غازی هەرێم لە کوێیە؟


هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە دەست کەمی غازی شلەوە دەناڵێنن، بەڵام غازی هەرێمی کوردستان بەشی پێویستی هاووڵاتیان ناکات، شارەزایەکی بواری وزەش هۆکارەکەی ئاشکرا دەکات.

فولکەی مامە ڕیشەی سلێمانی، شوێنی سەرەکی فرۆشتنی غاز و سووتەمەنییە، ئەگەر پاش کاتژمێر ١٠ ی بەیانی غازت نەما، کە چویتە فولکەکەش بەتەما مەبە غازت دەستبکەوێت.

کامەران حەمەئەمین، غازفرۆش لە فولکەی مامە ڕیشە، دەڵێت بەهۆی گرانی نەوتی سپی خەڵک هەوڵ بۆ غازدەدات، بەڵام غازەکەش دوای کاتژمێر ١٠ی بەیانی دەستناکەوێت.

تەنها لە پارێزگای سلێمانی ٦٤ کارگەی غازی شل هەن، مانگانە پارێزگاکە پێویستی بە ٤٠٠ بۆ ٤٥٠ تۆن لە غازی شل هەیە، بەڵام تەنها ٢٥٢ تۆن غازی شلی بۆ دابیندەکرێت، ئەم کەمکردنەوەی بڕی غازە وایکردووە کێشەی کەمی غاز سەرهەڵبدات و هاووڵاتیان دەبێت بەیانیان لە سەرەی گۆڕینەوەی بتڵی غازدابن.

کەمی بڕی غاز بۆ هاووڵاتیان، لە کاتێکدایە هەرێمی کورستان خاوەنی یەکێکە لە گەورەترین یەدەگە غازییەکانی عێراق بە نزیکی سێ بۆ پێنج ترلیۆن مەترس سێجا، بەڵام بۆ دانیشتوانەکەی هیچ سوودی لێنابینرێت.

هیوا حەمە ئەمین سەرۆکی بەشی ئەندازیاری نەوت لە زانکۆی کۆمار، ئاماژە بۆ ئەوەدەکات بڕی ‌غازی هەرێمی کوردستان لەنێوان سێ بۆ پێنج ترلیۆن مەتر سێجایە، بەشێکی سوودی لێبینراوە، بەڵام هێشتا بەشێکی زۆری ماوە.

بۆ هاووڵاتیان جێی پرسیارە، دەوترێت غازەکە زۆرە، ئەی بۆچی خەڵك هەمیشە کێشەی کەمی غازی هەیە؟.

وریا حسێن، شارەزایی بواری نەوت و وزەیە ئەوە ئاشکرا دەکات، بەشێکی غازی هەرێمی کوردستان بۆ غازی ماڵان و بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاردەهێنرێت، بەڵام بەشێکی بەرچاویشی بە قاچاخ لە وڵاتی ئێرانەوە دەبرێت و بە وڵاتانی دەرەوە دەفرۆشرێت.

بۆ هاووڵاتیان گرنگ نییە غازەکە لە کوێیە، ئەوەی بۆ ئەوان گرنگە بتوانن سوودی لێببینن، بەڵام پێدەچێت ئەمیش بە دەردی نەوتەکە بچێت و بڵێن ژێر خاکەکە هەمووی غازە بەڵام لە سەرمادا هەڵدەلەرزن.

دهۆك؛ بەهۆی غازەوە ئاگر لە شوقەیەكی زەریلاند كەوتووە
پێشت دهۆك؛ بەهۆی غازەوە ئاگر لە شوقەیەكی زەریلاند كەوتووە
لە سعودیە عەلی و عومەر لەیەكتر جیادەكرێنەوە
دواتر لە سعودیە عەلی و عومەر لەیەكتر جیادەكرێنەوە
پەیوەندیدار