوە فیدانت باتێڵ، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاندبوو”ئەو تۆمەتەی ڕووبەڕووی ئەكبەری كراوە و حوكمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە، فاكتەری سیاسی لەپشتەوەیە، لەسێدارەدانیشی قبوڵ ناكریت، بەڵام جێبەجێكردنی حوكمەكە ڕەنگە نزیك بێت”.

 

 

ئەوقافی هەرێم دیاری كردنی یەكەم ڕۆژی ڕەمەزان ئاشكرادەكات
پێشت ئەوقافی هەرێم دیاری كردنی یەكەم ڕۆژی ڕەمەزان ئاشكرادەكات
بزوتنەوەی گۆڕان: دەستلەکارکێشانەوەی قائیمقامی پێنجوێن رەتدەکەینەوە
دواتر بزوتنەوەی گۆڕان: دەستلەکارکێشانەوەی قائیمقامی پێنجوێن رەتدەکەینەوە
پەیوەندیدار