توركیا لە دیمەشقەوە بۆ ئیدلب



 

توركیا وەك نیشاندانی پشتیوانی ڕۆژی سێشەممە، میوانداری سەركردەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریای كرد، پاش ئەوەی بەهۆی هەنگاوەكانی توركیا بۆ پەرەپێدانی پێوەندییەكانی لەگەڵ دیمەشقدا نیگەرانیان لەلا دروست بوو.

مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا لە تویتێكدا وێنەی دیدارەكەی لە ئەنقەرە لەگەڵ مەحمود ئەلمەسلەت سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتمانیی سووریای ئۆپۆزسیۆن و سەركردەكانی دیكەدا بڵاوكردەوە.ئەم كۆبوونەوەیە پاش كەمتر لە هەفتەیەكە لە كۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری توركیا و سووریا و ڕووسیا لە مۆسكۆ كە یەكەم كۆبوونەوەی لەو جۆرە بوو لەوەتای ساڵی 2011وە.

چاوشئۆغڵو بە ئاماژەدان بە داواكارییەكەی ساڵی 2015 ی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ئاگربەست و چارەسەری سیاسی ڕایگەیاند “ئێمە بە پێی بڕیارنامەی 2254ی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان پشتیوانی خۆمان بۆ ئۆپۆزسیۆن و گەلی سووریا دووپاتكردەوە.”

ئانكەرە بوو بە دوژمنێكی سەرسەختی دیمەشق كاتێك لە سەرەتای شەڕی ناوخۆی سووریا لە 12 ساڵ لەمەوبەرەوە دەستیكرد بە پشتگیری كردنی هەوڵەكانی سەرهەڵداوان بۆ ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەلئەسەد.

سەرۆكی توركیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان كە لە ساڵی 2017 ئەسەدی بە ” تیرۆرست” ناودێركرد، ئێستا كراوەیە بۆ بیرۆكەی كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆكی سووریادا.

ئەردۆغان پێشنیاری كردووە كە گفتوگۆكانی نێوان وەزیرانی بەرگری، كۆبونەوەی وەزیرانی دەرەوەی بەدوادا بكرێت كە بتوانرێت ڕێگە خۆشبكات بۆ شیانی كۆبوونەوی لوتكەی سەرۆكەكان.

چاوشئۆغڵو ڕایگەیاند چاوەڕوان دەكات لە كاتێكی دوو هەفتەی كۆتایی مانگی یەك دا لە مۆسكۆ لەگەڵ فەیسەڵ مقداد، هاشانە سووریاییەكەیدا كۆببێتەوە.

ڕژێمەكەی ئەسەد وا دەردەكەوێت گەرموگوڕ نەبێت لەگەڵ ئەو هەوڵانەی ئەردۆغاندا.

هەندێك لە شیكەرەوان لەو بڕوایەدان ئەسەد ئامادە نابێت پێش هەڵبژاردنەكانی توركیا، كە بڕیارە مانگی شەش ئەنجام بدرێت، لەگەڵ ئەدۆغاندا كۆببێتەوە.

هەوڵەكانی ئەردۆغان بۆ ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ ئەسەد دوای بانگەوازەكانی پارتی سەرەكی ئۆپۆزسیۆنی توركیا بوو بۆ ئەوەی ئانكەرە هێزەكانی لە سووریا بكێشێتەوە و ڕێككەوتنی ئاشتی لەگەڵ دیمەشقدا ئەنجام بدات.

مشتومڕەكان لەسەر ڕێككەوتن لەگەڵ ڕژێمەكەی ئەسەد، سەركردە و لایەنگرانی ئۆپۆزسیۆنی سووریای تووشی شۆك كرد، كە زۆربەیان لە ژێر كۆنترۆڵی ناڕاستەوخۆی ئەنقەرەدان.

كۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری ڕووسیا، توركیا و وسوریا لە مۆسكۆ، بووە هۆی نیگەرانی لە واشنتۆنیش بەڵام لە مۆسكۆ پشتیوانییەكی بەهێزی لێكرا كە پشتیوانی سەربازی سەرەكی ئەسەدە.

لەلایەكی دیكەوە لە ناوچەكانی بن دەستی ئۆپۆزسیۆن و گرووپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا لە باكووری سووریا بەتایبەت پارێزگەی ئیدلب ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان دژی هەوڵەكانی توركیا بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ ئەسەد بەردەوامە.
سەرچاوە/voa

بانكی ناوەندی دۆلار ناخاتەبازاڕەوە
پێشت بانكی ناوەندی دۆلار ناخاتەبازاڕەوە
نرخی دۆلار بەرزبووەوە
دواتر نرخی دۆلار بەرزبووەوە
ەیوەندیدار