خانەقای بیارە، پارێزەری کەلتووری کوردی



خانەقای بیارەی شەریفە تەنها ناوەندێکی پەروەردەیی ئاینی نییە، بەڵکو وەک ناوەندێکی پاراستنی کەلتوور و نەریتی کوردی کاردەکات، فەقێییەکان هەمیشە جلی کوردی دەپۆشن.

فەقێییەکان وەک ئەوەی لەسەر تەختی شانۆییەک بن و نمایشی جلی ڕەسەن و نەریتە جوانەکانی کورد بکەن، بە گەشتیاران و هاووڵاتیان بڵێن، ئەوەتا ئەمە جوانی و باڵایی کەلتووری کوردییە.

هێشتا لێرە دیمەنی خوێندن وەک سەدەی ڕابردووە، دیمەنەکان تەواو کوردانەن، کڵاو و جامانە و جلە کوردییەکانی مامۆستایان و فێرخوازان لە هەر کەسێکی دیکە جیایان دەکاتەوە.

سیراجەدین حەکیم، لە گوندی قەڵانچۆغانی ناوچەی بەرانەتی لە شارۆچکەی بەحرکەوە هاتووەتە خانەقای بیارەی شەریفە، ئەو دەڵێت پێشتر پانتۆڵ و کراس و جلوبەرگی سەردەمی لەبەرکردووە، بەڵام لەگەڵ بوونە فەقێ ئیتر هەمیشە جلوبەرگی کوردی لەبەردەکات.

“تەنها فەقێییە کە جلوبەرگی کوردی وەک خۆی لەبەردەکات”، لە دیدی سیراجەدینەوە جلوبەرگی کوردی جگە لە کەلتوورییەکەی، جوان و پانە، ئەمەش وادەکات بۆ هەڵسوکەوت و کاروبارەکانی ڕۆژ گونجاوبێت.

عومەر سامانی ١٣ ساڵان، ماوەی دوو ساڵە لە خانەقاکە دەخوێنێت، خێزانەکەی لە شارۆچکەی دەربەندیخان دەژین، ئەو هەر لە سەرەتاکانی تەمەنییەوە جگە لە حەزی بۆ فێربوونی زانستە ئاینییەکان، حەزی لە جلوبەرگی کوردی بووە و زۆرجار پۆشیویەتی، کاتێک بۆ خوێندن هاتووەتە بیارە ئیتر هەمیشە جلی کوردی لەبەردەکات و کڵاو و جامانە دەبەستێت.

جیا لە کەلتووری پۆشینی جلی کوردی، یەکێک لە نەریتە جوانەکانی خانەقای بیارە هەستانی خوێندکارە لەکاتی هاتنی مامۆستاکەی، ئەمەش وەک ڕێزێک بۆ تەمەن و ئەو کاتەی لە پێدانی زانستدا بۆ خوێندکارەکە تەرخانی دەکات.

فەقێ عومەر: دەبێت ڕێز لە مامۆستاکەت بگریت، چونکە کات بۆ تۆ تەرخاندەکات و زانستەکانت فێردەکات، بۆیە کە دێت دەبێت لەبەری هەستیت”.

ئێرە خانەقای بیارەی شەریفەیە، هەمووان تەنها بە ناوەندێکی ئاینی دەیبینن، بەڵام لەبری هەموو کوردان بێدەنگانە ئەرکی پارێزگاریکردن لە کەلتوور و نەریتە جوانەکانی کوردی گرتووەتەئەستۆ.

خانەقای بیارە بەر لە  ١٣٥ ساڵ لەلایەن شێخ عومەر سیراجەدینەوە لەناوجەرگەی سروشتی دروستکراوە، ناوەندێکی گرنگی ئاینیە، بە ئەزهەری کوردستان دادەنرێت، لەگەڵ ئەوەشدا گرنگییەکی تەواو بە کولتووری و بۆنە نەتەوەییەکانی کورد دەدرێت، مەرجە هەموو فەقێییەکانیش جلوبەرگی کوردی و کڵاو و جامانە بپۆشن.

فاخر حوسێن شەقڵاوەیی، سەرپەرشتیار و مامۆستای خانەقاکە، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، پاراستنی کەلتوور و نەریتە جوانەکانی کۆمەڵگای کوردی چاکە نییە، بەڵکو بە ئەرک دەیبینێت کە دەبێت جێبەجێیبکەن.

“ئێمە کە باسی کوردایەتی و نەتەوەپەرستی دەکەین، واهەستدەکەم کارێکی چاکە ناکەین، بەڵکو بە ئەرکی سەر شانی خۆمانی دەزانین”

بیارەی شەریفە وەک گەردانەی زێڕینە، دەیان گەوهەر و پڵپڵەی زیوینی لەخۆگرتووە، مزگەوت، چێشتخانە، کتێبخانە، مۆزەخانە، شوێنی مانەوەی فەقێییەکان.

خانەقا بیارە پلانی نوێ بوونەوەی داڕشتووە، بەپێی وتەکانی مامۆستا فاخر، ئێستا لە هەوڵدان تا وانەی ئینگلیزی و کۆمپیوتەر لە پڕۆگرامەکانیاندا زیادبکەن، هەوڵدەدەن تا خانەقاکە فراوان بکەن و بەشێکیش بۆ کچان تەرخانبکەن.

عێراق بەڵێنێك بە كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێم دەدات
پێشت عێراق بەڵێنێك بە كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێم دەدات
بەرپرسی باڵای وڵاتێک  فڕۆکەکەی وندەبێت، بە مردووی دەدۆزرێتەوە
دواتر بەرپرسی باڵای وڵاتێک فڕۆکەکەی وندەبێت، بە مردووی دەدۆزرێتەوە
پەیوەندیدار