کاتی ئەوە نەهاتووە کە ناوە تورکی و عەرەبیەکانی شوێنەکانی باشوور بگۆڕین؟



سۆران حەمەڕەش – نووسەر

هیچ نەتەوەیەک هێندەی کورد داگیرکاری کاری لەسەر نەکردووە، گەر سەیری نیشانە گشتییە کۆمەڵایەتییەکانی تاکی کورد بکەیت ئەوا هەموو خەسڵەتەکانی نەتەوەی داگیرکراوی تێدادەردەکەوێت.

مرۆڤی کورد ڕقی لە زۆر ڕووی کلتورەکەییەتی و گاڵتەی پێدەکات، هونەر و مۆسیقای نەتەوە باڵادەستەکە بە هونەری باڵا دادەنێت، زۆرجار ئەو کاتە لایەنێکی فەرهەنگی، شوێنەواری و مێژوویی لا گرنگ دەبێت کە نەتەوە باڵادەستەکان ئاماژەی پێبدەن، ئەو خۆی ناتوانێت بەئازادی شتەکانی خۆی لا گرنگبێت، زۆرجار ئەو گۆرانیانەی خۆی لا پەسەنددەبێت کە بێگانەیەک بیڵێتەوە، بۆ ئەو کۆمەڵناسانەی کە لە بواری داگیرکاریدا کاردەکەن، نەتەوەی کورد هەموو نیشانەکانی نەتەوەی داگیرکراوی بە زیادەوە تێدایە.

دیارە ئەمە دیاردەیەکی دەرکپێکراوە و چەندین لێکۆڵینەوەی لە ئاستی جیهاندا لەسەر هەیە، کەسی کورد هەیە کە خۆی بە ئەکادیمی دادەنێت، کاری زانستی لێکۆڵەری کورد بەگاڵتەجار دادەنێت، کەچی هی ئەوروپیەکان بە زانست، لەکاتێکدا ئەوەی کوردەکەی نەخوێندۆتەوە و ناشزانێت چی گوتووە، بەڵام ئەو لەبەر ئەوەی کە هزرداگیرکراوە، ناتوانێت لەو کۆتە ڕزگاری ببێت و ئازادانە و زانستیانە بیربکاتەوە و بڕیار بدات.

لە سەد ساڵی ڕابردوودا، یەک ئەکادیمی کورد نەیتوانی قسەیەک لەسەر ڕەتکردنەوەی ئاری بوونی کورد بکات، لەبەر ئەوەی کە ئەوروپییەکان پێیان ڕاستبوو، ئەکادیمیەکی کورد هەتاوەکو ئەمڕۆ نەیتوانیوە پێچەوانەی تیۆری ئاری لێکۆڵینەوەیەکی هەبێت، لەکاتێکدا کە تیۆری ئاری گەورەترین گاڵتەجاڕی مێژووی مرۆڤایەتییە.

خۆشبەختانە چەندین لێکۆڵەری بێگانەش لەم چەند ساڵانەی دواییدا ئەو ڕاستیەیان خستۆتە ڕوو و لە دوو پەرتووکەکەی مندا بە تەواوی هەڵوەشێنراوەتەوە، واتە داگیرکاری، جیهانی ئەکادیمیشی بە شێوەیەکی ئاشکرا گرتۆتەوە، سەدان نموونەی هاوشێوە هەن.

بۆ چارەسەری ئەم دەردە قوڵەی کە کاریگەری لەسەر هەموو بوارەکانی ژیانی تاکی کورد بەجێهشێتووە، دەبوو کورد لە باشوردا دەزگایەکی هەبووایە کە لێکۆڵینەوەی لەسەر کاریگەریەکانی داگیرکاری بکردایە، ئەوەش بەئامانجی دانانی ڕێکاری ستراتیژی گونجاو بۆ هەڵوەشاندنەوەی کاریگەریەکانی.

یەکێک لە هۆکارەکانی ئەو هەلومەرجەی ئەمڕۆ باشووری تێدایە، ناهۆشیارییە بەقوڵایی کاریگەری داگیرکاری.

داگیرکەر لە زۆر ڕووەوە کاردەکات، ئەوەش لەبەرئەوەی کە ئەو دێتە سەر خاكێكی بێگانە و کولتورێکی نوێ، بۆ ئەوەی لەو ژینگە نوێیەدا جێی خۆی جێگیربکات، کۆمەڵێک میکانیزم دادەڕێژێت، یەکێک لەو نەتەوانەی کە لەم بوارەدا بێ وچان کاردەکەن، تورکەکانە.

عەرەب و فارسیش بە هەمان شێوە ئەوەدەکەن، بەڵام تورک نەتەوەیەک بووە کە لە ناوچەیەکی زۆر دوورەوە هاتووە و لە بنەچەدا نەتەوەیەکی زۆر کێوی و شەڕکەر بوون و تەواو نامۆ بوون بە ناوچەکە، لەبەر ئەوە ئەو هەوڵانە لای ئەوان، زۆر توندترن، بۆیە دەبینیت لەناو بەشێک لەو هەوڵانەیاندا، یەکسەر کە هاتوونەتە بەشەکانی کوردستان، بۆ پتەوکردنی داگیرکاری، هەموو ناوی شوێنەکانیان کردۆتە تورکی.

بۆیە باکوری کوردستان، ئێستاکە ناوی کوردی تێدا نەماوە، تەنانەت ئەوەیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش کردووە، چەندین ناو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەمڕۆ تورکییە، لەکاتێکدا کە ئەوان لەوێ وەک دەوڵەت دەسەڵاتیان نییە، سەرەڕای ئەوە، باشوریش کە ڕاستەوخۆ لەژێر دەستیاندانییە، هێشتا بەشێکی زۆری ناوەکان بەو جۆرە ماون.

ڕۆژێکیان لەگەڵ کەسێکی هەشتا ساڵانی شارۆچکەی قەرەداخ (زەردی ئاوا) دا دانیشتبووم، گووتی منداڵ بووم لەسەر باخ لە دەرەوەی قەرەداخ کارم دەکرد، پیاوێکی گەرمیانی بەپێ بەرەو قەرەداخ دەهات، پرسیاری کرد “کوڕم زەردیاوا زۆری ماوە؟” گووتی کە کابرای گەرمیانی سەیری ڕوخساری منی کرد و بینی پرسیارەکەیم لا سەیر بوو، زەردیاوای گۆڕی بە قەرەداخ، واتە گۆڕانی زۆر لە ناوەکان تا سەرەتای سەدەی بیستەمیش جێی خۆی نەگرتبوو. بەڵام لەگەڵ تۆمارکردنی شوێن و بنیاتنانی دەوڵەتی نەتەوەیی کە کوردی لێدەرکرا، شەرعیەت بەم ناوە داگیرکاریانە درا و بوون بەڕاستی.

من سەرچاوەی ئەوروپییم هەیە لە ساڵی هەشت سەدەکاندا نووسراوە، ناوی قەرەداخ ناهێنێت و هەر پێی دەڵێت زەردی ئاوا، لەبەر ئەوەی کە لە هەشت سەدەکاندا ناوی قەرەداخ هێشتا لای کورد بەکارنەدەهات.

ئەمڕۆ لە باشور چەندین گوند و شارۆچکە ناوی داگیرکاری قزلەر، قزڵجە، قازانقایە، ئاغجەلەر، قەرەتۆغان، یاڵان قۆز، قزقاپان، قەرەداخ، قەرە هەنجیر و چەندین ناوی تری تورکیان هەیە.

ئەوەی مایەی سەرنجە، ئەو کاتەی کە مێجەر سۆنی ڕەچەڵەک ئینگلیز، حاکمی داگیرکەری ناوچەی سلێمانی بووە، لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا نامەی ناردووە بۆ بەغدا، ئەو داوای کردووە کە نابێت لە نامەکانیاندا ناوی (سلیمانیة) بنووسن و دەبێت بیکەنە (سلێمانی).

کەچی لە دوای ڕووخانی ڕژێم و دوای نزیکی سەد ساڵ لە نامەکەی حاکمێکی داگیرکەر، کورد نەیانتوانی ناوی سلێمانی، ئاکرێ، ئامێدی، هەڵەبجە کە ئەمڕۆ (عقرة، عمادیة، حلبجة) ن و چەندین ناوی تر لە بەڵگەنامە فەرمییەکانی عێراقدا بکەن بە کوردی و ناوە کوردیەکانی تر بسەپێنن، ئەمە ئاستی ناهۆشیاری ئێمەی کورد لە باشور نیشاندەدات بەرامبەر ئەو داگیرکاریەی کە لە ناوە کوردیەکاندا کراوە.

بەڕاستی چیتر نابێت ئەمە قبوڵبکرێت، ئەوە ناهۆشیاری و نائاگایی ئێمەیە کە ئەم ناوانەی لەگەڵ داگیرکاری کوردستاندا هێنراونەتە ناوچەکە، هەتاوەکو ئەمڕۆ بەردەوامن، بەردەوامی دان بەو ناوانە، شەرعیەت دانە باڵادەستی داگیرکەر و فەرهەنگەکەی، لابردنیشی، نیشانەی هۆشیاری و خاوەندارێتییە لە خاک و فەرهەنگ و وڵات.

لەبەر خەمساردی چینی سیاسی کورد و سەرقاڵیان بە بابەتی ترەوە کە هەموومان لێی بەئاگاین، بەبۆچوونی من خەڵکی ئەو گوند و شارۆچکانە دەبێت دەستپێشخەر بن، دەبێت ئەوان داوابکەن کە ناوی گوندەکانیان بکەنەوە بە ناوە بنەچەییە کوردیەکەی خۆی، گەر ئەو ناوە لە تۆمار و یادەوەریدا نەمابن، با ناوێکی کوردی نوێ بۆ گوندەکانیان دابنێن.

شەرمە گەر ڕێکارەکان بە زووترین کات دەستپێنەکرێن، تکایە لە ناوی گوندەکەی خۆتەوە دەستپێبکە و چاوەڕوانی سیاسیەکان مەکەن، تۆ ببە بە پێشرەوی گۆڕانکاریەکی گرنگ و کاریگەر، ئەو گوند و شارۆچکەیە ئێوە خاوەنین!.

 

 

 

هۆگریی بەتانی چییە؟
پێشت هۆگریی بەتانی چییە؟
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کەی دەکرێت؟
دواتر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کەی دەکرێت؟
پەیوەندیدار