لێگەڕێن با قەڵا قسەی خۆی بکات



ستران عەبدوڵلا
-هەولێر پایتەختی کوردستانە، هەڵبەت وەک ژیان و گوزەران بۆ خەڵکی بەشەرەفی هەولێرە و ئەوان خاوەنی شارن . ئەگەرچی بێ لە پایتەختبوونیشی، هەولێر هەمیشە شاری غەریب دۆست و غەریب نەوازنیش بوو و بووە.
کێ و لەکوێ لێی قەوماوە هەوڵێر ئامێزی برایەتی و خزمایەتی بۆ کردۆتەوە.

-هەولێر هەروەها چونکە پایتەختی وڵاتەکەشمانە مافی هەموو خەڵکی کوردستانیشی بەسەرەوەیە.هەولێر ئاواییەکی لاچەپ نییە کوێخایەک بتوانێ دیلان وتەنی (سەرەحەت دڵ بێ گرێ )کوێخایەتی تیا بکا و تەواو. ئەمە بچووکردنەوەی هەولێرە و هەق نییە پێی رازی بین .ئەمە لەگەڵ شانوشەوکەتی قەڵادا ناگونجێ. لەگەڵ کۆنینەیی هەولێر و بەرینی شارەکە و ردێنی سپی مێژوویەکەی وێک نایەتەوە.
-هەوڵێر پایتەختی حوکمڕانی کوردستان و ناوەندی سیاسەت و ریئاسەت و شکۆی دەوڵەتدارییە.شایستە و شایانە رەسمی سیاسەتی رەسمی و بڕیاری بەروداویی کوردستان بەرامبەر بەغدا و بەرامبەر ئیقلیم و دونیا لەوێوە بدرێ و دەربچێ و بچێتە واری کارییەوە.
-هەوڵێر گەرەکە شوێنی بزووتنەوەی دیموکراتی و جولەی پەرلەمان و قسەی حوکمڕانیش بێت. ئەوی حەوسەڵەی کەمە و جیکڵدانی تەنگە ، ئەوەی لیاقەت و لەباقەت و قیافەتی ئەم ئەمانەتە مەزنەی نییە پێویست ناکات خۆی راپسکێنێ و خۆی سەغڵەت بکاو خۆی خۆی بکات.
-هەولێر ئێستا جامی شوشەیی باڵێۆزخانەکان و کورسی پەرلەمان و دیوانی وەزارەتەکانی تیا هەس. بنەو بارەگای حزبەکانی لێیە و قەرارە لەچەند مانگی تریشدا کێبرکێی هەڵبژاردن بکا و خەڵک و کاندید خۆیانی تیابنوێنن.
هەوڵێر کۆمسێۆنی تیایە و یەک حەمکە پاوەر و پارەی دیموکراتی تیا خەرج کراوە و سەدان وۆرک شۆپ و مەشقی و راهێنانی حوکمڕانی هاوچەرخی بۆ خراوەتەگەڕ. خۆ ئەمە گاڵتە نییە و خۆ ئیشەڵلا ئەوانە بۆ سوعبەت نەکراون؟!
ئێ خۆ ئەگەر بابەتەکە (میهرەگان)ی گاڵتەجاڕی و (حەفلەی تەنەکوری)سیاسیش بێت، لێگەرێن با دەقی سینارۆیەکە وەک خۆی نمایان بکرێت، لە جێی ئەوەی وەک( ئیختیارەکان)ی گەمەی دامە هەمووی تێکومەکان بدەن و داش و دامەو دۆدۆشاو تێکەڵ بکەن.
-هەولێر هەر پایتەختی دیفاکتۆی ئێستا نییە، هەولێر پایتەختی حوکمڕانی ئایندەشە، پایتەختی پەرلەمانی داهاتوو و حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستانیشە.پەرلەمانتارەکان ، فراکسیۆنەکان لەوێ دەبن و جولەی گەرمو گوڕی سیاسەتی لەمەوداوی وڵاتەکەشمان هەر لەوێ دەبێت.
-هەوڵێر بەو دیرۆک و دێرینییەوە کەڵەگەتە، بەم ئێستاییەوە قەڵایەکی سەرفراز و بەسەبر و خۆڕاگرە، بەو ئایندەشی وا بەرێوەیە سەربەرز و شاد و خەندانە.
جا ئەوەی ئەم دیمەنە نابینێ تەئریخی ئەربیلی نەخوێندۆتەوە، ئیبن مستەوفی ناناسێ، بۆیە ئاساییە ئەوەش نەبینێ کە دەشێ و رێی تێدەچێ و لەوانەیە و گوێی ستەمکار کەڕ بێ ، بە دیموکراسیی و بە دەنگدان و بە هێزی نەرم کورد و کرمانجێکی دڵسۆز حوکمی هەوڵێری داهاتوو بکا و لە پایتەختی کوردستانەوە حوکمی هەموو کوردستانیش بگەشێنێتەوە .
ئەمە نە کوفرە، نە عەیبە و نە عاجباتی .ئەمە گەمەی دیموکراسیی و دەورانی مێژوو و ئازایەتی هەوڵێرییەکان و کوردستانییان دوا قسەی تیا دەکەن.
فەرهەنگەکە گۆڕاوە ، قەناعەتەکە جولاوە، زەمانەش رەسمی جارانی نەماوە.
هۆشداری لە کڕینی جۆرە دەرمانێک بۆ درێژکردنی باڵا دەدرێت
پێت هۆشداری لە کڕینی جۆرە دەرمانێک بۆ درێژکردنی باڵا دەدرێت
ئێران و بەرنامە ئەتۆمییەکەی؛ ڕێکخستنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای جەنگی غەززە
دوات ئێران و بەرنامە ئەتۆمییەکەی؛ ڕێکخستنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای جەنگی غەززە
پەیوەندیدار