ئەردۆغان و ئەسەد لە بەغدا کۆدەبنەوە



چاوەڕوان دەکرێت پێش هەڵبژاردنەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، سەرۆکی تورکیا و سووریا بۆ دانوستان لەسەر چۆنێتی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان لە بەغدا کۆببنەوە.

ئەم زانیارییانە لەلایەن ڕۆژنامەی “وەتەن”ی سووری بڵاوکرایەوە کە بە یەکێک لە ڕۆژنامە نزیکەکانی ناوەندی بڕیاری لە دیمەشق دادەنرێت و ئەوەی خستەڕوو کە بەمنزیکانە بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا لە بەغدا کۆدەبنەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، ڕۆژنامەی “جەریدە”ی کوێتی بڵاویکردەوە، کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکە لەلایەن ڕووسیا، چین، ئێران و وڵاتانی عەرەبییەوە پشتیوانی دەکرێت.

لە لایەکی دیکەشەوە ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە کە سەرباری هەوڵەکانی مۆسکۆ بۆ نزیککردنەوەی دیمەشق و ئەنقەرە، بەڵام هێشتا پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا ئاڵۆزن.

پێشتریش چەند هەوڵێکی هاوشێوەی ڕووسی و ئێرانی هەبوون، بەڵام سەرجەمیان شکستیان هێنا، بۆیە ئەمجارە مۆسکۆ نایەوێت هەوڵەکەی بەغداش هەمان چارەنووسی ئەوانەی پێش خۆی هەبێت.

سەرچاوەکانی هەواڵ بڵاویانکردوە کە تورکیا دەیەوێت کۆبوونەوەکە دووقۆڵی و دوور لە چاوی میدیا بێت، بۆ ئەوەی لەسەر هەموو وردەکارییەکان لەگەڵ لایەنی سووریا گفتوگۆ بکەن.

ئەم هەنگاوەش لەکاتێکدایە کە خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەکات کە تورکیا بە توندی دژی ئەنجامدانی وەستاوەتەوە و ناوبەناویش هەڕەشەی هێرشی سەربازی دەکات بۆ ڕێگرتن لە هەڵبژاردنەکە.

نرخی دۆلار بەرزبووەوە
پێشت نرخی دۆلار بەرزبووەوە
کارتی نیشتمانیی دەگۆڕدرێت
دواتر کارتی نیشتمانیی دەگۆڕدرێت
ەیوەندیدار