“ئاو و هەوایەکی سارد و دۆخێکی سیاسی گەرم لە هەرێم دەگوزەرێ‌”



پەرلەمانتارێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هۆشداری لە دۆخی هەرێم دەدات و ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر ساردی ئەم وەرزی زستانە دەروون و بڕیارە گەرمەکانی بڕیار بەدەستەکان سارد نەکاتەوە ئەبێت چاوەڕوانی گڕگرتنی ناخی هاووڵاتیەکانیان بکەن.

عەباس فەتاح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك پەیامێكی ئاڕاستەی هێزە سیاسییەكانی هەرێم كردووە و دۆخی ساردی كەشوهەوا بە كوڵان و گەرم بوونی دۆخی سیاسی دەبەستێتەوە و هۆشداری لەبارەی توڕەیی هاووڵاتیان دەدات.

عەباس فەتاح ڕایگەیاندووە، چەندین ساڵە وشکەساڵی تەنگی بە هەرێم هەڵچنیوە ئەمساڵ بارانە چڕوپڕ و نەرمەکان دڵی هاووڵاتیانی دڵخۆش کردوە و ئارامی بۆ هەرێم گەڕاندۆتەوە، بەڵام دۆخێکی گەرمی ناجۆری سیاسی و ناکۆکیەکی پر ئاڵۆزی نەویستراوی هاووڵاتیانی هەرێم، دۆخی ناوچەکەی ئاڵۆز کردووە و خۆشی زستانە تەرە و ساردەکەی تاڵ و تفت کردووە.

دەشڵێت: “خواستی دەسەڵات و خەمساردی لە بەرژەوەندیە گشتییەکان و گوێ نەدان بە ڕا و خۆشەویستی و متمانەی هاووڵاتیان وا خەریکە ئەو کیانەی بە خوێنی هەزاران ڕۆڵەی ئەم وڵاتە بە دەست هاتووە ئەکەوێتە ژێر پرسیار و لەناوچوونەوە”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، هیچ هێز و دەسەڵات و سەرمایەیەک لە مێژوودا نەیتوانیوە سەرکەوتوو بێت بەبێ بوونی متمانەی تەواو و خۆشەویستی هاووڵاتیەکانی بەبێ بەرژەوەندی کەسی.

ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی هۆشداری ئەوەش دەدات، “ئەگەر ساردی ئەم وەرزی زستانە دەرون و بڕیارە گەرمەکانی بڕیار بەدەستەکان سارد نەکاتەوە ئەبێت چاوەڕوانی گڕ گرتنی ناخی هاووڵاتیەکانیان بکەن”.

نرخی دۆلار بەرزبووەوە و لیرە و تمەن شكان
پێشت نرخی دۆلار بەرزبووەوە و لیرە و تمەن شكان
ئۆتۆمبێلەکەت درەنگ ھەڵدەبێت؟
دواتر ئۆتۆمبێلەکەت درەنگ ھەڵدەبێت؟
ەیوەندیدار