كچە شاخەوانێكی كورد دەگاتە یەكێك لە چیا بەرزەكانی زنجیرەی هیمالایا



كچە شاخەوانێكی خەڵكی باشووری كوردستان و دانیشتووی سوید دوای گەشتێكی درێژ توانی بگاتە یەکێک لە لوتکە بەرزە شەش ھەزارییەکانی زنجیرە چیای ھیمالایا لە وڵاتی نیپاڵ، كە لوتکە چیای “ئایلەند پێیک- Island peak”ە.

سۆما بانیخێڵانی، دەڵێت، حەزی لە گەشت و گەڕان و وەرزشی ناو سروشتە. شاخەوانییش یەکێکە لە حەزە ھەمیشەییەکانی و ساڵانێکە ھاتووەتە ناو ئەو بوارەوە و ئەزموونی شاخەوانی و شاخڕەوی، ھەروەھا گەشت و گەڕانی ناو سروشتی لە سوید ھەیە و بەردەوام وەرزش دەکات.

دەربارەی سەركەوتنە سەر ئەو لوتكە چیایەش وتی، “ئەو سەرکەوتنە، بۆمن وانە و ئەزموونێکی گرانبەھا بوو کە لە شاخەوانییەوە فێری بووم و وەرمگرت. شاخەوانیی توانایەکی جەستەیی و دەروونی زۆری دەوێت، ئەو توانایەش لەناخی خۆتدایە و پێویستە پەرەیپێبدەیت و بیدۆزیتەوە”.

لوتکەی ئایلەند پێیک، شەش هەزار و 165 مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە، کەوتووەتە سنووری ناشناڵ پارکی “ساگارماتا” لە ناوچەکانی زنجیرە چیای ھیمالایا لە رۆژھەڵاتی وڵاتی نیپاڵ.

چیاكە بە تولە رێگای دوور و درێژ و ھەوراز و نشێوی سەخت و ئەستەم، ھەروەھا بوونی درزی بەفر و سەھۆڵی قووڵ و بێ بن، لەگەڵ تاڤگەی سەھۆڵینی بەرز ناسراوە کە لەسەر رێگای گەیشتن بە لوتکە، شاخەوانان پێویستە ئەو سەختییانە تێپەڕێنن.

سۆما لەئێستادا بیرلەوە دەکاتەوە گەشتی دیکە بۆ چیا بەرزەکانی دیکەی زنجیرە چیای ھیمالایا ئەنجام بدات و دەڵێت:”ئەگەرچی مەترسییەکانی ئەو جۆرە گەشتانە زۆر زۆرن و کاتی زۆر و تێچوویەکی ماددی زۆری دەوێت، بەڵام ھەمیشە کار لەسەر بەدیھێنانی ئەو خەونانە دەکات”.

عێراق ھاوردەکردنی بەنزینی بۆ نیوە دابەزاندووە
پێشت عێراق ھاوردەکردنی بەنزینی بۆ نیوە دابەزاندووە
قائیمقامیەتی سلێمانی: لە جەژندا چاودێری چێشتخانە و ریستۆرانت و شوێنە گەشتیارییەکان دەکەین
دواتر قائیمقامیەتی سلێمانی: لە جەژندا چاودێری چێشتخانە و ریستۆرانت و شوێنە گەشتیارییەکان دەکەین
ەیوەندیدار